ناونیشانی بابەت: ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ
نووسینی: فێنک ئیدریس
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لەلایەن #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە دەردەکرێت ئەویش دوای پرس و ڕایەکی زۆر و بە گوێرەی ڕێنمایی و بروسکەیەکی #مام جەلال#، لە #هەولێر# و #سلێمانی# دەست بە کۆبوونەوەکرا.
لە هەولێر دوو دانیشتنی فراوانکرا کۆبوونەوەی یەکەم بەسەرپەرشتی #کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی# و کۆبوونەوەی دووەم بەسەرپەرشتی #ئەرسەلان بایز# بوو، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ئەدیب و شارەزای بواری هونەری ئامادەبوون.
بۆهەمان مەبەست لە سلێمانی چەند دیدارێک ڕێکخرا، دوای ئەوە ستافێک بۆ ڕۆژنامەکە دیاریکرا.
لە ڕۆژی 12-01-1992 ژمارە سفری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکرایەوە لێی نووسرا بوو (ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەریدەکات)، ڕۆژی 26-01-1992 ژمارە 1ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاوکرایەوە.
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بووە یەکەم ڕۆژنامەی ڕۆژانە بوو لەدوای ڕاپەڕینەکەی خەڵکی کوردستان لە ئاداری1991، کە تاوەکو ئێستاش 2023 بەردەوامە لەدەرچوون، کە بۆ ئەو سەردەم دەرکردنی ڕۆژنامە بەواتای ڕۆژنامەی هەواڵ و بەدواداچوونی ڕۆژنامەگەری کارێکی ئاسان نەبوو.
خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دکتۆر فوئاد مەسعوم بوو تا ساڵی 2009، لە ساڵی 2009-ەوە ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیە، هەریەکە لە کاروان عەلی، شیرین، محەمەد کەریم ئەندامی سکرتاریەتی نووسینن.
ڕۆژنامەکە چەند پاشکۆیەکی چاپکردووە وەک (پاشکۆی ئەدەب و هونەر، پاشکۆی ستادیۆم، پاشکۆی کاکێشان، پاشکۆی کەشتی نوح، پاشکۆی کوردستانی گەنج، پاشکۆی ئەدگار، پاشکۆی خێزانی کوردستانی نوێ).
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ساڵی یەکەمی دەرچوونیدا دەستی بە چاپکردن و دەرکردنی پەڕتووک و نامیلکە کردووە، یەکەمین پەڕتووک کە چاپی کردبێت ڕاپۆرتی سیاسی بوو کە مام جەلال لە کۆنگرەی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 1992پێشکەش بە ئەندامانی کۆنگرەی کرد.
دووەم پەڕتووک نامیلکەیەک بوو لە نووسینی مام جەلال بانگەوازێک بوو بۆ حزب و دەستە و ڕێکخراو و گڕوپە چەپەکان بۆ یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کوردستانی نوێ زیاتر لە 20 پەڕتووکی چاپکردووە و تائێستاش 2023 لە چاپکردنی پەڕتووک بەردەوامە.
ئۆفیسی ڕۆژنامەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1992 تا مانگی ئابی ساڵی 1996 لە شاری هەولێر بووە، لە ساڵی 1996-ەوە لە شاری سلێمانی بووە.[1]