ناونیشانی بابەت: ئەو ھۆکارانە چین کە دەبنە هۆکاری درووست بوونی ئاو و ئاوسان لە جومگەی ئەژنۆدا؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
1- تەمەن: ھەتا تەمەن زیاد کات بە تایبەتی دوای 50 ساڵی ئەگەری ئاوتێزان زیاد دەکات بە ھۆی داخورانی جومگەی ئەژنۆوە، یاخوود خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی جومگەکە، بۆ نموونە؛ وەستانی زۆر بەپێوە، نوشتانەوەی زۆر، دانیشتنی زۆر.
2- پێکان: بە تایبەت لە ئەو کەسانەی ئەو جۆرە وەرزشانە دەکەن کە لەوانەیە ئەژنۆ تیایدا بسوڕێت، بۆ نموونە: بالە، باسکت بۆڵ، دوو گۆڵی ...هتد.
ئەگەری ئاو تێزان زیاد دەکات بە ھۆی پێکانەوە و پچڕانی بەستەر و تەقینی کرکڕاگەوە.
3- کێشی زیادە: کێشی زیادە کاریگەریەکی خراپی ھەیە لەسەر جومگەکە و ئاوتێزان زیاد دەکات و ئەو کێشە زیادە دەبێتە ھۆی درووستبوونی داخورانی جومگەکە.
4- هەندێک نەخۆشی درێژخایەنی وەکو: نەخۆشی ڕۆماتیزم ، نەخۆشی دەردەشاهانە..هتد.
4- هەوکردنی بەکتیری جومگەکە، کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریایەکی تایبەت ڕوودەدات و یاخود هەوکردنی (بەکتریمیا) لە هەموو لەش و جومگەی ئەژنۆش دەگرێتەوە. کێم و جەراعەت لەنێو جومگەکەدا کۆدەبنەوە و زۆربەی جار بە نەشتەرگەری و پاکردنەوەی جومگەکە کۆتایی دێت.
5- لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لە وانەیە گرێیەکی شێرپەنجەیی یاخوود گرێیەک کە حەمیدەیە و شێرپەنجەیی نییە هۆکاربن.
$دەستنیشانکردن:$
- لەدوای زانینی نیشانەکانی و پشکنینی سەریری لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە ، ھەندێ پشکنینی تر ھەیە کە پێویستە بکرێت:
1- ئێکس ڕەی (x ray) واتە ئەشعەی ڕەش وسپی کەتیایدا دەرئەکەوێت ئەگەر داخوران یاخود شکان ھەبێت لە یەکێک لە ئێسکەکانی ناو جومگەکە ...
2- سۆنەر ی جومگە: بۆ سەیرکردنی بەستەرو ماسوولکەکانی دەوری جومگەکە.
3- ئەشعەی تەنوری (MRI) کە پچڕانی بەستەر یان تەقینی کرکڕاگەکان دەردەخات کە لەوانەیە بە ئەشعەی ڕەش و سپی دەرناکەوێت.
4- دەرھێنانی ئاوی جومگەکەو ناردنی بۆ پشکنینی تاقیگە بۆ زانینی ھۆکاری ئاوسانەکە ، وە لە پشکنینەکەدا دەگەڕێن بۆ:
- بوونی خرۆکەی سووری خوێن کە لەوانەیە لە ئەنجامی پێکانەوە ھەبێت.
- بەکتریا بەھۆی بوونی ئیلتھاب و ھەوکردن لە جومگە کەدا.
- بوونی کریستاڵ: لەئەنجامی نەخۆشی دەردەشاھانە، یاخود دەردەشاھانەی درۆزن.
$چارەسەر:$
دەکەوێتە سەر ھۆکاری ئاوتێزانەکە و توندی ئاوسانەکەو لەگەڵ مێژووی ھەر نەخۆشییەکی تری نەخۆشەکە .. بە پێی ئەوە چارەسەر دەکرێت بەم جۆرە:
- دەرمان: بەزۆری ئازار شکێنەکان (NSAI) ، ئەگەر بە تەنیا چارەسەری ئازارەکە نەکرا بەم جۆرە دەرمانانە ، ئەوا ئەبێت کورتیکۆ ستیرۆیدەکان زیاد بکرێت بۆ کەم کردنەوەی ھەوکردنەکە لە ڕێگەی حەب ەوە یاخود بەشێوەی دەرزی بۆ ناو جومگەکە، کە ڕێگای دەرزی خێراتر و ژیانی لاوەکی کەمترە.
- پشوودان بە جومگەکە: نابێت ئەو چالاکی یانە بکرێت کە فشار ئەخاتە سەر جومگەکە و قورسایی زۆر ھەڵبگیرێت.
- بەکارھێنانی سەھۆڵ یاخود پاکی سارد بۆ کەم کردنەوەی ئاوساوییەکە .بۆ ماوەی 15 - 20 دەقە و ھەموو 2-4 کاتژمێرێک و بەرزکردنەوەی جومگە ئاوساوەکە بەشێوەیەک بەرزتر بێت لە ئاستی دڵ.
- چارەسەری سرووشتی و چارەسەری فیزیایی بۆ باشترکردنی جوڵەی جومگەکەو بەھێز کردنی ماسوولکەکان.
- لە ڕێگای دەرزییەوە، دەرھێنانی ئاوی زیادە لە جومگەکە لەژێر ئامێری سونەردا و لێدانی ستیرۆیدەکان بۆ ناو جومگەکە بۆ کەم کردنەوەی ھەوکردنەکە.
- نازووڕی ئەژنۆ: لەڕێگای کونێکی بچکۆلە و لەژێر نیو بەنجدا ئامێری نازوورەکە ئەبرێتە ناو جومگەکەو جومگەکە پاک دەکرێتەوەو ئەگەر برینداری ھەبێت لە بەستەر یان کرکڕاگە دەدورێتەوە.
- گۆڕینی جومگە: ئەمیش لە حاڵەتە زۆر پێشکەووتووی نەخۆشییەکاندا کە چارەسەری تر نامێنێت پەنا دەبرێت بۆ گۆڕینی جومگەکە.
$چۆنیەتی خۆپاراستن:$
بەھێز کردن ماسوولکەکانی دەوری جومگەی ئەژنۆ ، ئەگەر ماسوولکەکان بەھێز بکرێن فشاری سەر جومگەکە کەم دەبێتەوە.
ھەمیشە جۆرە وەرزشێک ھەڵبژێرە کە فشاری زۆر نەخاتە سەر جومگەکە بۆ نموونە: وەرزشە ئەیرۆبیکەکانی ناو ئاو ، مەلەکردن.
ڕێککردنەوەی کێشی لەش: ھەمیشە کێشی زیادە فشار ئەخاتە سەر جومگەکە و دەبێتە ھۆی درووست بوونی ئاوتێزان ...
تێبینی: ڤیدیۆکە تایبەت بە چارەسەری یەکێک لە چارەخوازە ئازیزەکانمانە، کە بەهۆی داخوران و دەردەشاهانەوە. ئاو لە کیسی سەروو ئەژنۆیدا کۆبۆتەوە و گرنگە لەم حاڵەتانەدا ئەو ئاوە بنێرێت بۆ پشکنین بۆ زانینی بوونی کریستاڵ تیایدا. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=463577&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە=KTML_Link_External_End=