$کام ئێستا؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە چیرۆکی شازادە بچکۆلەکەی ئانتۆنی دی سەینت ئێکزۆپێریدا ڕستەیەکەی سەرنج ڕاکێش هەیە دەڵێت ئەوە ئەو کاتەیە کە پیرۆز و شیاوی بیرکردنە کە تۆ لە پەروەردکردن و گەورەکردنی گوڵەکەتدا بە خەرجت داوە نەک گوڵەکە خۆی، تۆ بیری کاتەکانی خۆت دەکەیت لەگەڵ ئەو گوڵە نەوەک گوڵەکەت. کاتێک شازادەکە زۆر بیری گوڵەکەی دەکات کە لەهەسارەیەکی دیکە بەجێی هێشتووە ڕێوی کە کاراکتەرێکی تەواو عاقڵی نێو چیرۆکەکەەیە بەم جۆرە وەڵامی شازادە بچکۆلە دەداتەوە.
لەڕاستییدا ئەوەی پێی دەوترت نۆستالژیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو هەر شتێکی لەم جۆرەیە. کاتێک هەموومان حەز بە دەنگی ماملێ و حەسەن زیرەک دەکەین، جیاواز لە دەنگە ڕەسەن و پڕ جۆشەکەی ئەو دوو هونەرمەندە، ئێمە بیری ئەو کاتانە دەکەین کە لەڕابردوودا لەگەڵ ئەو دەنگ و مەقامانەدا بەسەرمان بردوون. دەنا بۆچی گۆڕرانییەکانی ئێستا بەو هەموو ئامادەسازییەی کە بۆی دەکرێت چەند هەفتەیەک بڕناکەن و لەگەڵمان نامێننەوە؟ من پێم وایە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی کواڵیتیی هونەرمەندەکەوە هەیە بەشە گەورەکەی پەیوەندی بە جەنجاڵی ئێستامانەوە هەیە کە کاتمان نییە لەگەڵ ئەو بەرهەمە هونەریانە بەسەری ببەین و ئەوانە نابنە بەشێک لە کاتەکانی لەدەستچوومان. تەنانەت ئەم قسەیە بۆ شیعرەکانی شێرکۆبێکەس و گۆران و ئەحمەدموختار جافیش ڕاستە کاتێک بەراوردیان دەکەین بە مەحوی و بێخود و نالی.
شاعیرێک لە شاعیرێکی دیکە شاعیرتر نییە، ئەوە کۆنەستی ئێمەیە بەهۆی ژیان لەگەڵ هەندێکیاندا بەنەمریی دەیانهێڵێتەوە و هەندێکی دیکەیان ون دەکات و وایان لێدەکات بەرگەی زەمەن نەگرن.
ئێمەزیاتر لەوەی حەزمان بە دەنگی ماملێ و حەسەن زیرەک بێت وبۆیان بگەڕێینەوە، حەزمان بە گەڕانەوەیە بۆ ئەو کاتانەی خۆمان کە بە زۆری لەگەڵ ئەو دەنگانەدا بەسەرمان بردوون.
بە دڵنیایی ئێستا شتێکە زیاترە لە ڕابردوو و کەمترە لەداهاتوو، ئەوەی وایکردووە کە میللەتی ئێمە بەتەواوی لە هەموو بوارێکدا چەقبەستووبێت ئەم حەزە ناکامڵەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردووە. شازادەبچۆلەکە نەیدەزانی داخۆ بۆچی دەبێت ئەو گوڵە ئەوەندە گرنگ بێت بۆی، ڕێوی کە نوێنەرایەتیی عەقڵێکی ڕەیشناڵ دەکات لەو چیرۆکەدا ئەم تەلیسمەی بۆ دەکاتەوەو پێی دەڵێت تۆ بیری کاتەکانی خۆت دەکەیت لەگەڵ ئەو گوڵە نەک خودی گوڵەکە، قەزییەکەت بە تەواویی قەزییەیەکی خۆپەرەستانەی خۆدسەنتەرە سەبجێکتیڤە ئەوە خۆتی بە ئەوسەنتەرئۆبجێکتیڤ دەیبینیت.
تەماشای دۆخی کۆمەڵایەتی وسیاسیی و ئابووریی و کوردستان بکەن ئەمڕۆ، هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان حەزێکی کوشندەمان هەیە بۆ ڕابردوو. ئەم حەزە کوشندەیە لەوە دەرچووە نۆستالژیا بێت و بیری بکەین، حەزی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ئێستاو داهاتووشی تارومار کردووین.
حەزی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو حەزێکی ئەوەندە کوشندەیە نەک هەر وات لێدەکات داهاتوو نەبینیت و پڕۆژە و ستراتیژت نەبێت بۆی، بەڵکوو لە ئێستاشت دەکات و بە نێو دەهلیزەکانی ڕابردوویەکی لەدەستچووی نەنووسراوی شەفەوییدا تلێر تلێر تلماندەکاتەوە.
جارێکی دیکە تەماشای وەڵامی ئەو ڕێوییە زیرەکە بۆ شازادەکەی نێو چیرۆکەکەی ئێکزۆپێریی: ئەوە ئەو کاتەیە کە پیرۆز و شیاوی بیرکردنە کە تۆ لە پەروەردکردن و گەورەکروونی گوڵەکەتدا بە خەرجت داوە نەک گوڵەکە خۆی، تۆ بیری کاتەکانی خۆت دەکەیت لەگەڵ ئەو گوڵە نەوەک گوڵەکەت. شازادە پێی وابوو گوڵەکەی دەبێت تەقدیس بکرێت، لەکاتێکدای جوڵە شاراوەکانی نێو نەستی شازادە بۆ کاتە لەدەستچووەکانی خۆی بوو لەگەڵ ئەو گوڵەدا نەک خودی گوڵەکە.
ئەمڕۆ کۆنەستی تاکی کورد زۆر لەو نەستەی شازادەبچکۆلە دەچێت لەبەرانبەر ڕووداوەکاندا. تەماشا سەرکردە سیاسییەکان بەردەوام چاوەڕێی بۆنەیەکن تا شۆڕش و داستان و تەقوتۆقەکانی ڕابردوویان بەبیر بهێننەوە و بۆی بگەڕێنەوە و لەبەرانبەریانەوە شیعرو شانامە بهۆننەوە ، نەک تەنیا گەڕانەوە لەبەرانبەریانەوە، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی ئیفلیج هەنێ دەردەدڵی و زوخاو هەڵدەڕژن گوایە ڕۆژە ئاڵتوونییەکان ئەو ڕۆژانەبوون و ئیدی ناگەڕێنەوە و ئێستای ئێمە قەرزارباری ئەو ڕابردووەیە. ئەم حاڵەتە کە من پێم وایە دەبێت ناوی بنێین نامۆبوون بە زەمەن تەنیا لە داهاتوومان ناکات بەڵکوو ئێستاکەشمان وەک ئێستای سیاسییەکانی کوردستانی ئێراق وێران دەکات.
تەماشا گرنگرترین مۆتۆی حیزبەکان لەم سەروبەندی هەڵبژاردنانەدا چین جگە لە گەڕانەوەیەکی کوشندە بۆ ڕابردوو. نموونەی داستانەکانی ئاراس و سحێلا و پردێ و شۆڕشی ئەیلول، یەکێتی دەکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران و یەکێتییەکەی مام، یەکەمین فیشەکی شۆڕشی نوێ من تەقاندوومە، لاماننەداوە لە ڕێبازەکەی ڕەوانشاد و هەمیشە بۆ ئەو دەگەڕێینەوە چین جگە لە گەڕانەوەیەکی کوشندە و نالەبار بۆ ڕابردوو و خەسین تێیدا بۆ ئەوەی داهاتوو نەبینین؟
ئیسلامییەک پێی وایە لە هەشتاکاندا ئەمان لە زناری پەروەدەو تەعالیمی دینییدابوون و دەبێت جارێکی دیکە ئەو ڕاپەڕینە ڕۆحییە لە کۆمەڵگادا بڕوێننەوە و ئوسرەی هەشتاکان دەستپێبکەنەوە، هەندێکیان زیاتر دەڕۆنەوە بۆ دواوە پێیان وایە دەبێت کۆمەڵگایەکی وەک 1440 ساڵ بەر لە ئێستای وەک کۆمەڵگای پێغەمبەر و ئەسحابەکانی درووستکەنەوە، لەکاتێکدا هیچ جوڵەیەکیان نییە بۆ درووستکردنی ئەو کۆمەڵگایەو بەردەوام مەناقیب و شەمائیلی ئەوڕابردووە بەردەوام وەک خەڕەک دەڕێسنەوە وخۆیانی پێ مەست دەکەن بە بێ ئەوەی بتوانن ئەو ڕابردووووە بکەنە بزوێنەرێک بۆ ژیان لە ئێستا و ستراتیژێک بۆ داهاتوویان.
مونەجیم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا
کەپیرێژن هەمیشە هەر لەئەحواڵی خەڕەک دەدوێ
مەحوی
هاووڵاتییە سادەی ئەم کۆمەڵگایەش لەمە بەدەر نییە، هەموومان بە جۆرێک لەجۆرەکان نۆستالژیامان کردووە بە بەدیلی ژیان لە ئێستادا و نەبینینی داهاتوو. ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار زادەی بیرکردنەوەیەکی بیماری لەمجۆرە زیاتر شتێک دیکە نییە.
ئەوەی گرنگە ڕابردووی لەدەستچوو و شتەکانی نێوی نییە، ئەوەی گرنگە ئەوکاتەیە بەو شتانەوە بەهەدەر دراوە و ئێستا ئێمە بۆی دەکڕوزێینەوە. [1]