ناونیشانی بابەت: هەیمەنەی هونەری کوردی؛ دەرفەتەکان و هەڕەشەکان
نووسەر: سەعید شیری
هونەری کوردی بەتایبەتی گۆرانی و هەڵپەڕکێ، ئەگەر نەڵێین ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەدا بۆ ئێمەی کورد گێڕاوە و دەگێڕێت، ئەوا دەکرێت بڵێین:
کایە و پانتایەکە کە بەشێکی سەرەکی و چارەنووسسازی ململانێی کەلتووری و شووناسمەندانەی ئێمە لەگەڵ هێزە کۆلۆنیالیستی و چەوسێنەرەکانی کوردستان تێیدا ڕوودەدات. لە حاڵێکدا گۆرانی و ئاوازی کوردی مێژوویەکی دوورودرێژ و کەونینەی هەیە، بەڵام ڕەنگە بەڕادەی پیویست ئیشی بابەتییانە و مێژوویی لەسەر نەکرا بێت یان هێندە ناوەندی بەرگریکار و خۆبەخاوەنزانی نەبێت کە سنوورەکانی لەگەڵ مۆسیقای تورکی و فارسی و عەرەبیدا بۆ جیا بکاتەوە. ئەگەرچی هەم یادەوەریی گشتیی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەم ڕیتم و ئاوازە فۆلکلۆر و کۆنە کوردییەکان تا ڕادەیەکی زۆر (هەڵبەت بۆ گۆرانیبێژەکان و پسپۆڕان بە تایبەتی و بەشێک لە گوێگرانی جیددی گۆرانی بەگشتی) دیارە و بە گوێ و هەست و نەست، هەستی پێدەکرێت، بەڵام وەکوو یادەوەریی گشتیی مێژووییمان، یادەوەریی مۆسیقاییشمان لەژێر مەترسی و باندۆری داپڵۆسێنەران و کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان دایە.
ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵی ئاکادیمی و زانستی لە قەوارەی پەڕتووک و نامیلکە بۆ ناساندنی تایبەتمەندییەکانی مۆسیقا و ئاوازی کوردی دراوه، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەوڵانە وەکوو ئەوە وان بە بەلەمێک خۆت بدەی لە ئۆقیانووسێک، ئۆقیانووسێک بەناوی ئاواز و مۆسیقا و گۆرانی کوردی، مۆسیقای کوردی نەک تەنیا پێویستی بە ناوەندێکی پسپۆڕانەی بەهێز و تۆکمە هەیە تاکوو ڕەسەنایەتی و هەر جۆرە داهێنانێک بەشێوەی هاوکات چاودێری بکات بەڵکوو دەبێ لێژنەیەکی هەڵسەنگاندنی وردەکارانەشی هەبێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ئاواز و گۆرانییانەی کە کاتێ ئێمە لە ناو شەڕ و شۆڕش و خوێن و ژێر گوولە و تۆپ و فڕۆکەدا بووین لەلایەن ئەویدییەکانی کورد واتە تورک و عەرەب و فارسەوە دزراون و بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان کردووەتەوە یان لانی کەم لە وڵاتێکی وەکوو ئێران بە ناوی فۆلکلۆری ئێرانی ناساندیان و لە ئاستی نێودەوڵەتیش و بە پشتیوانی و پشتگیریی هێزی سیاسی نرخ و متمانەیان بۆ خۆیان پەیدا کرد، نموونە زۆرن، بەڵام لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی ( حەمەڕەزا شەجەریان) بکەین کە بەشێک لە ئاوازەکانی ناوچەی #گەرمیان#ی بە ناوی خۆی و مۆسیقای ئێرانییەوە بڵاو کردووتەوە و (ئیرەج بەستامی) قوتابیی هەمان کەس چەندین ئاوازی کوردی خوێندووە وەکوو گۆرانی فارسی تۆماری کردووە ئەگەرچی لە یەکێکیاندا ئاماژەی کردووە کە ئەمە ئاوازێکی کوردییه ئەویش گۆرانی (افشاری مرکب) لە تەسنیفی (ئەی مەجلیسان) کە لە ساڵی 1989دا بڵاوی کردووەتەوە و لە ئاوازی گۆرانی (نازیلێ) ی عەلیمەردان وەرگیراوە. ئەم باسانە لە ڕاستیدا کاری پسپۆڕان و شارەزایان و تەنانەت ئەوانەیە کە مێژووی مۆسیقای کوردی دەزانن و ئێمە له و بوارەشدا زۆر هەژار و لاوازین، بەڵام من بە تێڕوانینێکی کۆمەڵناسانەوە وەکوو گوێگرێکی ئاسایی و خوێندکارێکی کۆمەڵناسی هەیمەنە و هەژموونی مۆسیقای کوردی لەسەر دووڕیانێکدا دەبینم. دووڕیانێک کە یەکیان هەڕەشە و توانەوەیە و ئەویتریان دەرفەت و زاڵبوون و سەرکەوتنە. ئەنجام و ئاسۆی ئەم ڕێگایەش هەر لەلایەن خودی کوردەوە دیاری دەکرێت، یانی دەتوانێت هەڕەشەکە لە پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەدا بگرێتە باوەش و ببێت بە قوربانی یان دەتوانێت لە ئەکت و کردەیەکی شووناسساز و بەرخۆدەرانەدا بەرگری لە ڕۆحی ڕەسەنی خۆی واتە هونەری مۆسیقای بکات.
لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی برەوپەیداکردن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆرانی کوردی و هەڵپەڕکێ لە ئاستێکی زۆر بەرین و بەربڵاودا لە ئێراندا بۆ خۆی بەردەنگ و بینەر و بیسەری بینییەوە، ئەگەر بڵێین مۆسیقای کوردی، باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە #ئیلام# و #کرماشان# و #لوڕستان#ی بووژاندەوە زێدەڕۆییمان نەکردووە، ئەم شارە گەورانە ئەگەرچی بە دەیان ساڵ ئاسیمیلاسیۆنیان وەکوو پڕۆژەیەکی سیستەماتیک لە خوێندنگە و بنەماڵە و ناو بازاڕ و…، بەسەردا سەپاوە بەڵام هەستی کپکراو و سەرکوتکراویان لە ڕێگەی ژێی مۆسیقای کوردی و دەنگی ڕەسەنی گۆرانیبێژە نەتەوەییەکان بووژایەوە و نا وشیارییان ختووکە دراو و ئارەزوویان بۆ نیشتمانی کەونارای کوردستان و جلوبەرگ و گۆرانی و هەڵپەڕکیی کوردی بە تووندی جووڵا و هاندرا. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە هەم هەڵپەڕکێ و هەم مۆسیقای کوردی لە ناو نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیشدا کاریگەریی داناوە و جۆرە ڕاکێشەری و ئێستاتیکا و هەیمەنە و هەژموونێیەکی هەیه، بەڵام ئەم دۆخە لە دوو قۆڵەوە مەترسی لەسەرە یەکەم هونەرمەندانی بازاڕی و میدیاتیکی کورد کە جگە بۆ ڕابوواردن و کاتبەسەربردن و مەشغوڵکردنی خەڵک ئامانجێکی هونەری و ئینسانی بەرز لە پشت گۆرانییەکانیانەوە نییە، ئەمانە ئەگەرچی گۆرانییە ڕەسەنەکانیش هەندێجار دەڵێنەوه، بەڵام هەر ئەوەش لە سیاق و فۆڕمێکدا دەڵێنەوە کە لە ئاستە بەرزە ڕەسەنەکەی هەڵیدەکەنن و تێکەڵ بە بازاڕیبوون و سەرلێشێواوی و بێمانایی و شێواندنی دەکەن، ئەمە بەدەر لەوەیە کە لە ڕووی شیعر و هەڵبەستەوە زۆربەی ئەم گۆرانیبێژانە هیچ هونەرێکیان نییە و تەنیا ئاوازەکان کوردین و تەنانەت هەندێکیان بە درووستی ئەو شتەش کە ناوی دەڵێن دەق یان شیعر گۆی ناکەن و ناتوانن دەریببڕن! ئەمە دۆخێکی درووستکردووە کە لەباتی گۆرانی مەجلیسی و ڕەسەن کە نموونەی وەکوو حەسەن زیرەک و مشکۆ و عارف جەزراوی و دەیانی دیکە مامۆستا و شارەزای بوون جۆرە شتێک بە ناوی شەڕەبەند و مونافەسه پەرەی سەندووە کە نەک تەنیا گۆرانی و هونەری کوردی بەڵکوو تەنانەت ئاکار و ڕەوشتی کۆمەڵگاش تێک دەدات، ئەم ڕەوت و پڕۆسەیە بەشێوەیەکی سیستەماتیک خەریکە سەلیقە و میزاجی گشتیی کۆمەڵگای کوردی دەشێوێنێت و زەنگی مەترسییەکی گەورەیە.
سەردەمێک عەلیمەردانی مەزن بە هەموو ناوچەکانی کوردستان و بە تایبەتی دەوروبەری #کەرکووک# و گەرمیاندا گەڕا و زۆرێک لە ئاواز و گۆرانییە فۆلکۆرییەکانی کۆ کردەوە و لە وتوێژێکدا دەڵێت ” ئەمانە بۆ شێرە کوڕانی داهاتووی نەتەوەکەمانن و سامانی گەورەن”، بەڵام لە گەعدەکاندا دەبینین هیچ هەواڵێک و باسێک له و شێرانە نییە و ئەوەی هەیه شێواندن و سووکایەتی و جنێودانه، ئەمە لایەن و قۆڵێکی مەترسییەکەیە، هەرچەند مۆسیقای سەرشەقام نەک بازاڕی و مۆسیقای حەفلە و مەجلیسیش نەک شەڕەبەند و شەڕەقسە ڕەنگە وەکوو پێویستییەکانی سەردەم و کۆمەڵگا بێنە ئەژمار و من نکووڵی لەوە ناکەم، بەڵام ئەم بێسەروبەرییەی کە میدیاکانیش هاوکار و پاڵپشتی سەرکییانن مەترسییەکی گەورەی لە ڕێگەی خودی کوردەوە بۆ سەر کورد درووست کردووە. لایەنی و قۆڵی دیکەی ئەم مەترسی و هەڕەشەیە کەلتووری ئێرانی و پان فارسیزمە. کورد و فارس بەهۆی هاوسنووری سەدان ساڵەیان و هەورەها هاوبەشی و لێکچوونی کەلتووری و زمانی لە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی پەیوەندیدا دەژیین هەڵبەت ئەمە بۆ فارس دەرفەتە چونکە ئەوان چەند سەد ساڵە دەوڵەت و دەسەڵاتیان هەیە و هەم دەسەڵاتیان و هەم بیرداڕێژ و سیاسی و زۆرینەی ڕۆشنبیرانیشیان لە پڕۆسەی نەتەوەسازییاندا لە هیچ ساختەکاری و دەستێوەردانێک سڵ ناکەنەوە بەڵام بۆ کورد مەترسییەکی کووشندەیە. هەر وەکوو لە هەندێک ڕاپۆرت و توێژینەوەی سەرپێیانەدا هاتووه و لەسەرەوەش تیشکم خستە سەری (شەجەریان) لە گۆرانی تەسنیفی عاشقان لە ئەلبومی انتڤار (چاوەڕوانی) کە لە ساڵی 1974دا بڵاو کراوەتەوە ئاوازێکی کوردی دەدزێت بەڵام ئاماژە بە سەرچاوەکەی ناکات ئاوازی ئەم گۆرانییە ئاوازی مامۆستای مەقام و ئاوازی کوردی عەلیمەردانە کە بەناوی فاتیمە یان سیت فاتیمە بیستوومانە. یان گۆرانی (بەرزی بەرزی) کە ناسری ڕەزازی لە نەوەدەکان وتوویەتی ئاوازەکەی لەلایەن گۆرانیبێژێکی تازەکاری فارس بە ناوی (زانیار خوسرەوی) بەکار هێنراوە بە بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی ئاوازەکە بدات کە کوردییە. ئەم بەناو گۆرانیبێژە ئەم گۆرانییەی لە ساڵی 2014دا تۆمار کردووە و دەیان گۆرانی و ئاوازی دیکە کە ئێمە پێمان نەزانیون، بەڵام لە پڕۆسەی (بەخودکردنی ئەویدی) فارسەکاندا و بە مەبەستی نەتەوەسازییەکی ساختە و قەڵب بەکاری دەبەن.
ئەم دوو قۆڵە لایەنی هەڕەشەئامێزی هاوکێشەکەن و هەم خۆمان وەکوو کورد کە ئێستە لە قۆناغێکی زۆر نالەبار و پەشێوی هونەری و گۆرانیداین و هەم ئەویدییەکیش کە فارسە و دەیان ساڵە بەم شێوەیە ڕۆح و هەناومان هەڵدەلووشیت جەمسەرەکانی پێک دێنین بەڵام لە ئەنجامدا بەرپرسایەتی ئەم دۆخە مێژووییە دەبێ کورد خۆی لە ئەستۆی بگرێت و بە قەولی مامۆستا (عەلیمەردان) شێرەکوڕانی داهاتوومان خۆیان بنوێنن، و هەڕەشەکان بکەن بە دەرفەت! ئەمانەم باس کرد تاکوو بێمە سەر بابەتێک کە چەندین ساڵە لە بەرنامەیەکی ئێرانی بە ناوی (عصر جدید) یان (چاخی نوێ) دەردەکەوێت، ئەم بەرنامەیە کە تایبەتە بە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی توانایی و هەڵکەوتووییەکیان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەیە لە کەناڵی 3ێی تەلەڤیزیۆنی ئێرانیدا بڵاو دەبێتەوە و تا ئێستە چەندین کورد له و بەرنامەیەدا بەشدارییان کردووە و بە سەرکەوتوویی و درەوشانەوەوە گۆرانی و هونەری خۆیان پێشکەش کردووه. لەم ڕۆژانەی پێشووشدا کوڕێک بە ناوی (عەلی توولابی) لە لوڕستان و لە شاری کوودەشت بەشداری بەرنامەکە بوو. کوودەشت شارێکە و سەر بە پارێزگای لوڕستانه، ئەگەرچی لوڕ و کورد هیچ کات لە سەرچاوە مێژووەکاندا لێک هەڵنەوێردراون و ئەگەریش بە ڕەهایی و لێبڕاوانە بە یەکێک دانەنراون بەڵام وەکوو دوو برای دایکی کە لە زمان و کەلتوور و فۆلکلۆر و داب و نەریتدا یەکێکن وێنا کراون و ئەمە باسێکی مێژوویی دوورودرێژە و من ناپەرژێمە سەری بەڵام بە گشتی لوڕ لە کورد جیا نییە و هەرچیش دەڕۆینەوە پێشەوە و دیاردە کۆن و نوێکان دەبینینەوە بەم ڕاستییە دەگەین کە ئەوان لە تاران و قوم مەودا دەگرن و بەرەو #سنە# و سابڵاخ و #سلێمانی# و #هەولێر# زاکیرە و ڕۆحیان دەجمێت و دەجووڵێت.
لە بەرنامەی (عصر جدید) دا بە ئامادەبوونی سێ داوەر (عەلی توولابی) بە 13 ساڵ تەمەن لە شاری کوودەشتی لوڕستانەوە بەشداری کرد و گۆرانی (هەی نایە نایەی) کوردی خوێند، پێشتر مامۆستا (عەزیز شاڕۆخ) خوێندوویەتی و پێشوازییەکی زۆری دانیشتووان و داوەرانی بەدواوە بوو، ئەگەرچی ئانووسات پێشکەشکاری سەرەکی بەرنامەکە داوای لێکرد گۆرانییەکی فارسیش بخوێنیت بەڵام دەرکەوتنی ئاوا ڕەمز و نیشانەیەک لە لوڕستان مزگێنیدەری شتی گەورەیە و لە هەمانکاتدا بەرپرسیارێتییەکی زیاتر دەخاتە سەر شانی نوخبە و پیتۆڵ و چالاکانی کورد، چون ئەو ناوچانە ساڵانێکی زۆرە زۆر زیاتر لە کرماشان و ئیلام کەوتوونەتە بەر توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن و زۆرتریش پەیوەندییان بە ناوەندەوە بووە بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئەم پردەی (لوڕستان-تاران) وردەوردە دەڕووخێت و ئەوان دەگەڕێنەوە. ئەگەر ئێمە پلانێکی کەلتووریی نیشتمانیمان بۆ ئەو ناوچانە هەبێت سنووری کەلتووری و جوگرافیای فەرهەنگیمان بەربڵاوتر دەکەینەوە و بە وتەیەکی دیکە ئەو ناوچانە وەردەگرینەوە و ئەمە هەلە زێڕینەکەیە کە لەژێر سێبەری هەڕەشەکاندا دێتە دەرەوە و ئەگەریش ئەم دۆخە بازاڕییەی هونەری کوردی لە باشوور کە دەشێت بۆ ئەوان ببێتە مایەی هەڵگۆستن و هەڵهێنجان و نموونەوەرگرتن بەردەوام بێت و له و لاوەش ئێمە پلانمان نەبێت ئەوان دیسانەوە لەژێر پلانی کەلتووری ئێرانیدا نغرۆ دەبن و هەڕەشەکە ئامانجی سەرەکیی خۆی پێکاوە و ئەنجامەکەشی مەرگ و داکەوتن لە ما و زەردێکە کە ئیتر هیچ ڕزگاری و ئاسۆیەکی لە بەردەمدا نابێت.[1]