$منداڵ هەبێت یا نەبێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
دوێنی یەکی ئۆگەست بوو. لەدونیادا ئەو ڕۆژە بەڕۆژی جیهانیی جیهانێکی بێ منداڵ Child free دادەندرێت. کەسانێک کە ژیانی هاوسەرگیرییان پێک هێناوە بەڵام بڕیاریان داوە منداڵ نەخەنەوە ئەم ڕۆژەیان وەک ڕۆژی نەخستنەوەی منداڵ دیاری کردووە. هەندێک لەمانە لە کۆمەڵگاکانیاندا ڕوبەڕووی سەرزنشتکردن و تانەوتەشەر دەبنەوە.
بیردۆزێکی سایکۆلۆجی هەیە پێی وایە تاکە شتێک مرۆڤ وادار بکات پەیوەندییەکانی بە ڕابردوو و داهاتووەوە ببچڕێنێت و لە ئێستادا بژی و لەززەت لەو ئێستایەی وەربگرێت کە تێیدا دەژی منداڵە. خوێندنەوە و ئەزموون وایان لە ئێمە گەیاندووە کە ئێستا شتێکە زیاترە لە ڕابردوو و کەمترە لە داهاتوو. لەژێر ئەم بۆچوونەدایە ئێستاکەمان لە ئیختیاری خۆماندایە کە چۆنی بەکاربهێنین، بەڵام ئەو ئێستایە کاتێک دەکەوێتە بەر شاڵاوی بە پەنجەگەستن بۆ ڕابردوویەکی لەدەستچوو و هەڵپەی داهاتوویەکی نادیار و نەهاتوو هەمیشە وەک ئەوەی مرۆڤی ئێستا زایە دەبێت.
مەحوی دەڵێت:
چووە چوو، خۆ نەهاتوو نادیارە حاڵە ماڵت بێ
بەس ئەم نەقدە بکە سەرفی غەمی موستەقبەل و ماضی
دەخیلت بم کوڕی ئەمڕۆ بە، فەردا وا دەکەم هیچە
چ فەرداها تیا نەکراوە کارێک و بووەتە دوێنێ
برا فکری چرا کبریتی فورسەت تا لەدەستایە
شەوی یەڵدات لەپێشە ڕۆژی عومرت وەختە ئاوابێ
بە گوێرەی ئەو بیردۆزە منداڵ وا دەکات باوک یا دایک ڕیشەکانی ڕابردوو و گرێنەدەن بە هەڵپەکانی داهاتووەوە، منداڵ ئەو هێزەیە وا لە مرۆڤ دەکات بەوردی حیساب بۆ چرکە بە چرکەی ئێستاکەی بکات.
بە گوێرەی بۆچوونەکانی ئەهلی حاڵ و تەسەوفیش گرنگترین ئیکسیرێک وا لەمرۆڤ بکات ژیانەکەی مانادار بێت ئەوەیە کە بەندەو غوڵامی ئەو چرکەیە بێت کە تێیدا دەژی، نە ڕابردوو نە داهاتوو گرنگ نەبێت بەلایەوە:
صوفی ابن الوقت باشای ڕفیق
نیست فردا گفتن از شرط طریق
ماناکەیئەی دۆست سۆفی و کوڕی ئەو چرکەیە بە کە تێیدادەژییت، کەی مەرجی ڕێگا باسی بیرکردنەوەی لە سبەینێ تێدابوو؟
گەر ئەم گریمانەیە وەک دەستکەلا وهۆکارێک بۆ منداڵخستنەوە قەبوڵبکرێت ئەوا لەبەرانبەردا هەندێ لە بیرمەندانی ئەخلاق چەند مەرج و ڕێسایەکیان دناوە بۆ وەچە خستنەوە، لەئەگەری نەبوونی ئەو مەرجانەدا ئەوان بەتوندی دژی وەچەخستنەوەن. بیرمەندێکی فەلسەفەی ئەخلاقی وەک مستەفا مەلەکیان پێی وایە دەبێت ئەم مەرجانە هەبن ئەوسا بیر لە منداڵ خستنەوە بکەینەوە:
یەکەم/ دەبێت بزانیت کە لانی کەمی ژیان و مەعیشەتی ماددیت بۆ ئەو منداڵە فەراهەم کردووە.
دووەم/ دەبێت ئاگایی تەواوت لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، و سایکۆلۆژیی دەستەجەمعی کۆمەڵگاکەت هەبێت و پێشوەخت پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکەت گارانتی کردبێت.
سێیەم/دڵنیابیت لەوەی سبەی ڕۆژ منداڵەکەت لەو باوەڕ و بۆچوون و بەها گەردوونییانە کە ئەمڕۆ باوەڕت پێیان هەیە دروورتناخاتەوە.
گرووپی سێیەم ئەو گرووپەن کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بە منداڵخستنەوە نییە. ئەوان پێیان وایە ناکرێت ئەوەندە خۆپەرەست بین و شتێکی نالۆژیکییە بۆ لەززەت و خۆشی خۆمان و درووستکردنی بەهەشتێک بۆ خۆمان منداڵێک بهێنینە نێو دۆزەخێک کە پێی دەوترێت ژیان. ئەوان لە تەنیشت بیردۆزە وجودییەکانیانەوە پێیان وایە دونیا و مەعیشەتی ئەمڕۆ ژینگەیەکی شیاو نییە بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە. پیس بوونە ژینگەییەکان، کەمبوونەوەی ئاو، گۆڕانە لەپڕەکانی کەشوهەوا، زیادبوونی ڕق و توڕەیی سیستم و حاکمەکان، باڵادەستبوونی تەکنەلۆژیای و ئەی ئای و کەمبوونەوەی هەلی کار و ژیانێکی مامناوەند هەموو ئەو هۆکارانەی دیکەن کە نابێت ئێمە منداڵێکی بەستەزمانیان پێوە گیرۆدە بکەین.
هەندێک لە بیرمەندانی مێژوو لەوانە یوڤاڵ نووح هەراری پێی وایە ئەوە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ئێمە ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین لا پەنجا ساڵی داهاتوودا لەگەڵ چ جۆرە دونیایەکدا دەستوپەنجە نەرم دەکەین. مرۆڤ بە درێژایی ژیانی لەسەر ئەم ئەستێرەیە توانیوێتی پێشبینی بۆ داهاتوو هەبێت، بەڵام لە ئێستاداو بەهۆی پێشکەوتنە ئەلگۆریتمییەکانی ئەی ئای و تەکنەلۆژیا، هیچ کەسێک لوکسی ئەوەی نییە بزانێ پەنجا ساڵی داهاتوو چ جۆرە کارێک ڕەغبەتی لەسەر دەبێت، چ جۆرە کارێک بەتەواوی دەرێتە دەست ماشێن و ڕۆبۆتە ئالگۆریتمییەکان. هەر بۆیە لە ئێستادا ئێمە ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە منداڵەکانمان دەبێت چ جۆرە کارێک هەڵبژێرن بۆ ئەوەی داهاتوویان مسۆگەر بێت. دەشێت منداڵێک فێری جۆرە کارێک بکرێت بەڵام لە تەمەنی چل ساڵی ناچار بە گۆڕینی کا بکرێت چونکە کارەکەی خۆی ئیدی لەو دونیا نوێیەدا جێی نابێتەوە. و ژیانی پێدابین ناکرێت و ڕۆبۆتەکان ئەنجامیدەدەن. شارەزایانی سایکۆلۆژیای منداڵ و پەروەرد جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت سیستمی پەروەردە و فێرکردنی نوێ سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، منداڵ وا بار بهێندرێت توانای ئەوی هەبێت لە تەمەنێکی وەک تەمەنی 35 ساڵی کارەکەی بگۆڕێت و کارێکی نوێ فێر ببێت.
گرووپی سێیەم ئەم باسە وەک هۆکارێک بۆ منداڵ نەخستنەوە یا دابەزاندنی خستنەوەی منداڵ بۆ کەمرتین ژمارە دەوروژێنن.
بۆچوونی خۆم/
جان جاک ڕۆسۆ پێی وایە ژیری تاکە شتێکە کە کەسمان گلەیی لە کەمبوونی ناکەین، هەموومان بهو بەشەی کە پێمان دراوە ڕازین، نەک هەر ڕازین شانازیشی پێوە دەکەین. دەشێ لە چانس، دۆخی ژیان، بڕی ئەو پارە و سامانەی کە هەمانە ناڕازی نەبین، بەڵام کەسێک نییە لەم دونیایە لەو بڕە ژیری و هۆشمەندییەی کە پێیدراوە یا هەیەتی ناڕازی بێێت.
پێم وایە مەسەلە وەچەخستنەوەش بە شێوەیەک لە شێوەکان دەچێتەوە سەر هەمان قسەکەی ڕۆسۆ. کەس نییە لەم دونیایە لە بوونی منداڵێکی خۆی ناڕازی بێت. دەشێت مرۆڤ نەهێڵێت منداڵی ببێت، بەڵام هیچ کەسێک لە دوای بوون هیچ منداڵێکی خۆی لێ زیا نییە. منداڵ ئەو کائینەیە زۆرجار دوو مرۆڤی دیکە بەرەو کەماڵ پەلکێش دەکات. لە تەرمینۆلۆژییە دینیەکەدا خودا دەڵێت لە ترسی ڕزق و نەبوونی منداڵەکانتان مەکوژن ڕزقیان لای ئێمەیە. ولا تقتلوا ولادکم خشیە املاق نحن نرزقهم غەزالیش پێی وایە تەنیا کرێیەک پێشوەخت بدرێت کرێی منداڵبوونە، ئەو پێی وایە لەززەتی ئۆرگازمێکی دوای سێکس پێشەکی و کرێی ئەو ماندووبوونەیە کە ئەو دایک و باوکە لە هەوڵیان بۆ گەورەکردن و پەروەردەکردنی ئەو منداڵە دەیدەن کە بڕیارە لەو جووتبوونە لەدایک ببێت.
بەبۆچوونی من مرۆڤ دەبێت بزانێت لە چ ژینگەیەک و بۆ چ مەبەستێک و بە چ ژمارەیەک منداڵ دەخاتەوە. هەموو ئەو بۆچوونانەی سەرەوە هەڵگری بەشێک لەحەقیقەتن، لەهەمان کاتدا دیوێکی تاریکیشیان هەیە. گرنگە بەبێ کەوتنە ژێر باری دیوە تاریکەکەی ئەو قسانە بتوانین ئاییندەیەکی باشتر بۆ منداڵەکانمان درووستبکەین. بەقەولی فارسەکان منداڵێکی کەمتر ژیانێکی باشتر یک فرزند کمتر زندگی بهتر، بەبۆچوونی بەندە ڕۆژەکەی ڕۆژی منداڵی زۆر نییە، دەشێت مرۆڤ ئەمڕۆ کواڵیتیی ژیان و پەروەردەی منداڵەکانی بەرزکاتەوە و ئەنجامێکی باشتری لە ژمارەی منداڵەکانی دەستکەوێت. دەشێت کەسێکی خاوەن ئیرادە و دیسپلین و بەهای گەردوونی و پەروەردەی باش و ویژدان زیندوو، هێندەی سوپایەک لە کەسی بێ ئیرادەی کەرامەتشکێنراوی برسیی کاریگەریی زیارت بەجێبهێڵێت لەسەر کۆمەڵگا. [1]