ناونیشانی بابەت: لاوازی سێکسی لە پیاوان دا
ئامادەکردن: د. #ڕەنج بیلال کاکەیی#
کێشە و تێکچونە سێکسییەکان لە پیاواندا جۆراوجۆرن ، زۆرجار لە ناو خەڵکدا بەلاوازی سێکسی (جنسی) باس ئەکرێت ، بە چەند بەشێک بە کورتی سەرنج ئەخەینە سەریان ، بە گشتی تێکچونە سێکسییەکان لە پیاواندا کە زۆرباون ئەمانەن:
یەکەم: کەم بوونەوەی حەزی سێکسی.
دووەم: ڕەق نەبوونی زەکەر.
سێیەم: زوو ڕژانی تۆواو لە ناو خەڵکدا بە زوو ئاوهاتنەوە ناسراوە.
کەم بوونەوەی حەزی سێکسی یان ویستی سێکسی بریتییە لە حاڵەتێکی بەردەوام و دووبارەبوەوە کە کەسەکە حەزی لە سێکس کردن نامێنێت یاخود حەزی سێکی زۆر کەم ئەبێتەوە.
بە پێی لێکۆلێنەوەکان لە 100 پیاوی تەمەن نێوان 18-44 ساڵ، 14 بۆ 17 پیاویان تووشی ئەم حاڵەتە ئەبێت و حەزی سێکیان کەم ئەبێتەوە.
لێکۆڵینەوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە 52٪ پیاوان دوای تەمەنی 40 ساڵی حەزی سێکسیان کەمدەبێتەوە.
هۆکارەکانی بە تەواوی نەزانراون بەڵام ئەوەی زانراوە ئەوەیە کە پەیوەندی هەیە لەنێوان ئەم حاڵەتە و بیرکردنەوەی ناوەکی کەسەکە و فیزیۆلۆجی حەزی سێکسی کەسەکە و هەستی کەسەکەم
زیاتر لەوەش زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونیەکان ، نەخۆشییە درێژخایەنەکان، دەرمان دەشێت ببنەهۆی کەم بوونەوەی حەزی سێکسی، بۆ نموونە خەمۆکی ، کەم بوونەوەی هۆرمۆنی پیاوانە، جەڵتە، بوونی کێشە لەنێوان پیاو و ژن دا، شکستی گورچیلە، نەخۆشی بۆری خوێن و دڵ.
دوای ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ بە وەرگرتنی مێژووی نەخۆشی و نەخۆشەکە و پشکنینی فیزیکی و تاقیگەیی بەوردی هۆکارەکەی دیاری ئەکات ، پاشان چارەسەر دائەنێت بۆ نەخۆشییەکە.
چارەسەری ئەم حاڵەتە بە پێ ی هۆکارەکەی ئەگۆڕێت ، لەوانەیە پێویست بکات کەسەکە ئەگەر نەخۆشی تری هەبێت و بوبێتەهۆی کەمبوونەوەی حەزی سێکسی ، پێویستە چارەسەر بکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ بۆ نموونە ئەگەر حاڵەتەکە دەررونی بێت ئەوا ئەبێت پزیشکی دەروونی چارەسەری کێشە دەروونیەکەی بکات.
هەندێک جار ناتوانرێت هۆکاری ئەم حاڵەتە بە تەواوی دەستنیشان بکرێت، لەم کاتەدا پزیشکی پسپۆڕ ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت لە چارەسەردا لە ڕێگەی دەرمانەوە. [1]