ناونیشانی بابەت: ڕۆژنامەی #کوردستان#
ناوی نووسەر: شەهێن عەدنان
ڕۆژنامەی کوردستان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو کە یەکەم ژمارەی لە 22-04-1898 بە تیکۆشانی #میقداد میدحەت بەدرخان# لە قاهیرەی میسر چاپ کرا.
دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن، لە ساڵڕۆژی دەستپێکی دەرخستنی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن هەموو دەزگا کوردییەکان و هەروەها لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە وەکوو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی قەبووڵ کراوە و پیرۆز دەکرێ.
123 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی {کوردستان} وەک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەرچوو، هەر ئەوەش بووە هەوێنی لەدایکبوونی سەدان ڕۆژنامە و کەناڵی ڕاگەیاندن لە هەر چوار پارچەی کوردستان، وە میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی ڕێگایەکی دیکەی تاقیکردەوە، ئەوەیش خزمەتکردنی کلتوور و زمان و ناساندنی مێژووی نەتەوەی کورد بوو لەڕێی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە، میقداد مەدحەت بەدرخان لەیەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان دا دەڵیت: من ڕۆژنامەیەکم بەناوی کوردستان دەرکرد، ئامانجم لەم کارە ئەوەیە کە گەلی کورد لەبوارەکانی کلتووری، سیاسی، زمان، ئابووری و زانستەوە هۆشیار بکەمەوە.
ڕۆژنامەی کوردستان سەردەمی خۆی لەڕووی هزری نەتەوەییەوە ڕۆلیکی بەرچاوی بینی، هەر چەندە بەزمانی کوردی کرمانجی دەرکراوە، بەڵام لەڕووی داڕشتن و ڕێزمانی کوردییەوە زۆر پێشکەوتوو نەبوو بەڵام بەو دەرفەتە کەمە سەرباری فشارەکانی دەوڵەتی عوسمانی تا 19-04-1909 بەردەوام بوو و دواتر لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە داخرا.[1]