$دانا توانایە یا توانا دانایە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
گەر بمانەوێت بە یەک وشە وەسفی دونیای کۆن بکەین، ئەوا ئەو قسەیەی عەلائەدین سوجادیی کەلەسەر بەرگی پەڕتووکی مێژووی شۆڕشەکانی کورد نووسیوێتی و لە بنەڕەتدا هی فیردەوسییە بەسە بۆ ئەوەی وەسفی ئەو دونیا کۆنەی پێش مۆدێرنیتەمان بۆ بکات: دانا توانایە فیردەوسی دەڵێت توانا بود هرکە دانا بود. بەگشتی هێزی دونیایی نوێ خۆی لە دانایی و و حیکمەتدا دەبینییەوە، بەڵام لە دونیای نوێ و مۆدێرندا ئەم یاسایە تەواو قڵپ دەبێتەوە بۆ پێچەوانەکەی و دانانی لە هێزدایە توانا دانایە.
بەگشتی دونیای کۆن دونیایەکی حەقیقەت سەنتەر بوو، حەقیقەت سەنتەرییە لە دونیای تازەدا مەسەلەیەکی زۆر گرنگ نییە. بە پێچەوانەوە دونیای نوێ دونیایەکی تەواو هێز سەنتەرە. بە قەولی ڕیچارد ڕورتی لە دنیای نوێدا یاساکان هەمان حەرامەکانی دونیای کۆنن و حەرامەکانیشی هەمان یاساکانی دونیا کۆنەکەن.
هێز سەنتەریی دونیای نوێ تەواو جێی بە حەقیقەت سەنتەریی دونیا کۆنەکە لێژ کردووە و بوارێکی بۆ حەقیقەت سەنتەری نەهێشتۆتەوە.
تەماشا پێشتر زانایانی زانستە ئەزموونییەکان زۆربەیان ئەهلی کەشف و موشاهەدە و تەسەوفیش بوون. ویستوویانە لە حەقیقەتی ماددە و سرووشت تێبگەن لەبەر ئەوەی ئەو کەشفەیان بە حەقیقەت و پیرۆز زانیوە. تێگەیشتنی زانایەکی پێنجسەد ساڵ پێش ئێستا بۆ هەوا زۆر جیاوازە لەوەی زانایەکی پاش مۆدێرنیتە دەیەوێت لێی تێبگات. ئەوەی پێشتر ئەوەندەی بەسە لە ماهییەتی هەوا تێبگات، بەڵام ئەوەی دووەم هەوا دەباتە لابۆرێکەوە و بە قەولی نیتشە بێ ڕەحمانە هەڵی دەوەشێنێت بۆ گەردەسەرەتاییەکانی بۆ ئەوەی بتوانێت زاڵ ببێت بەسەریداو لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری بهنێت و وەک مەرکەبێک سواری ببێت.
کارەکانی هەریەک لە مایکڵ ئەنجیلۆ و ئیبن سینا وەک دوو ئایکۆنی گەورەی دونیای کۆن لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا سەبارەت بە پزیکشیی شتێکی زیاتر لەمە نییە، مامەڵە ئەوان لەگەڵ زانستی پزیشکییدا مامەڵەیەکی کەشفیی-شهودیی بووە بە پێچەوانەی زانستی پزیکشیی نوێ کە مامەڵەکەی مامەڵەیەکە لەسەر ئەساسی پارچەپارچەکردن و هێز و کۆنترۆڵکردن و ژێر ڕکێفخستن درووست بووە.
فرانسس بەیکن کە یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی بوونیادنانی تەعریفکردنەوەی زانستی نوێ دەڵێت: زانست کاری بەسەر تەعریف و پێناسەکردنەوە نەماوە، ئیدی زانست ئەو زانستە نییە کە بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێت، بەڵکوو زانست ئەمڕۆ بەهەموو هێزی بە شوێن هێزدا دەگەڕێت و دەیەوێت و بە تەواوی سرووشت بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. گەر لە ڕابردوودا زانست بە شوێن ئاشکراکردن و کەشفی سرووشتەوەبووبێت ئەوا لە دوای ڕێنیسانسەوە ئیدی زاست دەیەوێت سواری سرووشت بێت و وەک مەرکەبێک لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت.
بەیکن بە ڕاشکاوی دەڵێت ئیدی سەروکاریی مرۆ وەک پێشتر لەگەڵ حەقێقەت توندوتۆڵ نامێنێت، ئێمە دەبێ زانستێک دەستبخەین زاڵمان بکات بەسەر سرووستدا. ئەوەشی هەیە لە درووستبوونی ڕێکخراوە ژینگەیی و ژینگە پارێزەکان ئەمڕۆ لە جیهاندا، لە هەوڵێکی بێ هوودە زیاتر نییە، چونکە میتۆدی مامەڵەی مرۆڤ ئەمڕۆ لەگەڵ سرووشت وەک دوانەیەکی هاوبەش و لێکدانەبڕاو کارناکات، بەڵکوو بە قەولی بەیکن مامەڵەی مرۆڤی مۆدێرن ئەمڕۆ مامەڵەیەکی دوژمنکارانەیە لەگەڵ سرووشت بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانەوەی ئەلەمێنتەکانێتی لە سوودی خۆی.
ئەم میتۆدە ئەمڕۆ لە دینداریشدا دەبیندرێت، گەر دوێنی دینداریی هەموو غایەی خەیاڵەکەی ڕازیکردنی خودا بووبێ ئەوا ئەمڕۆ تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. دینی باش ئەمڕۆ و لە دونیای نوێدا ئەو دینیەیە ئینسان ڕازی بکات، پێداویستییە ڕۆحیی و مادییەکانی بۆ بەجێبهێنێت. دین لە دونیای کۆندا زیاتر ئەرک سەنتەر بوو، بە پێچەوانەوە ماف سەنتەریی لە دونیای نوێدا دەبێتە داواکارییەکی زۆر سەرەتایی لە دین. تەماشا مرۆڤێکی کۆن چۆن تەماشای خوای دەکرد! مرۆڤی کۆن بەردەوام بە شوێن بەجێهێنای ئەرکەکانییەوە بوو، چاوەڕێ بووە بزانێ خودا چی پێدەڵێت تا ئەم ئەنجامی بدات، لە دوای ڕێنیسانس و بە دیاریکراویش لە سەرەتای پۆستمۆدێرنیتەدا و بە درووستبوونی قەزییەی ماف، ئەرک پاشەکشەیەکی گەورە دەکات.شتێک نامێنێت بە ناوی ئەرک. لەبری بەجێهێنانی ئەرک دیندارەکان بەشوێن وەرگرتنی مافەکانیانەوەن لە خودا. دیندەرەکانی ئەمڕۆ پێچەوانەی دینداریی دونیای کۆن هێندەی بەشوێن مافەکانیانەوەن لەدین ئەوەندە عەوداڵی ئەرکەکانیان نین. تەماشای مۆتۆی الدین هول الحل بکە کەساناترین نموونەی ئەم گۆڕانە جەزرییەن.دین چارەسەرە، چارەسەر بۆچی؟ بۆ دەرد و نەخۆشی و ناڕێکییەکانی کۆمەڵگا. دوعاکان لە سەردەمێ نوێدا لە ڕاز و نیازەوە دەگۆڕدرێن بۆ ماف داواکاریی ڕزقی زۆر و شکاندنی دوژمن و چاککردنی گوزەران و مەعیشەت و سەرخستن و دایان داوکاری و ماف کە لەڕابردوودا کەمتر حزروویان هەبوو. [1]