ناونیشانی بابەت: شینگێڕیی کوردان لەنێوان ئەبووبەکر حەسەن و هوشەنگی ئیبتهاجدا
ناوی نووسەر: موحسین عەلیڕەزایی
$خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی لەخۆنامۆکان لەنێوان خود و ئەویدیدا$
ئیلینەبوون (Alienation) یان لەخۆنامۆبوون وەک حاڵەتێکی سایکۆلۆجی لەلایەن هێز و وتارێکی سەردەست و کۆلۆنیالیستەوە پیادە و پراکتیزە دەکرێت، ئەمەش بەر لە هەر شت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیست و چەوسێنەر پێی بگات و ڕاستەڕێی پراکتیزەبوونی ئەم چەمکەش پڕۆژە و پلانی کەلتووریی نەرم و درێژخایەنە. لەخۆنامۆبوون وەک وشە (بە خود نەمان) یان (نامۆبوون) مانا کراوەتەوە و پێناسەی گشتی و سەرەتایی لەخۆنامۆبوون ئەمەیە “کاتێک کەسێک لە حاڵەت و قاوغی سەرەکیی خۆی هاتووەتە دەرەوە و هەستێکی نامۆی بەرانبەر بە خۆی هەیە” کاتێک دەڵێین خۆی مەبەستمان پانتایی و ڕووبەرێکی گشتگیر لە هەناوی مرۆڤێکە کە دەشێت کۆمەڵێک ئینتیما و بەها و باوەڕ و تێگەیشتنی هەبێت کە لە ڕێگەی زمان و کەلتوور و دابوونەریتە دیاریکراوەکان بە تایبەتمەندیی دەستنیشانکراوە، مانیفێست دەکرێت و دەردەکەوێت و لە حاڵەتی لەخۆنامۆبووندا هەموو ئەمانە دەکەونە ژێر سێبەری مەترسییەوە.
نامۆبوون یان (لەخۆنامۆبوون) نموونە و حاڵەتی زۆری هەیە کە لەوانە دەشێت ئاماژە بدەین بە لەخۆنامۆبوونی سیاسی، لەخۆنامۆبوونی فەلسەفی و لەخۆنامۆبوونی ئایینی. ڕا و سەرنج و تێڕوانینی زۆر لەبارەی لەخۆنامۆبوون و یان ئیلیناسیۆن خراونەتە ڕوو، هەر کام لە بیرمەندان و فەیلەسووفەکان بە شێوەیەک بابەت و مژاری لە خۆنامۆبوونیان هەڵسەنگاندووە و شییان کردووەتەوە. بەڵام لەخۆنامۆبوون لە پێکهاتی کۆمەڵایەتیدا و بەپێی ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانە کە لەبارە و لەسەر کەسانی لەخۆنامۆ و ئیلینەکراوە وە، ئەنجام دراون ئەمەمان پێ دەڵێت کە “لەخۆنامۆبوون زیاتر ئەنجام و لێکەوتەی کۆمەڵگا تووتالیتەر و سیستەمە داخراوە سیاسییەکانە و لە هەندێک حاڵەتیشیدا لەخۆنامۆبوون چ لە کۆمەڵگا ئازادەکان و چ لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا ئەنجامی دووپاتبوونەوەی لە ڕادەبەدەری شێوەی ژیان و زیندەگیی ڕۆژانەیە.” دەکرێت بڵێین کەس یان کەسایەتی لەخۆنامۆبوون و ئیلینەکراو شوناسێکی دیاریکراو و جێگیری نییە ئەمەش نەک بەهۆی بیرکردنەوەی بەردەوام بە شێوەی ڕێژەگەرانە و لە ئاستە فەلسەفییەکەیدا بەڵکوو بەهۆی (دۆخ) و شوێنگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتووری و ئاستی تێگەیشتنی بۆ دونیا و ڕووداوەکانە. ئەگەرچی ناکرێت دۆخی لەخۆنامۆبوون و ئیلینەکراو بەدەر بزانین لە هەر جۆرە بیرکردنەوە یان هەموو ئاستەکانی بیرکردنەوە و جۆرێک هزرین بەڵام ئەمە ئەوەندە نییە کە ببێت بە بنەمایەکی عەقڵیی لۆژیکیی بۆ وشیاری و خۆئاگاییەکی ئەوتۆ کە شوێنپیی شوناسێکی تۆکمە و پتە و و ڕۆنراو لەسەر بنەمای هزرێکی ڕەخنەگرانە و بیرکردنەوەیەکی ڕیژەگەرانە، بگرێت. کەواتە ئاستی بیرکردنەوەی کەسی ئیلینەکراو زۆر نزم و کەمە و بەزۆریی ئاڕاستەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی لەلایەن وتار و دیسکۆرسی ئەویدی یان کۆلۆنیالیستەوە دیاری دەکرێت. وەک وتمان ئەم دۆخە زیاتر لە وڵاتانی داخراودا کە دەسەڵات و سیستەمێکی سیاسیی سەرە ڕۆ و تووتالیتەر و پاوانخواز تێیدا سالارن، دێتە ئاراوە و هەر بۆیە ڕێگایەکی چارەسەر بۆ کەمکردنی ئاستی لەخۆنامۆبوون و ئیلینەکران، لادانی هەژموونی و ئیتۆریتەی سیستەمە تووتالیتەر و پاوانخوازەکانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە هەڵوەشاندنەوەی دۆخی دووپاتەکی و چەندپاتەکیی شێوەژیانە لە کۆمەڵگاکاندا.
دۆخی چەندپاتەکی و فرەپاتەکی زیندەگیی ڕۆژانە کەس و کەسایەتییەکان دەخاتە ناو جەغزێک لە خولانەوە بە ناو کۆمەڵێک بەها و نۆرمی دیاریکراو و وتارێکی جێگیر و داسەپێنراو دەبێت بە بنەمای بەسەربردنی کات و ژیان و بیرکردنەوەیان، وتارێک کە تێیدا ئەکتی بەرگری و بەرپەرچدانەوە پێگەیەکی نییە بۆیە کەس یان سووژەی ئیلینەکراو ناتوانێت بەرگری بنوێنێت و دژەئەکت بخاتە ڕوو، مەگەر ئەوەی کە لە ناو سیستەمێکی نێوان-وتاریدا و لە ئەنجامی خوێندنەوە و وشیاربوونەوە و تێگەیشتندا و بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانەوە دژی ئەو وتارەی کە ژیانی پێ دەبات بەڕێوە، هەستێتەوە و ڕاپەڕیت، چ لە ئاستە زەینی و سایکۆلۆژییەکەیدا و چ لە ئاستیە کۆمەڵایەتی و سیاسی و پراکتیکییەکەیدا.
$دۆخی کورد و دۆخی ئیلینەکان$
دۆخی کورد لە هەموو کوردستاندا جۆرێک ئامادەیی و پوتێنشێلی بە ئیلینەبوون و لەخۆنامۆبوونی تێدا هەبووە و ئێستەش دوای ساڵانێکی زۆر لە خەبات و شۆڕش و قوربانیدان و تەنانەت دوای ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان و بوون بە بنکە و داڵدە بۆ هەموو کوردانی جیهان، هەمدیس کورد ڕووبەڕووی پڕۆژەی ئیلینەبوون و وتاری لەخۆنامۆبوون دەکرێتەوە و بە سەرنجدان بە و دۆخەی کورد کە هەر لە شەڕی چالدێرانەوە تا ئێستە، داگیرکەران و هێزە کۆلۆنیالیستەکان بە سەر کورد و جوگرافیاکەیدا سەپاندیان و تا سایکس پیکۆ و تەنانەت هەڵوێست و ستراتیژە سیاسییەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەم دواییانەدا درێژ بووەتەوە، تێدەگەین کە بۆچی کورد تووشی (لەخۆنامۆبوون) بووە و بۆچی لە بنەمادا جوگرافیاکەی لە سەدەی شانزەی زاینی (1514) و شەڕی نێوان سوڵتان سەلیمی یەکەم (عوسمانی) و شا ئیسماعیلی یەکەم (سەفەوی) دا یەکەمین دابەشکاریی لەسەر کرا و دۆخەکەی بۆ ئیمڕۆ زۆر ئاڵۆزتر کردووە.
لە بنەمدا و لە پلەی یەکەمدا ئێمە کاتێک دەتوانین ڕووبەڕووی هێز و وتاری ئیلینەکار و لەخۆنامۆکەر ببینەوە کە (وشیاری) مان هەبێت، هەم لە ئاستە سیاسیی و ئایینییەکەیەوە و هەم لە ئاستە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکەیەوە تاکوو ئەم وشیارییە بچێتە خزمەتی درووستکردن و ڕۆنانی شوناسێکی دەستەجەمعی و کۆییەوە و لێرەوەیە کە وتاری پاوانخواز و تووتالیتەری ئیلینەکار ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوە و بەرگری ببێتەوە و پڕۆژەکەی هەر لە سەرەتاوە پەک بخرێت، ئەوەی ئەم دۆخەی بۆ کورد مەترسیدار کردووە و وەک ئەگەرێک دەشێت هیواکانی قەتیس بکات و مەترسییە لە سەری داگیرکرانی جوگرافیاکەی لەلایەن هێزانی سیاسیی چەوسێنەر و کۆلۆنیالیستەوەیە، لە ڕێگەی وتارێکی ناوەندگەرا و یەک زمانتەوەر ویەک کەلتوور تەوەرە کە بە درێژایی ساڵان هەستەوەری و نەستەوەریی کۆمەڵگا و تاکی کوردی شێواندووە و لە نەبوونی ئەو وشیارییە یان باشتر وایە بڵێم بەهۆی کەمبوون و گشتگیرنەبوونەوەی ئەو وشیارییەوە، تاکی کورد بە شێوەی خوازراو یان نەخوازراو دەکەوێتە خزمەت وتاری ئەویدی و ئەو مانا ناسیی و دەلالەتسازییە پێڕە و دەکات کە وتاری ناوەند دژی ئەم بەرهەمی دەهێنێت بە بێ ئەوەی لە بنەما و جەمسەرەکانی ئاگادار بێت چون ستراتیژ و تاکتیکی کایە وتارییەکان لە فۆرمی و شێوەی شەڕی سەخت و دەستەویەخە بووە بە جەنگی نەرم و نارین! لە لایەکی دیکەشەوە ئەو لایەنەش کە دۆخەکەی بۆ کورد کردووتە جێگەی هیوا و دەشێت ئێمە لەوێوە ڕووبەڕووی وتاری داگیرکەری لەخۆنامۆکەر ببینەوە، شۆڕش و بەرخۆدان و خەباتی ساڵانێکی دوورودرێژی کوردە کە بە دڵنیاییەوە یەکێک لە ئەنجامە درەوشاوە و زێڕینەکانی ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیشکردن بە زمانی کورد و گەشەپێدانی کەلتوور و هونەر و فولکلۆری و بە گشتی فەلسەفەی زارەکی و ژیانەکی و شێوەژیان و جیهانبینی و بوونی مرۆڤی کوردە. باسکردن لەم هاوکێشەیە لە پارچەکانی دیکەدا لێرەدا ناگونجێت چون ئاوی زۆر دەبات.
بەڵام باشووری کوردستان وەکوو ناوەند و بنکەی کارکردن بە زمانی کوردی و بووژانەوە و گەشەپێدانی کەلتووری کوردی بە شێوەیەک لە شێوەکان دژی ئەو وتارەی کە بە زمانانی ئەویدی و لەخۆنامۆکەر دەلالەتی ناوەندگەرا و سەردەستخوازانەیان بەرهەم دەهێنا، وەستایەوە و بەهۆی نێزیکی و هاوسنووریی و پەیوەندیی لە مێژینەی باشوور و ڕۆژهەڵاتیش ئەم هەژموونی و سێبەرە ئایدۆلۆژیک و ڕزگاریخوازەی باشوور ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە و ئیتر پڕۆسەی ئیلینەکردن و لەخۆنامۆکردن ئەو ڕاستەڕێیە نییە کە لە تاران یان ئەنقەرە و بەغداەوە بە ئاسانی بگاتە ناو زمان و هەست و نەستی کورد و کوردی! بەڵکوو بەرگری و وشیاربوونەوەیەک هاتووەتە ئاراوە کە ڕەوتی ئەرخەیانی پڕۆسەکە پەک دەخات بەڵام بێگومان ئەم وشیاربوونەوەیە بەهۆی ساڵانێکی زۆر و زەبەندی وتارسازیی و بەهژموونکردنی وتاری سەردەست و ناوەندگەرا، بە شێوەیەکی ڕێژەیی و لە ئاستێکی کەمدا هاتووەتە ئاراوە یان زۆر جار درک بە تاکتیک و کایە و ستراتیژەکانی وتاری پاوانخوازی کۆلۆنیالیست ناکات بۆیە دەکەوێتە داوییەوە نموونەی ئەمە ئەگەر لە ئاستی میدیادا باسی بکەین دەشێت ئاماژە بە کەناڵی کوردسات و سایتی خەندان بکەین کە زۆر ڕووماڵی ڕووداوە پەراوێزی و زەردەکانی ناوخۆی ئێران دەکەن و لەژێر هەژموونی ئەواندان و ئەمەش خوێنەر و بەکارهێنەری هەژمارە کوردییەکان دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و دەیانکات بە دوو بەرەی لایەنگر و ڕەخنەگر. ئەوەی کە هەناسەی وەبەرەو دەنگی دلێرە لە ئاستی وتاری سەردەستی لەخۆنامۆکەر ئەم ڕەخنەگرانەن کە بە وشیارییەکی نەتەوەیی و شوناسمەندانەوە بەرگری دەکەن و ئەکت دەنوێنن!.
نموونەی دیاری ئەم هاوکێشەیە لەم ڕۆژانەی دواییدا لە ناو بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی کوردی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینرێت کە تاقمێک پاش مەرگی شاعیری ئێرانی؛ هوشەنگی ئیبتیهاج ناسراو بە (سایە) کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گیلان بووە و هەموو خزمەتی بە زمان و کەلتووری فارسی بووە و یەک وشەی بە زمانی گیلەکی نەوتووە ، شینگێڕییەکی زۆریان بۆ کرد، هەر لە #سنە#وە تاکوو #سلێمانی# ئەم شینگێڕییەوە درێژ بوویەوە بەڵام چەند ڕۆژ پاش ئەوە بیرمەند و نووسەری کورد ئەبووبەکر حەسەن کۆچی دوایی کرد لە حاڵێکدا کە هەژمارێکی کەم بە نیسبەت هوشەنەگەوە دیانناسی و ئەو پەرچەکردارە (مەرج نییە حەتمەن شینگێڕیی بێت!) بۆ مەرگی ئەو هاتە ئاراوە بە ڕادەی وشیارییەکی کوردانە و شوناسمەندییەکی زەق نەبوو و ئەمەش ئەنجامی ئەو ڕۆحە ئیلینەیەیە کە لەژێر دروشمێکی درۆزنانە و ساختە و لە بنەمدا هەلپەرستانە بەکارهێنراو بە ناوی (من مرۆڤێکی جیهانیم) ئەوەش لە دۆزەختان و فاشیستئاوایەک کە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوینە-لە خۆنامۆبوون و ئیلینەبوون قبووڵ دەکات و بە شێوەیەک لە شیوەکان چێژی لێ وەردەگرێت! بە ڕای من ئێمە لە ناو هاوکێشەیەکی سایکۆلۆژی ئاوا داین کە لە بازنەی “چێژ”دا خەریکی کوشتنی خۆمانین بە شێوەی لەخۆنامۆبوون و ئیلینەبوون لەلایەن ئەویدییەوە و دەشێت ئەم وشیارییە سیاسی و کەلتووری و شوناسمەندانەیە کە لە باشوور لە ئاستێکی پتە و و هیوادارانەدا هەیە چڕ و پڕتر بکرێتەوە و پڕۆژەی گەورەی کەلتووری و ڕۆشنبیری بگوازرێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کورستان تاکوو وتارهکانیان (باشوور و ڕۆژهەڵات) لە ڕووی کرۆک و ئامانج و دەلالەتسازییەوە زیاتر لێک نزیک ببنەوە و ئەم شەپۆلە لەمێژینەیەی لەخۆنامۆکردن بڕەوێننەوە![1]