بابەت:ڕاڤەی پەڕتووک
نووسین: #تەها عومەر ڕەسوڵ#
$مامۆستا #شێخ محەمەدی خاڵ# و پەڕتووکی #ناڵەی دەروون#$
مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ یەکێکە لە زانائایینی و نووسەرەگەورەکانی کورد ، لە ساڵی (1904) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە ، زیاتر لە نیوسەدە خزمەتی بە ئایین و بە زمان و ئەدەبی کوردی و کۆمەڵگەی کوردی کردووە .
یەکێکە لە دەستەی دامەزرنێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد ساڵی 1970 لەگەڵ ھەریەکە لە مامۆستایان #ئەحمەد ھەردی# و #حسێن عارف# و #کاکە مەم بۆتانی# و ھەندێکی تر .
ئەندامی کۆڕی زانیاری ئێراق و جێگری سەرۆکی کۆڕی زانیاری کوردبووە .
ماوەیەکی زۆر پێش نوێژ و وانەبێژی مزگەوتی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ بووە کە کەوتووەتە یەکێک لە کۆڵانەکانی گەڕەکی سابوونکەرانەوە پشتی یوسفی عەبەکە , حاجی شێخ ئەمین باپیری مامۆستا خاڵ بووە ، مێژووی درووستکردنی ئەم مزگەوتە ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1784 ، واتە لەگەڵ بنیاتنانی شاری سلێمانیدا ئەم مزگەوتەش درووستکراوە .
لەدوای کۆچی دوایی باپیری لە مەراسیمێکدا ھەڵیانبژاردووە بۆ ئەو کارە، ھەر بۆیە لەلایەکەوە خەریکی کاروباری مزگەوتەکەبووە و لەلایەکیشەوە بە نووسینەوە سەرقاڵ بووە و چەندین پەڕتووکی داناوە .
خاوەنی خەرمانێک پەڕتووک و بەرھەمی جوانە کە خۆی ئەدا لە (29 ) پەڕتووک، جگە لەو بابەتانەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوی کردوونەتەوە .
ھەندێک لە بەرھەمەکانی وەک: تەفسیری خاڵ لەچواربەرگدا، فەلسەفەی ئایینی ئیسلام ، مەولودنامە ، فەرھەنگی خاڵ کە فەرھەنگێکی کوردی بۆ کوردییە لەسێ بەرگدا، پەندی پێشینان کە کۆمەڵێکی زۆر لە پەندی پێشینانی تێدایە لەگەڵ لێکدانەوەی پەندەکان، پەڕتووکێک لەسەر موفتی زەھاوی، شێخ مارفی نۆدێ، دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەگەڵ نووسەری کۆچکردوو ئومێد ئاشنا و گەلێک پەڕتووک و بەرھەمی تریش.
یەکێک لە وپەڕتووکە جوانانەی کە لێرەدا من باسی دەکەم پەڕتووکی (ناڵەی دەروون) ە، کە لە دووبەرگداو ساڵانی 1984 و 1985 چاپی کردوون ، ھەردوو بەرگی پەڕتووکەکە پێکھاتوون لە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و ئایینی ، کە ھەموویان بابەتی گرنگن و بە زمانێکی کوردیی ڕەوان و پاراو نووسیونی ، باس لە ھەندێک لە شاعیر و کەسایەتیەگەورەکانی کورد دەکات وەک #باباتاھیری ھەمەدانی# و #پیرەمێرد# و #مەلا حەمدوون# و #ئەمین زەکی بەگ# و #بێخود# و #عارف سائیب# و #مەعروف چیاوک# و #ڕەفیق حیلمی# و #شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی# و #عەبدولڕەحمان بەگی بابان# و مستەفا مەزھەر.
بە دوور و درێژیش بابەتێکی بەپێزی لە سەر زانای ئایینی و چاکسازی کۆمەڵایەتی (سەید جەمالەدینی ئەفغانی) نووسیوە .
جگە لە بابەتێک لەسەر پەندی پێشینان و چەند بابەتێک لەسەر زمان و باسکردن لە ھەندێک دیاردەی دواکەوتووی ناو کوردەواری و کێشەی کۆمەڵایەتی و چەند بابەتێکیش دەربارەی ئایین.
ناڵەی دەروون یەکێکە لە پەڕتووکە جوان و بەپێزەکانی ناو پەڕتووکخانەی کوردی.
ئێستاش لە بیرمە ناوەڕاستی ھەشتاکان بوو ، کۆڕێک بۆیادی چلەی نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس (#بورھان قانع#) سازکرا لەباخچەی یەکێتیی نووسەرای کورد کە ئەوکات لەخوار نەخۆشخانەی شیرەکە بوو کە دەکەوتە سەر شەقامەکەی نەخۆشخانەی کێو ، نێوان شەقامی سابوونکەران و ئۆرزدی ، کە ئەوکات تەمەنی نزیکی ھەشتا ساڵێک ئەبوو بەو پیریەوە بە گۆچانێکەوە لەگەڵ ئامادەبووانی کۆڕەکە ھەستایە سەر پێ بۆ دەقیقەیەک وەستان بۆگیانی بورھان قانع .
جاران کۆمەڵگای کوردی خاوەنی چەندین مەلاو پیاوی ئایینی ئاوا ڕۆشنبیر و زانا و مێشک کراوەبوو ، نموونەی وەک مامۆستا خاڵ و #مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس# و #عەلائەدین سەجادی# و چەندانی تر ، داخەکەم ئێستا مەلا و پیاوی ئایینیی توندڕەو و جنێوفرۆش و مێشک داخراو بەرھەم دێنێت.
مامۆستا خاڵ ھاوڕێی نزیکی پیرەمێردی شاعیر بووە و زۆرجار پیرەمێرد لە شیعرەکانیدا ناوی ھێناوە و شیعری بۆ نووسیوەو نامە گۆڕینەوە لە نێوانیاندا ھەبووە .
بۆماوەی (28) ساڵ لە شاری سلێمانی و #چەمچەماڵ# و #کەرکووک# و #موسڵ# قازی بووە و لەو بوارەدا خزمەتێکی زۆری بە کۆمەڵگەی کوردی کردووە .
مامۆستا خاڵ خۆی و بەرھەمە بەنرخ و ناوازەکانی بۆ ھەمیشە زیندوون و لە دڵماندا ئەژین ، پەڕتووکەکانی جوانییەکی زیاتریان بە پەڕتووکخانەی کوردی بەخشیوە و پەڕتووکخانەی کوردی بەبێ بەرھەمەکانی ئەو ناتەواو و لاسەنگە .
لە ساڵی 1989 لەتەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
ھەزار سڵاو لە گیانی پاکی ئەو زانا و نووسەرە مەزنەی کورد کە جێی شانازیی ھەموو کوردێکە . [1]