ناونیشانی بابەت: منداڵان، شارەزاییەکانی ژیان و دونیای ئینتەرنێت
ناوی نووسەر: #بێهزاد قادری#
فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان بە منداڵان؛ لەدوای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، لە سەرەتاییترین کارگەلێکە بۆ بارهێنانی ئەوان. بە واتایەکی تر؛ پەروەردە و پێگەیاندن و فێرکاریی شارەزاییەکانی ژیان بە منداڵان لە ئەرکەکانی هەموو دایک و باوکێکە و دەبێ سەرنجێکی تایبەت بەم بابەتەیە بدەن، چونکە هەر منداڵێک لە سەرەتادا لە بنەماڵەدایە و دواتر وردەوردە دەچێتە نێو کۆمەڵگەوە و ژیان بۆ خۆی پێکدەهێنێت و پێویستیی ئەم بابەتە فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیانە بە منداڵان لە تەمەنی خواردا. لەلایەکی ترەوە یەکەمین سەرچەشن بۆ هەر منداڵێک دایک و باوکییەتی و هەموو هەڵسوکەوتێکیان لە زەینی منداڵانیاندا تۆمار دەبێت، هەر بۆیە هەموو دایک و باوکێک دەبێ لەگەڵ شارەزاییەکانی ژیان و فێرکردنی ئەم بابەتە ئاشناییان هەبێت تاکوو بتوانن بەباشی منداڵانی خۆیان فێر بکەن. هەموو تاکێک لە زۆرێک لە دۆخەکان و کێشەکانی ژیانیان، هەست بە بێهیوایی و نیگەرانی دەکەن و وەها بیر دەکەنەوە کە ئەو کێشەیەی کە هاتووەتە پێشەوە، بۆیان زۆر گەورەیە و زیاتر لە ئاستی توانای ئەوانە، لە حاڵێکدا کە ڕەنگە ئەو کێشەیە، کێشەیەکی بچووک بێت. تەنانەت ئەم جۆرە کەسانە هەندێکجار بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و هەڵسوکەتی هەندێک کەس، هەست بە داماوی دەکەن و ئاکامەکەی دەبێتە هۆی هەڵسوکەوت و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەپەلە و هەڵنەسەنگێنراو.
دەبێ بڵێین: هەموو ئەو کێشانەی باسمان لێوە کرد، بەهۆی نەبوونی فێرکاریی شارەزاییەکانی ژیانە بە منداڵان لە تەمەنی خواردا، چونکە هەموو منداڵێک بۆ هەمیشە لەنێو بنەماڵەدا نین و پشتیوانیی بنەماڵەیان لە پشت نییە و کاتێک دەچنە نێو کۆمەڵگەوە لەگەڵ کێشەگەلێکی زۆر گەورە بەرەو ڕوو دەبنەوە، کە دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکەن. بۆیە دەبێ لە تەمەنی خواردا، منداڵان فێری شارەزاییەکانی ژیان بکەین، تاکوو لە داهاتوودا ببنە تاکێکی بەسوود بۆ خۆیان و کۆمەڵگەکەیان. سەرەتا دەبێ بزانین کە ئامانجی فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان بە منداڵان، گۆڕانی هەڵسوکەوتیان و بەخشینی توانایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. بەڵام دەبێ چ کاتێک منداڵان فێری شارەزاییەکانی ژیان بکەین؟ ئەم شارەزاییانە دەبێ بەر لە چوونە قوتابخانە دەست پێ بکات و بە جۆرێک لە قوتابخانە، زانکۆ و قۆناغەکانی دواتری ژیان لە کۆمەڵگەدا بەردەوام بێت. بەڵام لە ئەمڕۆدا بەداخەوە بەهۆی نائاگایی زۆرێک لە دایکان و باوکان و سەرنجنەدانیان بە بنەماکانی پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵان، شارەزاییەکانی ژیان لە تەمەنی بەر لە قوتابخانەدا فێری منداڵان ناکرێت. بۆ نموونە ئەگەر بەر لە چوونی منداڵانتان بۆ قوتابخانە، فێری شارەزاییەکانی ژیانیان نەکەن و وەها بیر بکەنەوە کە لە قوتابخانە فێری ئەم بابەتانە دەبن، زۆر لە هەڵەدان. بەگشتی لە پەروەردە و بارهێناندا هەموو تەرکیزێک لەسەر فێرکردنی بەدەستهێنانی شارەزاییە ئامرازی و ناسینییەکانە تاکوو ڕەهەندەکانی تری پێگەیاندنی دەروونی و کۆمەڵایەتی وەکوو فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان. بەم هۆیەوە لە سەرەکیترین ئەرکەکانی دایکان و باوکان فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیانە بە منداڵان بەر لە چوون بۆ قوتابخانە تاکوو منداڵان داهاتوویەکی گەشیان هەبێت.
منداڵان بۆ هەمیشە منداڵ نامێننەوە و گەورە دەبن، دەچنە زانکۆ، بە دوای کار و پیشەدا دەگەڕێن، لەگەڵ هاوسەری دڵخوازی خۆیان هاوسەرگیری دەکەن و لە هەموو ئەو قۆناغانەدا لەگەڵ چالێنج و کێشەی زۆر بەرەوڕوو دەبنەوە، بەم هۆیەوە فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان بە منداڵان لە تەمەنی خواردا گرینگییەکی زۆری هەیە و بەو جۆرە دەتوانن بەباشی بەرەو ڕووی چالێنج و کێشەکانی ژیان ببنەوە و سەرکەوتوو بن.
$بەڵام دەبێ منداڵان فێری چ شارەزاییگەلێک بکەین؟$
1- فێرکردنی شارەزاییەکانی پەیوەندیگرتن و پێکەوە هەڵکردن.
2- شارەزایی بەڕێوەبەریی کات.
3- شارەزایی بەڕێوەبەریی ماڵی.
4- شارەزایی لەبەرچاوگرتنی نەزم.
5- شارەزایی هەڵسوکەوتکردنی گونجاو لە ماڵدا.
6- شارەزایی بڕیاردان.
7- شارەزایی چارەسەرکردنی پرسەکان.
8- شارەزایی بیری داهێنەرانە.
9- خود ئاگایی.
لە سەردەمی منداڵیدا، بەهۆی باڵغنەبوون لە بواری جەستەیی و دەروونییەوە، ململانێکان زۆر لەبەرچاو نین، بەڵام بە چوونە سەرەوەی تەمەن و باڵغبوون، ململانێکانی سەردەمی مێرمنداڵی زۆر دەبن، لەم کاتەدا ئەو مێرمنداڵ و لاوانە کە فێری شێوەکانی درووستی هەڵسوکەوتی و ڕووژی و شارەزاییە پێویستەکانی ژیان نەبووبێتن، تاکوو خۆیان لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگە هاوڕێک بکەن، لەگەڵ خەساری جیدی بەرەڕوو دەبنەوە. بۆیە بە فێرکردنی شارەزاییەکانی ژیان، دەفرایەتیی دەروونیی منداڵانتان زۆرتر و بەهێزتر بکەن.
$منداڵان و ئینتەرنێت$
ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت؛ “800 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ لە سەرتاسەری جیهان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرن. بەپێی ئەم ئامارە، ڕۆژانە 175 هەزار منداڵ لە جیهان بۆ یەکەمین جار دەچنە نێو دونیای ئینتەرنێتەوە”. ئینتەرنێت؛ جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگ بەرەوڕووی منداڵان دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشگەلێکی مەترسیداریش لەخۆ دەگرێت کە ئاگادارکردنەوەی منداڵان لەم بەشە مەترسیدارانە ئەرکی بنەماڵەکانە. ناتوانین و نابێتیش منداڵان لە ئینتەرنێت دوور ڕابگرین، بەڵام دەتوانین دۆخێک پێکبهێنین کە ئینتەرنێت بۆ ئەوان بەسوود، فێرکارانە و لە هەمان کاتدا ئەمن و هێمن بێت. بنەماڵەکان دەبێ لەبارەی “ئینتەرنێت” و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ منداڵانیان قسە بکەن و شێوەی درووستی بەکارهێنانی ئینتەرنێتیان فێر بکەن. کاتێک کە بەڕاحەتی لەبارەی ئینتەرنێت و کارکردەکانی لەگەڵ منداڵانتان قسە دەکەن، ئەو هۆکاری کەمتری هەیە تاکوو لەمبارەوە شتێکتان لێ بشارێتەوە. ئەگەر منداڵ یان مێرمنداڵێکتان هەیە؛ لە ئینتەرنێت کەڵک وەردەگرن، چ بە مۆبایل، چ بە تەبلێت و کۆمپیۆتێر، هەمیشە لەسەر چالاکییەکانیان چاوەدێری بکەن. کۆنترۆڵکردن و چاوەدێریکردن دەبێ بە شێوەیەک بێت کە منداڵان بە خەیاڵێکی ڕاحەت و بێ ترس لە تەمێکردن یان سزادان، لەلای بنەماڵەکەی باس لە چالاکییەکانی لە ئینتەرنێتدا بکات. بە زمانێکی سادەتر، لەجێی ئەوەی کە مۆبایل لە منداڵانتان بستێنن یان ڕەمزی کۆمپیۆتێریان لێ بشارنەوە، فێریان بکەن کە چۆن لە ئینتەرنێت کەڵک وەربگرن و ئاگاداری چ بابەتگەلێک بن. بەو جۆرەی کە فیلمەکان و پەڕتووکەکان دەبێ گرووپی تەمەنییان هەبێت، ئەپلیکەیشنەکانی مۆبایل، تۆڕە کۆمەڵایەتییان و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکانیش بە هەمان شێوەن. هەر فیلم یان پەڕتووکێک بۆ هەموو گرووپێکی تەمەنی گونجاو نییە، بە هەمان شیوە ئەپلیکەیشن یان ماڵپەڕێک کە گەورەساڵان کەڵکیان لێ وەردەگرن، ئەگەری زۆرە کە بۆ منداڵان و مێرمنداڵان ئەمن و گونجاو نەبێت.
زۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، 13 ساڵییان وەک لانی کەمیی تەمەنی بەکارهێنەران دیاری کردووە. بۆ نموونە منداڵی ژێر تەمەنی 13 ساڵ مافی کەڵک وەرگرتن لە فەیسبووکی نییە. ئەگەر منداڵی ژێر 13 ساڵ بیهەوێت لە وەها ئەپلیکەیشنێک کەڵک وەربگرێت دەبێ لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی دایک و باوکیدا بێت. بۆ نموونە دەتوانن لەلای منداڵی خۆتان دابنیشن و ئیزنی پێ بدەن کە لەلاتان سەیری ڤیدیۆگەلێک بکەن کە لەگەڵ تەمەنیان بگونجێت. دەبێ منداڵان فێر بکرێن کە گرووپی تەمەنیی خۆیان بناسن و لە سەردانکردنی ئەو ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنانەی کە گونجاوی تەمەنیان نییە خۆ ببوێرن. هەروەها یارییەکی کۆمپیۆتێری بکەن کە لەگەڵ تەمەنیان بگونجێت.
سەردانکردنی ئەو ماڵپەڕانەی کە بابەتی “سێکسی” بڵاو دەکەنەوە، لە هەندێک لە وڵاتاندا بەگشتی بۆ هەموو تەمەنێک ڕێگە پێ نەدراوە، بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتان “ئەخلاقی ئۆنڵاین” پرسێکی کەسییە و تەنیا سنوورداریەتییەک کە بۆ سەردانکردنی ئەو ماڵپەڕانە بوونی هەیە ئەوەیە کە کەسانی ژێر 18 ساڵ مافی ئەوەیان نییە کە سەردانی ئەو ماڵپەڕانە بکەن. لەم بوارەدا دەبێ چاوەدێری لەسەر منداڵانی ژێر 18 ساڵ بوونی هەبێت یان بەجوانی ئاگادار بکرێنەوە، تاکوو سەردانی ئەم جۆرە ماڵپەڕانە نەکەن. ئەگەر ئاگادار بوونەوە کە منداڵانتان سەیری ڤیدیۆ یان وێنەیەکی نەگونجاو دەکەن، بەجێی تەمێکردن بۆیان شی بکەنەوە کە هەموو شتێک لە ئینتەرنێتدا بۆ سەیرکردن نابێت و ئەمە بابەتێکی ڕێگە پێ نەدراوە. کەڵک وەرگرتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئەپلیکەیشن، ماڵپەڕ و یارییە کۆمپیۆترییەکان، دەبێ بە ئیزنی دایکان و باوکانەوە بێت. منداڵان ئەگەر بزانن کە هەرکات داوای مۆبایل یان کۆمپیۆتێرتان لێ دەکەن و ئێوە دژایەتییان دەکەن، ئەگەری هەیە کە ئیتر لەمبارەوە ئیزنتان لێ وەرنەگرن؛ بۆیە باشتر وایە کە بەجێی سڕینەوەی ئینتەرنێت و مۆبایل لە ژیانی منداڵانتان، فێری کەڵک وەرگرتنی درووستیان بکەن و بەسەر چالاکییەکانیاندا چاوەدێری بکەن.
منداڵانتان فێر بکەن کە لە ئینتەرنێتدا لەگەڵ بێگانەکان پەیوەندی نەگرن؛ واتە لەگەڵ کەسانێک پەیوەندییان هەبێت کە خۆتان ئەو کەسانە بەباشی دەناسن و باشتر وایە کە ئەو کەسانە لە گرووپی تەمەنیی منداڵانتان بێت. شایەنی باسە کە لە هەندێک یاریی کۆمپیۆتێریدا پەیوەندی پێک دێت و ئەگەری هەیە کە منداڵانتان لەم ڕێگایەوە لەگەڵ کەسانێکی بێگانە قسە یان چات بکەن و خۆیان بخەنە مەترسییەوە. بۆ کەڵک وەرگرتنی منداڵان و مێرمنداڵانتان لە ئینتەرنێت، کات دیاری بکەن؛ بۆ نموونە ئیزنی ئەوەیان پێ بدەن کە دوای هاتنیان لە قوتابخانە یان بەر لە خەوتن بۆ ماوەی 15 تا نیو کاتژمێر لە ئینتەرنێت کەڵک وەربگرن یان لە ڕۆژانی پشوودا کەمێک زۆرتر دەتوانن لە ئینتەرنێت کەڵک وەربگرن. هەروەها لەیاد مەکەن کە کەڵک وەرگرتنی زۆر و لەڕادەبەدەر لە ئینتەرنێت، زیانێکی زۆر بە تەندرووستیی جەستەیی و دەروونیی منداڵان دەگەیەنێت و ڕێگای فێرکاری و گەشەیان لێ دەگرێت. بۆیە ئەگەر چاوەدێری و کۆنترۆڵتان لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، ئەوە بە مانای خۆشەویستی و گرینگیدانە بە منداڵانتان.[1]