$هەموومان ژیانمان خۆش دەوێت!$
چی لەبارەی ژیانەوە بنووسین، ئەو ژیانەی هەموو خۆشمان دەوێت بۆی هەوڵدەدەین و ئاکامەکەشی دەزانین کە مەرگە؟
ئایا خۆشویستنی ژیان هەر لەبەر ئەوە نییە کە بە مەرگ کۆتایی دێت یان هۆی تریشی لە پشتەوەیە، ئەگەر هەموو دەژیین و دەمرین بۆ لەیەکتری دەترسین؟
هەزاران جار بە خۆم دەڵێم ژیان خۆشە و لە بارەی ئەو خۆشیانەوە بدوێ کە هەن: لە هاوڕێیەتیی، پێکەوەبوون، سەردانکردن و خۆشویستنی هەمووان و سەرجەم ئەو چالاکییانەی ڕۆژانە و ساڵانە ژیانی ئێمە بەڕێ دەکەن، بەڵام لە ناواخنی هەموو ئەو خۆشیانەیا ئازارێک و نابەرانبەرییەک هەست پێ دەکەم کە ناتوانم نەیبینم و نەیبیستم.
هەرچەندە چاو دادەخەم و گوێیەکانم دەگرم، نا بە هیچ جۆرێک خۆمم پێ ڕزگار ناکرێ لەوەی شێوە ژیانێک و دنیابینییەک دەبینم تیایدا.
کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان، بە هەمان تایبەتمەندیی مرۆڤ بوونیان لە زیرەکیی توانای فیزیکیی و توانای ئەقڵی وە هەستەکیەکانیاندا هەر مرۆڤی ئاسایین، بەڵام هێشتا بە کەمتر لە کۆمەڵەکەی تر دەبیندرێن کە بڕیاردەر و کارکەر و هەبوونیان سەلمێنراوە لە ژیاندا.
کێ بیرۆکەی ئەم ژیانەی داڕشتووە کە دەبێت تا کۆتاییەکەی ژنان ناچاری خۆسەلماندن بن بە دایکایەتیی، وەفاداریی، گوێرایەڵیی، میهرەبانیی و هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی کە خودی خۆیان وەک مرۆڤ هەیانە.
بەڵام کاتێک لێیان دەکرێت بە مەرجی ڕێگەپێدانیان لە ژیاندا ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئەو مرۆڤە دەکەوێتە بەرانبەر خودی خۆی کە تا ڕادەی بێزاریی لە دڵ گەرمیی و ئارامیی خۆی دەڕووات.
کێ ئەم شێوازە لە بیرکردنەوەیەی بۆ ژیان داهێناوە؟
پیاوان بۆیان هەبێ هەر کات ویستیان دادگایی ژنەکان بکەن، بۆچی لە خەیاڵی ئەو پیاوانەدا ژنەکان مەترسی هەبوونی ئەوانن و بەپێویستی دەزانن کۆنترۆڵیان بکەن؟ بۆچی لە خەیاڵ و نەستی بەشێکی زۆر لە ژنەکاندا پیاوەکان مەترسین بۆ ژیان و کەسایەتییان؟
بۆچی ژنەکان لە پیاوەکان دەترسن و پیاوەکان لە مرۆڤ بوونی ژنەکان دەترسن؟
ئەگەر ترس نەبێت ئایا ناتوانین بژین؟
چی وای کردووە ترسی پیاوان لە یەکسانیی و هاوبەشیەتیی ژنان کاریگەریەکیی وا قووڵ لەسەر ژیان دابنێت؟
[1]
#هاوژین زیبا#