$ئایا شتێکی باشە گەنج کۆچ بکات؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بەیەک وشە بەڵێ باشترین بژاردە بۆ گەنج ئەمڕۆ کۆچە، گەنج خاوەنی وزەیەکی زۆرە ئەم وزەیەش دەبێت لە شوێنێکدا خاڵی بکرێتەوە، فیزیا پێمان دەڵێت وزە لەناونابرێت کەواتە دەبێت بەهەر کلۆجێک بووە بەکار بهێندرێت.
وزە کاتێک بەکار دێت کە ڕێکخراو ئاڕاستەکراو بێت بۆ مەرام و مەبەستێک. گەر وزە هەڕەمەکی و لابەلا و عەشوائیی بوو ئەوا جگە لە کائۆس و ئاژاوە و وێرانە زیاتر بەرهەم ناهێنێت. ئەمشەو هەواڵی کۆچی حەفتا گەنج لە شارۆچکەیەکی پەنجاهەزار کەسیی وەک سەید سادق بە پۆل بڵاو کرایەوە. ئەم باسە حکومەتی لەخەوی غەفڵەت ڕانەچڵەکاند بەڵام خەڵکی هێناوەتە قسە و هەندێ هاوڕێ دەنووسن گوایە گەنجان وزەی نیشتمانیین نابێ کۆچ بکەن، بێخەبەر لەوەی ئەم وزەیە وزەیەکی ناڕێکخراو و هەمەجییە، شیمانەی ڕوخاندنی زۆر لە بیناکردن تێدا زیاترە. چونکی خاوەنی وزەکە هۆشیاریی تەواوی بە کاریگەریی وزەکەی ناخی نییە، نە دەزانێت دەبێت چۆن ئاڕاستەی بکات نە دەشتوانێت کۆنترۆڵ و خەفەی بکات، بۆیە تاو نا تاوێک خۆی لە سووتاندنی بارەگا و باڵەخانەی بەرپرسان و حیزبەکاندا دەردەخات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت چەند دەیەیەک پێش ئێستا لە وڵاتێکی دەراوسێی وەک تورکیا گوزەراوە و ئێستاش ئەووڵاتە هەمان سوڕی ژیان دووباە دەکاتەوە. کۆچی گەنجانی کورد هەمان کۆچی بەکۆمەڵکی تورکەکان لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدی ڕابردوو بۆ ئەڵمانیا بەبیر دەهێنێتەوە. ئەم کۆچە بەڕادەیەک زۆر و بەلێشاو بوو تورکەکان زیاد لە پێنج بۆ حەوتی لەسەدی دانیشتووانی ئەڵمانی پێک دەهێنن و ئەمڕۆ زیاتر لە حەوت ملیۆن تورک لە ئەڵمانیا دەژیین. کۆچ هەمان ئەو کۆچەیە.
یەکێک لە سیما هەرە بەجەستەکانی پیشەسازیی نیشتمان و نیشتمانسازیی دابینکردنی لانی کەمی عەدالەتە لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی میللی، دەسەڵاتی سیاسیی و مەعریفە بۆ هەموان و ئاڕاستەکردنی وزەی گەنج بۆ مەرام و مەبەستێکی دیارییکراو کە خۆی دڵی پێی خۆش بێت، ئەم جۆرە لە جوڵە دەشێت تووندی شەپۆلی کۆچ کەمتر بکاتەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا دەتوانێت ڕێگر بێت لەم کۆچە، ئەوسا کاربەدەستان دەتوانن بێمنەت بن و لە پانێڵێکدا موتەکەبیرانە بەخەڵک بڵێن نیشتمانیی بن.
لە دیمانەیەکدا جێگری سەرۆکی هەرێم شێخ جەعفەر شێخ مستەفا قسەیەکی زۆر دەقیق و ڕاستی کرد و وتی ئەوەی بەعس و سەدام پێینەکرا ئێمە کردمان. بەڕای من ئەم قسەیە دەقیقترین قسەیەکە کە بەرپرسێک لە بەرپرسیارێتییەکی وا گەورەدا توانیوێتی و جورئەتی ئەوەی هەبووە بیکات. ئەوەی بەعس پێینەکرا و ئەمان کردیان بە عەشواییکردنی ئەو وزەیە بووە کە لە گەنجدا هەیە. سیاسەتەکانی مفتەخۆریی، بندیواریی، چەکداریی، ماستاوچێتیی، باخەوانیی ماڵە بەرپرس، تەمبەڵیی و قونقورسیی بۆ کار ئەو چەکە مەترسیدارەبوو حیزبی کوردیی بۆ بەردەوامییدان بە خۆدەوڵەمەندکردن وئیدامەدان بە فەشەل و دروێنەکردنی نائومێدیی بێ پەروایانە دەستی بۆبرد و وا ئێستا خۆشی لە دەرەقەتی نایەت و دوور نییە ئەم کەلاوە پڕ وزەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەسەر خۆشیدا نەڕوخێت و بە یەکجاریی لەسەر نەخشەی سیاسیی ئەو دەسەڵاتەی زلهێزەکان لە 92 دا وەک قومارێک بۆیان درووستکرد نەسڕێتەوە.
وزە هەر وزەیە جا چ وزەی ئەتۆم و بۆمبی هایدرۆجینیی بێت یا وزەی گەنج، گەر بە وریایی و ئاگایی زۆرەوە لێی نەڕواندرێت، لەبری کارەبا و سوودی پزیشکیی کارەساتی وەک چێرنۆبێڵ و فۆکۆچیما درووستدەکات.
ئەمڕۆ کوردستان لە بەردەم کۆچێکی چاوڕوانکراوی ئەم وزەیەدا خۆی دەبینێتەوە، دەسەڵات لەوەدا زۆر چانسی هەیە کە ئەم وزەیە سەلامەتترین و بێوەیترین ڕێگای هەڵبژاردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی ئەویش کۆچە، هەر ئەم وزەیە لەبری هەڵبژاردنی ڕێگای هات و نەهات و مەرگ دەتوانێت ژیانە شاهانەو ئەرسۆکراتییەکانی ئەوان بکاتە ئامانج و لانی کەم نەهێڵێت خەوی ئیستراحەت بچێتە چاویان، بەڵام نایکات، ئەمە گەورەترین پرسیار و موعەمایە بۆ من! بۆچی گەنجێک ئامادەیە قرش و ئیجە بیخۆن، لە برسا لە بیلاڕوس و وارشاو بمرێت بەڵام ئامادە نییە داوای ژیان و کارێکی شایستە لە دەسەڵاتکەی خۆی بکات.
$چارەسەر چییە؟$
شاعیرێکی عەرەب دەڵێت گەر هەزار کەس بینا بکەن و یەکێک لە دوایانەوە بڕوخێنێت بەسە بۆ ئەوەی ئەو بینایە هەرگیز تەواو نەبێت، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم بینایەکداین تەنیا یەک کەس بینا دەکات و هەزار کەس دەڕووخێنێت.
متی یبلغ البنیان یوما تمامە//اذا کنت تبنیه وغیرک یهدم
فلوکان الف بان خلفهم هادم کفی//فکیف ببان خلفە الف هادم
بەداخەوە دۆخی کوردستان ئەمڕۆ هەمووی هەر تێکدانە و کەس بینا ناکات، سیاسییەکانیشی هەر خەریکی پانێڵ و مێزگرد و کۆبوونەوە و سیمینار و دیداری هۆتێلە گرانبەهاکانن. هەمان دەمووچاوەکان لە هەمان دیدارەکان بەڵام لە هۆتێل و هۆڵی کۆبوونەوەی ڕاقیی و جیاواز هەمان قسەی سی ساڵ بەر لە ئێستا دەکەنەوە: گەنجان دەبێت وڵاتی خۆیان خۆشبوێت و هەستی نیشتمانییان بەهێز بکەن. گەنج و وزەکەی نەک هەر تەشخەڵەی بەم قسانە دێت و وەک نوکتەیەکیش لێی ناڕوانێت، لەم قسانەوە هەست بە بێئاگایی و جیاوازی ژیان دەکات لەنێوان خۆی و بەرپرس و سیاسیی و ئاکادیمیسیانەکەیدا و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی وزەی ئەو گەنجە ئاگرێکی عەشوائیی وا بکاتەوە لە پێشبینی کەسدا نەبووبێت.
بە بڕوای من ئەمڕۆ نە پانێڵ و دیدار و سیمینار ناتوانن ئەم دۆخە چارەسەر بکەن. تەنانەت بڕوانامەش گرنگییەکی وای نییە و لە ڕاستییشدا نابێت هەیبێت، ئەوەی گرنگە و دەبێت هەم سیاسیی و هەم حکومەت و هەم دەسەڵات بیری لێبکەنەوە پیشەو پیشەیی بوونی گەنج و وزەکەیەتی. هەتا وزەی گەنج ئاڕاستەی پیشەیەک نەک بڕوانامەیەک نەکرێت لەم قوڕە هەر ئەم تۆزە هەڵدەستێت.
ئێمە فریای قۆناخی پیشەسازیی نەکەوتین لێی دواکەوتین، بەدڵنیایی ناشتوانین فریای قۆناخی تەکنەلۆژیی و ئەی ئای بکەوین، بەڵام چەکە بەهێزەکەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی و پاراستنی سامانی ئاو هێشتا لە دەستماندایە و دەشێت لەو ڕێگایانەوە موعجیزەی هەستانەوە درووست بکەین.
هاوشانی ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ، ئاکتیڤکردنەوەی ئامادەییەکانی پیشەیی و پیشەسازیی بە تفاق و کەرەستەی نوێ و مۆدێرن و ستافی ئامادە و تێگەیشتوو لە دونیای نوێ بۆ بەرهەم هێنانی تەکنیشن و کەسانی پیشەیی پرۆفێشناڵ و پاشانیش سوودوەرگرتن لە خەیاڵ و بیرۆکەکانیان شا خوێنبەری هێشتنەوە و پێشخستنی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵن.
هەتا کارگەو میکانیک لە باڵەخانەی بەرز و یەکتر بڕو جادەی سەدی و سەدوپەنجایی بە گرنگتر نەزانرێن، ئەم دۆخە لەو باشتر نابێت. سی ساڵی ڕابردوو پارەی ئەم وڵاتە هەمووی درا بە پلاستیک و قیر و سەب و چیمەنتۆ و ئەلیکۆبۆن و کاشی و حەلانی مردوو و بێ ڕۆح. ئەمڕۆ درووستکردنی شوقەیەک یان خانوویەک نەک باڵەخانەیەک تەکلیفی درووستکردنی کارگەیەکی بچوک یان مامناوەندی هەیە، هەڵەخەرجیی و مەسرەفگەرایی و بێ پلانیی و هەژاریی گەورەترین نیشانەی دەردە سارییەکانی ئێمەن.
پێوەری نیشتمان بە باڵەخانەی بەرز و یەکتربڕی جاڵجاڵۆکەیی ناکرێت، ئەوەی نیشتمان دەکاتە موڵکی هەموان عەدالەتە، ئەوەشی عەدالەت دەپارێزێت کار و ژیانی شایستەی بێ بەرانبەرە بۆ هەموان. [1]