$تازە ئیتر ترێ نابێتەوە بە بەرسیلە$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
کاتێک سەرۆکەکەت، سەرکردەکەت یا خاوەنەکەت دەڵێت شەهیدان خوێنی خۆیان بۆ ئەم نیشتمانە و لەپێناو کوردایەتیدا و بۆ بەرگریکردن لەخاکی پیرۆزی کوردستان ڕژاند، و ئەوەشی کەماوە ئامادەیە خوێنی خۆی بۆ نیشتمان بڕژێت هیچ گومانت نەبێ لەوەی بە زمانی حاڵ دەیەوێ پێت بڵێ لەپێناو مندا خوێنی خۆتان ڕژاند و دەبێت هەر لەپێناو من و بۆ مانەوەی من زیاتر بڕژن، ئەوان زۆر زانایانە کار لەسەر دنەدانی ئەو هەستە سەرەتاییە دەکەن کەهێشتا لەکۆمەڵێک مرۆی لە مێژوو بەجێماو قوڵپ دەدات. مۆتۆی شەهیدان و خوێنی شەهیدان مۆتۆیەکی ستۆک و بەسەرچووی سەدەکانی ناوەڕاستە، لە دونیای نوێدا هیچ مانایەکی نییە.
سەدەی هەژدە کە سکۆتلەندییەکان دەیانویست جیا ببنەوە، دەیان هەزار سەربازی لەندەنی ئامادەبوون خوێنی خۆیان بڕژن لەپێناو ئەوەی پێی دەوترێت خاک و پیرۆزی خاک، . لەندەنییەکان بە هێزو خوێن سکۆتییەکانیان سەرکوت دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ نەک سکۆتلەندا، مانچستەریش بیەوێت جیا ببێتەوە یەک لەندەنی ئامادەی ئەوە نییە فیشەکێک لە دژی مانچستەرییەک بتەقێنێت، چونکە عورفەکانی ئەو دونیایەی پێی دەگوترێت پۆستمۆدێرنیتە حەرامەکانی دونیاکەی پێش خۆیەتی و، حەرامەکانیشی هەمان یاساکانی دونیاکەی پێشوترە. ڕیچارد ڕورتی دەیوت یاساکانی پێشوو ئێستا حەرام و حەرامەکانیشی لە دونیای نوێدا یاسان.
تەماشای ڕیفراندۆمێکی گەورەی وەک برێکزت بکە، وڵاتێکی وەک بەڕیتانیا لە یەکێتییەکی گەورە جیا دەبێتەوە بەڵام خوێن لە لوتی منداڵێک نایەت، ئەمە جیاوازی دونیای نوێێ و دونیای کۆنە.
ئەمڕۆژانە ئێمە لەسەروبەندی نووسینەوەی شتێکداین بە ناوی دەستوور، یاساناس و ڕۆشنبیر و نووسەرانی ئێمە چونکە یا درەبار و کاسەلێسن، یا بەجێماون و لەڕابردووودا دەژیین و ناخوێننەوە، ناتوانن دەرکی ئەم گۆڕانە ڕادیکاڵ و جەوهەرییە بکەن وبە زمانێک کە کۆمەڵگا لێی تێبگا بیگەیەنن. گوێم لە یەکێکیان بوو دەیوت ئەم هەرێمە بە خوێن درووستبووە، نابێت بهێڵین تێکبچێ، گەر پێویستبکات دەبێت هەروەک چۆن بۆ ڕیفراندۆم خوێنمان دا هەر بەوجۆرەش بۆ دەستور بیدەین.
ئێمە لەدونیایەکی ئاڵۆزدا دەژیین، بە جەستە لەسەدەی بیستویەک و بە هۆش و بیرکردنەوە لە تارکیترین سەدەکانی ناوەڕاست داین. ناکرێت تۆ ئیکۆنۆمییەکەت ئازاد و گلۆباڵ بێت و سیاسەتەکەت خێڵانە و ناسیۆنالیستانە بێت. ئیدی دەرفەتێک لە دونیای نوێدا بۆ ناسیۆنالیزم و قەومچێتی و دنەدانی هەستەکەی و ڕژاندنی خوێن بۆ ئەو هەستە سەرەتاییانەی مرۆڤ نەماوەتەوە. ئەوەی لەم دونیایەی کە ئەی ئای و سوپەر تێکنەلۆژیی خوایەتی تێدا دەکەن وابیر بکاتەوە کە دەشێت دەوڵەتی نەتەوە، هەستی نەتەوایەتی چارەسەر بێت لە دوو ئەگەر بەدەر نییە، یا لێی دەخوات و کەسابەتەکەی ئەوەیە، یا لە زەمەنەکەی خۆی دواکەوتووە و لە قوژبن و دەهلیزەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەجێماوە. ئینسان بە گشتی و ئینسانی کوورد بە تایبەتی وەک ئەوەی شێرکۆ بێکەس لە دوا دیوانییدا دەرکی کردبوو پێویستی بە پەنجەرەیەکی ئازادی و گیرفانێکی بە حورمەت و مشتێ ڕێز و چەند گرامێک لە مافە سەرەتاییەکانی ژیان هەیە نەوەک فڵتە فڵتی گوێئاگردان و حیکایەتی گورگانەشەوێ لەسەر تێری، گەر نا ئەوەی ئەمڕۆ پەنجەرەکەی دەشکێنێت و لێی ڕادەکات بەقەولی بێکەس جیلەکەی خۆیەتی، جیلی سبەی قڵپی دەکاتەوە بەسەریاندا و قەبوڵی ناکات.
دونیا لەسەرو بەندی بەڕێکردنی کۆتا هەناسەکانی ناسیۆنالیزمدایە، زوو یا درەنگ ئەم ئاژەڵە جەستە زەبەلاح و کەللە بچوکەی کە پێی دەوترێت ناسیۆنالیزم مردار دەبێتەوە. خۆشمان بێ یا ترشمان بێ، باش بێ یا خراپ دونیا دەگۆڕێت و چەرخەکەی بەو جۆرەی خۆی دەیەوت دەچەرخێت، تازە ترێ نابێتەوە بە بەرسیلە. [1]