$دەستنووسێکی خراپی خۆت باشترە لە سەد کۆپی چاکی خەڵک!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
تۆ دەبێت بە پێیەکانی خۆت و بە ئیرادەو پرسیار و ئەژێنداوە بچیتە مۆدێرنیتە، ناکرێت کەسێکی دیکە بۆ ئەو دونیایەت بگوازێتەوە، هەموو ڕاکێشانێکت بۆ ئەو دونیایە وەک لاستیکێک لەپاش نەمانی ڕاکێشەرەکە دەتگەڕێنێتەوە دۆخەکەی خۆت.
چل ساڵە ئەفغانستان لە خودە ڕاستەقینەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە. دەمێک بە بیانووی کۆمیونیزم و دەمێکی دی بە بیانووی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ و نیولیبرالیزم هەڵدەفریوێندرێ و بەلاڕێدا دەبردرێت، ئەمە لەکاتێکدایە پێکهاتە سەرەتاییەکانی ئەو گەلە لە هۆز و تیرە و کەمەنەتەوەییەکانی دیکەی نە بۆ کۆمیونیزمەکەی سۆڤێتی جاران و نە بۆ لیبراڵ دیموکراسییەکەی بۆشی کوڕ ئامادنەەبوون.
داواکردنی دیموکراسیی و مافەکانی مرۆڤ لە گەلی ئەفغانی لەمکاتەدا وەک داواکردنی تێشگەیشتنی منداڵێکی سەرەتاییە لە فیزیای کوانتەم.
خەڵکی ئەفغانسان نە ئامادەسازیی بۆ کۆمیونیزمەکەی سۆڤیتی جاران هەبوو نە بۆ دیموکراسییەکەی ئامریکا. ئەفغانەکان خامبوون، وەک هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەنگاویان بەرەو پوختەبوون هەڵدەهێنا، وەک برینێک کە تازە قەتماغە دەبەستێت بە بیانووی سیتمێکی باشتری بەڕێوەبردن بەردەوام زامەکەیان لەلایەن زلهێزەکانەوە هەڵدەکەنراو دەکولێندرایەوە. ئەم برینە نە ئەوەبوو بەتەواوی بیکوژێت نە ئەوبوو بهێڵن ساڕێژ بێت. هەموو جارێک لەگەڵ هەڵکەندنیدا بەکپارچە گەل و وڵاتەکە دەباتەوا سەر خاڵی سفر و سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە.
ئەوان ئێستا نە خامەکەی جارانی قوندوز و قەندەهار و هەراتن، نە دەشتوانن ببنە مۆسکۆ و نیویۆرک و برۆکسل.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین زرکەتاڵێکە هەموو جارێک پێش ئەوەی پێبگات بەکاڵی و کەڵبەیی لێدەکرێتەوە و پاشان خل خل کۆمەڵگاکە بۆ خاڵی سفر تلێر دەکاتەوە. تاڵیبان زەروورەتی کۆمەڵگای ئەفغانیی ئەمڕۆیە، بەشی زۆری خەڵک لە بیست ساڵی ڕابردوودا خانەخوێی ئەو بزووتنەوەیە بوون. گەلەکە دەبێت لەگەڵ تاڵیبان ئەو ڕێگایەی لە پێشێتی بۆ تەکامولی کۆمەڵایەتیی بە کاوەخۆ بیبڕێت. ئەوەی وا دەکات گەلی ئەفغانی نەگاتە مەنزڵ دەستواردانیی دەرەکییە. کۆمەڵگاکان سرووشتی میوەیان هەیە، دەبێت بە سەرماو گەرمای زۆردا تێپەڕن تا پێدەگەن، ئەم پێگەیشتنەش ناوەکییە و پەیوەندیدارە بە هەمان ڕەگ و قەدو گەڵای ئەو دارەی کە پێوەی بەندن نەوەک کیمیایی و سەماد و فاکتەری دەرەکی. هەموو پێشوەخت ڕنینێکیان لە پێگەیشتن دووریان دەخاتەوە و دەیانخاتەوە ساڵی داهاتوو. ئیبن خەلدون پێی وایە کۆمەڵگاکانیش وەک مرۆڤەکان بە قۆناخەکانی منداڵی و هەرزەکاری و پێگەیشتوویی و کامڵی و پاشانیش پیربوون و مردندا تێدەپەڕن.
ناکرێت لەگەڵێکی ناکامڵی وەک گەلی ئەفغانی چاوەڕێی سیستمێکی سۆشیال دیموکارسیی بەلجیکیی بکەین. [1]