$زیانلێکەوتووان بە چا قەرەبوو دەکرێنەوە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئاردۆگان پێش چەند مانگێک دەیوت دەچینە سەر مانگ، بەڵام ئێستا چوار فڕۆکەی نییە ئاگرەکەی سەرزەویی بۆ بکوژێنێتەوە، سیاسەتی حەماسیی و دنەدانی خەڵک بە حەماسەت تا شوێنێک بڕ دەکات، لەپڕ منداڵێکت لێ پەیدا دەبێت هاوارکا پاشا ڕووتە. ئێستا کە دەبینێت باری سەر شانی لارە دەستی کردووە بە فرۆشتنەوەی ئەدەبیاتی نیشتمانپەروەریی و شۆڕشگێڕیی و مەترسییەکانی دەستی دەرکی و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەکە و بە خائین نیشاندانی نەیارەکان بە تایبەتی هەدەپە.
لەکاتێکدا یۆنان و یەکێتی ئەوروپا داواکارییان پێشکەشی تورکیا کردبوو بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکانی تورکیا، تایب ئاردۆگان داواکارییەکەی ڕەتکردنەوە و دارستانەکان تائێستاش هەر دەسووتێن. چالاکوانانێکی سیاسیی تورک دەنووسێت ئەمڕۆ لە تورکیا نەفامێکی حاقیدی سوڵتەگەر بە مێنتاڵیتی سەرۆک خێڵێکی کین لە دڵ حوکم دەکات، حوکمڕانیی بە شەڕی دەستەویەخەی کوێخای دوو دێ تێگەیشتووە، یارمەتیی ڕوسیا قەبوڵ دەکات و هی یەکێتی ئەوروپا ڕەتدەکاتەوە، لەکاتێکدا خۆی پارەکانی لە ئەوروپا هەڵدەگرێت و منداڵەکانی دەرچووی زانکۆکانی ئەوروپاو ئامریکان، هاوکات بێشەرمانە لەبری کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەسەر ستەیجێکی بەرزەوە کیسە چا بەسەر زیانلێکەوتوانی ئاگرەکەدا فڕێدەدات
پێش هەڵبژاردن کە ئومێد خۆشناو عەلاگە خەیاری دەبەخشییەوە، لە سۆشیال میدیا زۆری پێکرو زۆریشی لەسەر وترا، سەدرییەکان پێش هەڵبژاردن منداڵ بە بەلاش خەتەنە ئەکەن و هەندێ کاندیدی دیکەی نەجەف مریشکی بەستوویان بە لۆگۆی خۆیانەوە دابەش دەکرد.
تێگەیشتن لەمانە هەمووی ڕێیتێدەچێت، لەوانەیە کاک ئومێد خۆشناو سایکۆلۆجی خەڵکی بنەسڵاوەی هەولێری خوێندبێتەوە و بۆی دەرکەوتبێت حەزیان لە خەیارە بۆیە عەلاگە خەیاری بۆ دەبردن، یا لەوانەیە موقتەدا سەدر پێی وابێ ئەم نەبێ خەڵک نازانن گەڵ و گونی منداڵەکانیان ببڕن بۆیە کامپەینی خەتەنکردنی بەلاشی لە مەدینە سەدر ڕاگەیاند، بەڵام ئەوەی سەیرە دوای ئەو ئافەتەی بەسەر دارستان و دێهاتەکانی تورکیادا هات ڕەجەب تایب ئاردۆگانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە ئاسمانەوە چا بەسەر خەڵکە زیانلێکەوتووەەدا دابەش دەکات. خەڵک ئاوی خواردنەوەی نییە، ماڵی سووتاوە، کێڵگەکەی بووە بە قەرە بارووت، دەرەتانی نەماوە بەڵام سەرۆکی وڵات ڕوبعە کیلۆیەک چای لەدوورەوە بۆ هەڵدەدات.
عەلی باباجان دامەزرێنەری ئاکەپە و هاوڕێی پێشوتری ئاردۆگان لە تویتەر سەبارەت بەم ڕووداوە دەنووسێت: ئیدی بەسە، شتێک هەیە پێ دەڵێن عەیبە، کەمێک عەیب بتگرێ!
خەڵکی پاریس کە دەیانگوت برسیمانە، نان نییە بیخۆین، کچەکەی لویس لەپەنجەرەی کۆشکەوە دەیگوت مادەم نان نییە بۆ پسکیت ناخۆن، ئەم مۆتۆیە بڵێسەی بە شۆڕشی فەرەنسی سەند و کۆتایی بە ژیانی لویس و کچەکەشی هێنا. چاکەی ئاردۆگان زۆر لە پسکیتەکەی کچەکەی لویس تراژیکۆمیدیترە، پێناچێت تورکیا بچێتەوە پێش دۆخی سووتانی دارستانەکانی. [1]