هەنگ و کورد
ئەوەی لەم پێشەکییەدا ئەمەوێت بینووسم، بابەتێکە بۆ یەکەم جار بە دیدی خوێنەران ئاشنایی پەیدا ئەکات و پاش تێڕوانین و بەدواچوونمدا، لە ڕیشە و ڕەچەڵەکە زمانەوانییەکەوەی کوردەوە هاتوومەتە ناو فەرهەنگی هەنگ و جیهانی هەنگ، و پەیم بەو پەیوەندییەی نێوان کورد و هەنگ بردووە، کە بۆی هەیە خودی ئەم بابەتە بەرفروان بکرێت و دۆزینەوە و بەدواداچوونی تری تازەی بە دوادا بێت، ، ، .
کورد و زمانەکەی چی پەیوەندییەکی بە هەنگەوە هەیە؟، ئەگەر گریمان ئەو هەموو وشانەی کە وابەستەی دونیای هەنگن، لە ناو زمانی کوردیدا هەبن، ئایا سوود و فەڕی بۆ کورد تێدایە؟، من لێرەدا بە ئەڵێم: بەڵێ تێیدایە و ئەکرێت پەلوپۆی زیاتری لێبکەێتەوە و دەیان نهێنی خۆی لە ناویدا حەشار دابێت.
بۆ سەلماندنی چەسپاندنی ڕەگ و ڕیشەی زمانی کوردی بە مێژووی کۆن و بەستنەوەی نەتەوەیەکی دێرینی وەک کورد بە نیشتمانی کوردەوارەوە، پێویستمان بە هەڵوێستە وەرگتنە، لەسەر هەر وشە (واچە) و دەستەواژەیەک، کە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا بەکار ئەهێنرێت.
فەرهەنگ: لە دوو بڕگەی فەر و هەنگ پێکهاتووە، کە هەم (فەڕ) و هەم (هەنگ) لە ژیانی هەنگدا سەرچاوەی وەرگرتووە. بە واتای فڕینی هەنگ، یاخود کاری هەنگ دێت، کە لە زمانی کوردیدا واتە کوولتوور. کولتووریش واتە لە هەموو ئەو کار و گوفتارەی مرۆڤە، لە خەو هەستانییەوە تا کاتی خەوتنی، ئیدی لە هونەر و هۆنراوە، پەند و پۆشاکەوە بیگرە تا ئەگاتە سەما و سەلیقە، خورد و خۆراک.
لێرەدا ژیانی هەنگمان کردە سەرمەشقی ژیانمان، هەر بۆیە ئەم وشەیە کە ڕەچەڵەکەکەی کوردییە و فارسی (کە بەشێکە لە زمانی کوردی، و لەسەر گۆشت و خوێن و ئێسقانی کورد دزراوە و دامەزراوە) ، ئاسایی بەکاری بهێنن. بە داخەوە لەلایەن هەندێکەوە وەک قاموس یاخود واچەواتا، بەکاردهێنرێت.
بڕگەی (فەڕ) لە کوردیدا بە واتای سوود و کەڵک بەکاردێت وەک: بەفەڕ، بێ فەڕ، فەڕیش واتای خولانەوە و فڕین و کارکردنی هەنگ دێت، بە هەموو چەشنەکانییەوە، هەر بۆیە وشەی (فەرمان) -یش بە واتای ئەرک و بڕیاڕ بەکاردێنین. زۆربەی ئەو وشانەی فەڕ بووەتە پێشگر و پاشگری، هەمووی پابەندە بە فڕین و ئەرکی هەنگەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پیتی (ڕ) ی قورس بووە بە پیتی (ر) ی سووک.
نموونەکان:
لەبەر نەبوونی کات و لەسەر داوای بەڕێز دکتۆر ئەحمەد حەمە ئەمین، بۆ ئەوەی فریای بڵاوکردنەوەی ئەم پەڕتووکە بەهادارە بکەوین و لە پێشەکی پەڕتووکەکەیدا ئەم بابەتە بکەیەنە دیاری بۆ خوێنەرانی ئازیز، پشکنینی تەواوم بۆ مانا و ڕیشەی وشەکانم نەکردووە، هەر بۆیە لە ئاییندەدا هیوادارم بتوانم یا خود زمانزانانی بەڕێزی کورد، ئەو ئەرکە بخەنە ئەستۆی خۆیان.
فەڕ
فەرهەنگ، فەرمان، فراوان، فەرمایشت، فەرموو، فەرموودە، فەرتەنە، فەرهود، فەراتەن، فەرجام، فەردا، فەراخوان، ئافەرین، ئافراندن، نەفرەت، فەرامەرز، فەرهات، فەرهاد، فەریدون، فەرڕوز (فیروز) ، فەڕوزکۆ (فیروزکوه) ، فەرسەنگ، فڕین، فەڕ، نیلوفەڕ، جیهانفەڕ، هتد.
فەرەیدون: فەڕی دوون، دوون واتە دەوران، کە لە ئایینی یارسان دوناودونمان هەیە ، کە بە مانای ژیانەوەی دوای مردن دێت، واتە ئەو کەسەی کە جارێکی تر زیندووە بوتەوە و فەڕی (فڕین و ژیان) دووبارە ئەکاتەوە، کە من پێم وایە ژمارە دووش، سەرچاوەکەی هەر دوناودوونە.
فڕین، فەڕ واتە کار و فەرمان سوودبەخشین لە ژیانی هەنگ، کە بە واتای ئازادیش دێت، ئەوە نییە کە لە ، فڕی یا ئازاد بوون هەیە، کە من بۆی ئەچم کە پاشگری Freeئینگلیزیشدا
نزیکە لە ئەنگ یا هەنگە کوردییەوەکەوە!. INGئینگلیزی
هەنگ
هەر وشەیەک پێشگر و پاشگرەکەی هەنگ بوو، بێگومان وابەستە دونیای هەنگە و لە ژیانی هەنگەوە سەری گرتووە، هەرچەند لە هەندێک کاتدا وەک (ئەنگ) ئەخوێنرێتەوە و ئەنووسرێت، وەک ئەنگوین، تەنانەت ترێ کە میوەیەکی شیرینە بە پێی ئێژین؛ ئەنگور، لە هەنگورەوە هاتووە، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە وشەی (مێو) کە هەنوگوینیش هەیەتی، ئەو پەیوەندییە ئەسەلەمێنیت کە ئەنگور و ئەنگوین، پێکەوە هەیانە، سەرەڕای ئەوەی لە هەردووکیان مەی و ومەین و واین و ئەلکهولی لێ درووست ئەکرێت.
ئاهەنگ: ئاکار، ئاوەز، مانۆر، مەرسوم، (ئا) واتە وەک یا چەشن، کەواتە ئاهەنگ واتە وەک هەنگ، هەر بۆیە کورد کە شادی و سەما و هەڵپەڕکێ و خۆشی دەرئەبڕێت، ئەو کاتەیە کە وەک هەنگ کار ئەکەن و کۆتاییەکی بەفەڕ و بەروبوومەوە دێت، بۆیە بە شانازییەوە پێی ئەڵین ئاهەنگ.
تەنانەت کە خودی هەنگ سێ چەشن سەمای هەیە کە بریتییە لە:
1- سەمای لەرزین: ڕاست و چەپ
لە گۆڤەندی کوردیدا لە ڕاستەوە بۆ چەپ و پێچەوانەکەی هەیە.
2- سەمای خوالانەوە: بازنەیی
دیسان لە هەڵپەرکێی کوردیدا خولانە و بازنە درووستکردنمان هەیە.
3- سەمای لەرینەوە: سەر و خوار
لە شایی و هەڵپەرکێی بادینان ئەو لەرینەوە بە ئاشکرا ئەبینرێت.
کەواتە جوڵە و ڕێتمی سەمای کوردی، لە سەمای هەنگەوە سەرچاوەی وەرگرتووە.
نموونەکانی وشەی پەیوەندار بە هەنگ:
هەنگوین: ئەنگوین: هەنگ+وین، وین: وێنە، ڕەنگ.
پەنگ: پورەی هەنگ
تەنگ: تەهی، قوڵایی هەنگ
چەنگ: قیسارە، (ئامێرێکی مۆسیقییە) دەنگ، چەنە بازی ، گوتن و گوفتار.
دەهەنگ: دەم+هەنگ، دەنگ
ڕەنگ: ڕێ+هەنگ، ڕوو= ڕوخسار، ڕووی هەر شتێک.
زەنگ: زیریکە و زیکەزیکی هەنگ، دەنگ، زەنگی هێرش و مەترسی و خۆپاراستن.
ژەنگ: ژەهری هەنگ،
شەنگ: شا+هەنگ، شۆخ، زەریف، جوان.
قەشەنگ: بەقەد+شا+هەنگ، جوان و شۆخ، زێبا.
چڵەنگ: چاڵ+هەنگ، جوان و جەسوور.
مەنگ: مێ+هەنگ، مێهەنگ، ئەوەی هەنگوینەکە ئەپارێزێت، بە کەسێکی ژیر وکەمدوو ئەوترێت مەنگ.
گەنج: گا+هەنگ، جێی هەنگ، لە پێشینان وتوویانە گەنجم دۆزیوەتەوە بە مانای گەنجینەی هەنگوینی دۆزیوەتەوە، لە بەر کاریگەریی وشەکە بە لاو و خورتیان وتووە؛ گەنج. گەنجیش بەمانای گەنجینەی گرانبەها دێت.
درەنگ: دوور+ هەنگ، لەدەرەوەی هەنگە، کاتی فەرمان و هەرمان نییە.
فەنگ: فەڕ+هەنگ، فەرهەنگ، ئاداب، ئەتەکێت، تەشریفات.
پێشەنگ: پێش+ هەنگ، پێش کاروان، پێشڕەو.
سەرهەنگ: سەر+هەنگ.، سەرداری هەنگ،
بێژەن: بێژەنگ، بێژەر+هەنگ، بێژەر.
نگین: ناو+هەنگوین، بەو سەنگە گرانبەها ئەوترێت کە لە ناو ئەنگوستیلەدایە، گرانبەها، سامان.
ئاوڕنگ: ئاور+هەنگ، ئاگری هەنگ، شکۆ، خرەد، دانش و زانست.
نەیڕەنگ: نەڕێ+هەنگ، سڕینەوەی دونیا و ڕێی هەنگ، بە مانای فەریب و فێڵ دێت.
نەنگ: نا+هەنگ، پێچەوانەی و نەرێنی هەنگ، بە مانای شورەیی وعەیبە دێت.
ئەو وشانە و دەیان وشەی تریش پەیوەندارن بە هەنگ و هەنگوینەوە:
سەنگ، لەنگ، مانگ، هەنگاو، لالەنگی، جەنگ، پەنگ، هتد.
ئەم هەموو وشانە کە ڕیشەیان کوردییەوە و لەناو زمانی کوردیدا تا ئێستاش بەکار دێت، مانا و دەلالەتی زۆر نزیکی بە سیستەم و ژیانی هەنگەوە هەیە، ئایا نەتەوەی کورد ، هەنگی کردووەتە ئۆلگۆی خۆی، ئایا ڕەنگدانەوەی ژیانی هەنگ، لە ناو ژیانی کوردەواردا کاریگەریی نەبووە؟، من پێم وایە و زۆریش بە هەرەقەتیمە، ئێمەی کوردیش وەک میللەتانی دونیا، کە ئاژەڵ یا مەلێک و میروویەکیان کردووە بە سیمبولی نەتەوەیی خۆیان، پیوستە هەنگ بکەینە ئۆلگو و سیمبولی نەتەوەیی خۆمان.
چونکە ڕژێم و سیستەمی ژیانی هەنگ، نزیکییەکی زۆری بە ژیاری کوردەوارییەوە هەیە، هەم ئەو هەموو وشانەی کە پڕاوپڕ لە هەنگەوە وەرگیراوە، هەم وەک ئەوەی کورد سۆمەری بووە و هەزاران سالە وەک میسرییەکان سوودیان لە هەنگ و هەنگوین وەرگرتووە و هەم ناو و وشەی هەنگ چووەتە ناو زمان و فەرهەنگمانەوە.
ئەنگوین هەر لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە گرنگایەتی خۆی هەبووە، یۆنانی کۆن، هەنگوینیان بە خۆراکی خوداکان ناوزەند کردووە، میسرییەکان و سۆمەرییەکان 2600 ساڵ پێس زاین، لە گەنم و جۆ و هەنگوین، مەی و ئەلکهولیان درووستکردووە.
ئەبو عەلی سینا، 1000 ساڵ پێش ئێستا سوودەکانی هەنگوینی ژماردووە، و وەک مۆم بۆ تیماری برین و هەو، بەکاری هێناوە.
موریس مترلینک، 1826-1949 کە نووسەر و فەیلەسوفێکی بەلجیکی فەرەنسی زمان بوو، و خەلاتی نۆبلی ئەدەبیی ساڵی 1911 وەرگرتووە، ئیژێت:
هەنگوین، تاکە خۆراکێکی سرووشتییە کە بۆگەن ناکات، ئەگەر هەنگوین لەسەر زەوەی لەناو بچێت و نەمێنیت، ئەوا هەزاران چەشنی گوڵ وگژوگیا لەناو ئەچێت، بە لەناوچوونی هەنگ، شارستانیەتی مرۆڤیش لەناو ئەچێت.
0031-687340876
halabja1@hotmail.com
#دانا هەڵەبجەیی# - لاهای [1]