$مردن هەر مردنە و کۆچیش هەر کۆچە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
چی وادەکات هاووڵاتییەک خۆی بە تایەی فڕۆکەیەکدا هەڵواسێت بۆ ئەوەی نیشتمانەکەی بەجێبهێڵێت؟ جیاوازی چییە لەنێوان خنکانی ئێمە لە ئیجە و کەوتنەخوارەوەی ئەفغانییەکان لە فڕۆکەی ئامریکاییەکان؟ مەگەر مردن هەر مردن نییە؟ بێزارییەکە هەمان بێزاریی نییە؟ هەڵهاتن لە زێدی خۆتەوە بێت یان لە ئێرران و تۆرانەوە چ جیاوازی دەکات؟
گەر ئێستا فڕۆکەخانەکانی سلێمانی یا هەولێر وەک فڕۆکەخانەی حامید کەرزای خەرق بکرێت، هەمان سیناریۆ دووبارە نابێتەوە؟ ئەوە چییە وادەکات سلێمانەییەک و کابولییەک، هەراتییەک و هەولێرییەک هەمان ئازاریان هەبێت؟ ڕاستە ئەفغانییەک ناتوانێت لە پشووی هەفتانەی کەنار دەریایەک، دیزنی ۆرڵد، سینەما و شانۆگەریی تیاتۆرخانەکان و جلوبەرگی لاکۆست و گوجی و کاتژمێری ڕۆلێکس و ڕیچارد میڵ تێبگات، بەڵام هەروەک ئێمە زۆر چاک لە ناعەدالەتی تێدەگات، ئەوەشی بۆی بە هەڵپەیە مشتێ عەدالەتە نەک زەردووسووریی دونیا و لوگژەریی و فانتازییا موغرییەکانی.
ماوەی هەفتەیەکە بە 6 زمانی جیاواز لەسەر ڕووداوەکانی ئەفغانستان و ئامریکا دەخوێنمەوە، کەسانی زۆر ئاکادیمی قسە لەسەر ڕووداوەکانی ئەفغانستان دەکەن، بەڵام هیچ خوێندنەوەیەک هێندەی خوێندنەوەی ئەو هاوڕێ کوردانەم کە لێرە لە فەیسبووک بە کوردیی دەنووسن دەقیق و مەعقول و واقیعی نییە، چییە وایکردووە ئێمە هێندەی ئەفغانیەک هەست بە موعانات و ئازار و نەهامەتییەکانی ئەو وڵاتە بکەین و بتوانین خوێندنەوەی درووستمان بۆ واقیعەکەیان هەبێت؟ بێدەوڵەتیی؟ نەخێر خۆ ئەوان دەوڵەتن، گەندەڵیی؟ بەدڵنیایی نەخێر چونکە گەندەڵیی لە ئێستادا وەک کۆڤید19 پاندێمیکە لە هەموو جیهان.
بەبڕوای من سێ خاڵی هاوبەشی ئێمەو ئەوان هەیە کە وایکردووە ئێمە لە کابوولیی و قەندووزییەک ئەفغانیتر بین، ئەوانیش ْفەقر و جەهل و تەفرەقەن لەسەر ئاستی جڤات و ناعەدالەتیش لەسەر ئاستی دەسەڵات و دەوڵەت، هەستی ئازاری هاوبەش کۆی کردووینەتەوە وەک دەگوترێت سەد حەکیم هێندەی دەردەدارێک نازانن.
ئەفغانییەکان پێچەوانەی ئەو بۆچونەمان بۆ دەسەلمێنن، بە زمانی حاڵ دەڵێن کەرامەتی ئینسانیی پەیوەندیی بە بوون یان نەبوونی دەوڵەتەوە نییە. ئەفغانستان زیاد لە نیو سەدەیە دەوڵەتە، بەڵام بۆ وەک ئێمە ئەوانیش هەزار و یەک ڕێگەی هات و نەهات بۆ هەڵهاتن دەگرنە بەر؟
ئەوەی لە ڕۆژهەڵات هەیە و کۆمەڵگاکانی تووشی شکستی دەستەجەمعیی کردووە هەژاریی و ناهۆشیاریی و دووبەرەکییە فەقر، جەهل، تەفرەقە، نەک بێدەوڵەتییٚ.
گەر سەرانی ڕیفراندۆم یەکێک لەو سێ ئافەتەیان لەم سی ساڵەی دواییدا حەل بکردایە دەکرا بڵێین ویستی بوون بە دەوڵەت ویستێکی ڕاستگۆیانە و کامڵبووە. [1]