ناوەندی هاوکاری ڕۆژهەڵاتی نیشتمان: مامۆستایانی ئایینیی بەندکراو تێچووی ئازادیخوازی و پشتگرتنی خەڵکی خۆیانە دەیدەن.
ڕێکەوت: #02-02-2023#
دەقی پەیامەکە:
ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا و لە بەردەوامیی ڕەشبگیری چالاکانی سیاسی و مەدەنی و پتر بە ئامانجی کپکردنی شۆڕشی ژینا و سەرکوتی ئاخێزی نوێ و بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، هەزاران کەسیان لە کوردستان دەسبەسەر کردووە کە دەیان کەس لەوان مامۆستایانی ئایینی لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانن. بەشێکی زۆر لە مامۆستا دەسبەسەرکراوەکان لە بێدادگاکانی شۆڕش و هەروەها دادگاکانی تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیدا پاش جەزرەبە و ئەشکەنجەدان سزای لێدانی قامچی، زیندان، دوورخرانەوە و بێبەریکردن لە مافی مەلایەتییان بەسەردا سەپاوە کە لە ڕاستیدا تاوانی ئەوان تەنیا پشتگرتنی ڕاستییەکان و پشتیوانی لە ویست و داوا ڕەوا و بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیدەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵک بووە.
لەگەڵ شەپۆلی بەردەوامی ئەو گرتنانە ڕۆژی یەکشەممە، 9ی ڕێبەندان مامۆستا مەلا یوسف محەمەدی، پێشنوێژی ئاوایی کەڵاتێ لە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە کە چەند ڕۆژ پێشتر خۆی و ماڵەکەیان ئاگر دابوو، بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتن و حوکمدانی مامۆستایانی ئایینی و گوشاری ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ زیاتری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر توێژی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان مەحکووم دەکا و ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری کوژرانی مامۆستا مەلا یوسف و ئەو جینایەتە دەزانێت. مێژووی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمووانی سەلماندووە کە سیاسەتی گرتن و ئێعدام، قەڵتوبڕ و کوشتار و جینایەتە سیستماتیکەکانی ڕێژیم چۆکی بە ئیرادە و خەبات و مافخوازیی گەلی کورد دانەداوە و بەدڵنیاییەوە خەڵکی کوردستانیش ڕۆڵە خەباتگێڕەکان و مامۆستایانی ئایینیی بەندکراوی خۆیان کە لەسۆنگەی ئازادیخوازی، دەروەستی و داکۆکی لە مافی گەلەکەیانەوە گیراون و خراونەتە بەندیخانەوە؛ لەبیر ناکەن و وەک چۆن ئەو ڕۆڵە بەندکراوانەی نەتەوەکەمان لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەدا دەنگ و ئیرادەی خەڵک بوون و هەن، خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤیش دەنگی ئەوان دەبن و وەک ئەرکێکی نیشتمانی و خەباتگێڕی بەهاواریانەوە دەچن.
#ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان#
11ی ڕێبەندانی 2723 کوردی
[1]