$ڕاستیی کۆتاییهاتنی قۆناخی چارەسەری کێشەی کورد چی بوو؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
خوێنەری هێژا بەخوێندنەوەی ئەم نووسینە موتەوازیعە دەتوانیت هەموو ئەوەی لە تورکیا ڕویداوە لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوو تێیبگەی.
سەدات پەکەر لە نۆیەمین ڤیدیۆی خۆیدا دەڵێت: کە قۆناخی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی کورد دەستی پێکرد، لەبەر حورمەتی خوێنی شەهیدان من دژی ئەو کێشانە وەستامەوە و کامپینی شکست پێهێنانی قۆناخی ئاشتیی و چارەسەری کێشەکانی کوردم ڕاگەیاند و سەرکەوتووش بووم.
سەرنجی خۆم/
دوای تێپەڕینی هەشت ساڵ بەسەر هاتنە سەر حوکمی ئاکپارتی، و بەدیارییکراویش دوای ساڵی 2010 ڕەجەب تایب ئاردۆگان و کادرۆکەی قۆناخی چارەسەریی کێشەکانی کوردیان ڕاگەیاند، دانووستاندنەکانی ئۆسلۆ دەستیان پێکرد ئۆجالانیان بە ڕێزەوە بانگ دەکرد، تەنانەت بولەنت ئارنچی سەرۆکی پارلەمانی ئەو دەمە و جێگری ئاردۆگان لە حیزبدا دەیوت:بەڕێز ئۆجالان دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. حکومەت پێیەکی لە چانکایا و پێیەکەی دیکەی لە ئیمرالی بوو. ئەوەی پێی دەوترا دەوڵەتی قوڵ ئەرگەنەکۆن تارومار کراو سەرکردەکانیان خرانە زیندانەوە، مەهمەت شەنەر ئەرەیگور، ڤەلی کوچیک، دەغو پەرینچەک و دەیان جەنەراڵ و ئادمیرال و پلەدار لەلایەن دادوەرێکی پرۆ گولەنەوە زەکەریا ئۆز پاش دەستبەسەرداگرتنی دەیان پارچە چەکیان لە ناحییەی عومرانییە لە ئێستانبوڵ دۆسییەیان بۆ کرایەوەو حوکمی زیندانیی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنرا. سوپاسالاری پێش خلوسی ئاکار سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بۆ دەرچوو. لەپڕ و لە ساڵی 2015 بێ بوونی هیچ پێشینەیەکی سیاسیی و یاسایی تاوانبارانی ئەرگەنەکۆن ئازادکران، دەرگای سیاسەتکردنیان بۆ خرایەوە سەرپشت، ئەرگەنەکۆن زیاتر مەیلیان بۆ ڕوسیایە و بە قەولی خۆیان دژی ئیمپریالیزم و لیبرالیزمی ئەمریکیین، دۆغو پەرینچەک پردی نێوان ئاردۆگان و پۆتینی بنیاد نایەوە، کێشەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە سیخۆ ڕووسییەکە و تیرۆرکردنی دیپلۆماتە ڕوسەکەی لە تورکیا چارەسەر کرد، بوو بە ئەندازیاری کڕینی سیستمی دژە موشەکیی S400 . وردەوردە تورکیا لە ئەوروپا هەڵهات و بە یارمەتیی دۆغو پەرینچەک ڕۆیشتە باوەشی کرملنی ڤلادیمیەر پوتنەوە. لە شەو و ڕۆژێکدا گولەن کرایە سەرۆکی ڕێکخراوێکی تیرۆستیی و دادوەر و پۆلیس وپلەدارەکانی نزیک لە گولەن تارومار کران و هەموویان تەسفییە کران، یان گیران و کوژران یا شاربەدەرکران بۆ مەنفا. لەشوێنی سەرۆک شاروەوانییەکانی شارە کوردییەکان قەییوم دانران و کەسانی هەڵبژێرداروی خەڵک لە مانەندی ئەحمەد تورک و بایدەمیر دوورخرانەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش و دەیان سەرکردەی دیکەی هەدەپە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئاردۆگان و بە فشاری سەرکردەی ئەرگەنەکۆن دۆغو پەرینچەک دەستگیرکران.
تۆپ تەقی و قۆناخی ئاشتی وچارەسەری کێشەکانی کورد هەڵوەشایەوە. کورد دیسان کەوتەوە نێو گێژاوی ڕۆژە ڕەشەکانی ساڵانی نەوەد و موسا عەنتەر و ئەحمەد کایا. شارەکانی وەک شرناخ و وسووری ئامەد بەەواویی خاپور کران، دەیان گەنجی بێتاوان تەرمەکانیان بۆگەنی کرد چونکە کەس جورئەتی ئەوەی نەبوو پاش شێلانیان بە تایەزنجیری دەبابە بیاننێژێت. جیزرەی بۆتان لەگەڵ زەوی کرایە یەک و تاهیر ئەلچی سەرۆکی بیرۆی پارێزەرانی ئامەد بە ڕۆژی ڕووناک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا تیرۆر کرا و خوێنەکەشی ون کرا.
پێچەوانەی بۆچوونی ماستەرمایندی ئیسلامیی سیاسیی کوردستان و بۆچوونەکەی سەدات پەکەر، ئاردۆگان خۆی ماستەرمایندی هەڵوەشاندنەوەو و تێکدانی قۆناخەکە بوو. تەنانەت ئەو نامەیەش کە ئۆجالان لە ئیمرالییەوە ناردبووی بۆ چارەسەری کێشەکان دادی هەڵوەشاندنەوە قۆناخەکەی نەدا، چونکە شتەکە لەدەست ئاردۆگانیشدا نەمابوو، تایب ئاردۆگان دەبوو بچێتەوە باوەشی ئەرگەنەکۆن. ئاردۆگان ئەم کارەی لەڕێگای بزووتنەوەی گورگە بۆرەکان و بە دیاریکراویش مافیایەکی گەورە و تورکپەرەستێکی وەک پەکەرەوە دەستپێکرد. لە قۆناخی چارەسەریدا خانەوادەی کوژراوەکانی نێو سەربازانی تورک ویستیان خۆپیشاندان بکەن دژی قۆناخی ئاشتی و بە گوتەی خۆیان خوێنی شەهیدەکانیانبە زایە نەچێ، ئاردۆگان بە بیانووی ئاساییشی نیشتمانی هەموویانی زیندانی کرد، بەڵام دواتر و بە یاریکراویش ساڵی 2014 سەدات پەکەر میتینگی گەورەی دەکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قۆناخە، کەسیش پێی نەدەگوت سەری چاوت برۆیە. سەدات پەکەر لەوەدا درۆ دەکات کە دەڵێ من کۆتاییم پێهێنا، ئەو هەریز ئەڵقە لەگوێیەکی ئاردۆگان زیاتر نەبووە، ئاردۆگانیش پیاوی دۆغوپەرینچەک و ئەرگەنەکۆن بوو، هەر بە دنەدانی ئەوانیش کێشەی کورد گەڕایەوە بۆ خاڵی سفر.
ئاردۆگان لەژێر فشاری کاسێتە ئابڕووبەرانەکانی کە لەدەستی ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قوڵ و بەتایبەتیش دۆغو پەرینچەکدا بوون کۆتایی بەو قۆناخە هێنا، ئەوەی پەکەر دەیڵێت دوورە لە ڕاستییەوە، گەر ئاردۆگان نەیویستبا هەرگیز ئەو نەیدەتوانی کارێکی لەو جۆرە بکات. قەومیی و ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستەکانی کوردیش پەکەکە بە تاوانباری کۆتاییهاتنی ئەو قۆناخە دەزانن، لەبەر ئەوەی یەکەم ئایدۆلۆژیای سەڵتەنەتی سونیزمی ئاردۆگان کوێری کردوون، دووەم زۆر بێئاگاو بێ تفاق و داماو و تێنەگەیشتون لە مێژووی کۆن و نوێی تورکیا و ئەوانەشیان کە بەئاگان یا لە ڕێگەی نەوت و بازرگانییەوە لێیدەخۆن، یا پارەی حەشدی ئاردۆگان دەخۆن. [1]