$سەدات پەکەر، یان سەرەتای کۆتایی دونیا یۆتۆپییەکەی ئیسلامی سیاسیی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە زیندانێکی ئامەد بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ وایان لە گیراوێکی کورد کرد گووبکات و پاشان گووەکەی خۆی بخواتەوە، کوڕەکەی دواتر کە ئەمەی بیستەوە بۆ تۆڵەکردنەوە ڕۆیشت بۆ قەندیل. لە تورکیا ئەمڕۆ خەڵک بە مەبەست وایلێدەکرێت بچێتە شاخ، چونکە سیاسییەکان قازانجێکی زۆر باش لەمە دەکەن بۆ ساخکردنەوە و برەودان بە بازرگانیی چەک و مادەی هۆشبەر ئەمە بەشێکە لەقسەکانی ئەمڕۆی سەدات پەکەر.
بەشی زۆری ئیسلامییەکانی کوردستان یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرانی پەکەکەیان دەکرد لە قەندیل ئەوە بوو کە بەرپرسەکانی ئەو پارتە بازرگانی مادەی هۆشبەرن لەو ڕێگایەوە پارە بۆپارتەکە پەیدا دەکەن، من نازانم ئەم تۆمەتانە چەند ڕاست یان ناڕاستن، بەڵام زۆر دڵنیام لەوەی کە ئاردۆگانی مەرجەعی خۆیان ساڵانە سەدان تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساغدکاتەوە و ئەمشیان بە بەڵگە دەدەمێ سا بابزانین حاشای لێدەکەن؟
گەورە مافیای هەڵهاتووی تورکیا و کۆنە شەریکی ڕەجەب تایب ئاردۆگان، ڤیدیۆیەکی دیکەی لە یوتیوب بڵاوکردەوە و گڕی لە کەوالیسی سیاسیی ئەو وڵاتە بەردا. ڤیدیۆکە لە ماوەی کەمتر لە دەکاتژمێردا 5 ملیۆن ڤیوی تێپەڕاندووە. هەرچەندە سەدات پەکەر دەڵێت ئاگام لەخۆم نییە چی دەڵێم ئەوەی بێتە سەر زمانم نایگێڕمەوە، بەڵام بە گوێرەی بۆچوونی بەشی زۆری ئانالیستە سیاسییەکانی تورکیا ئەم قسەیە کەسێک نایکات کە فیعلەن نەزانێت چی دەڵێت و ئاگای لەخۆی نەبێت بەڵکوو پەکەر کار لەسەر ستراتیژێکی زۆر وررد دەکات بۆ ڕاکێشانی خودی ئاردۆگان بۆ ناو یارییەکە بۆ ئەوەی پیشانی ڕایگشتی تورکیای بدات کە ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتە بەناوی دینەو چ دەهلیزێکیان لە ئیشی قاچاخ و مافیایی و مادەی هۆشبەر خوڵقاندووە.
پەکەر دەڵێت: بڕیار وابوو 4900 کیلۆ نزیکی 5 تۆن کۆکاین و هێرۆین لە کۆڵۆمبیاوە بێتە تورکیا. ئەو کەسەشی کە بەرپرسی ئەو کارە بوو وەزیری ناخۆی پێشوو محەمەد ئاغار بوو. کۆکاین لە ئەوروپا پارەی باش ناکات، کیلۆیەک کۆکاین لەو وڵاتانی ئەوروپی 75000 یۆرۆیەکە، بۆیە دەبوو ئەو بڕە لە ڕێگای بەندری لازیقییەی سووریاوە بە کەشتییەکانی بوراک ئاردۆگان بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە لەو ناوچەیە زۆر گران و بە پارەی زۆر چاک ساغ دەکرێتەوە. بەهۆی توندووتۆڵی پۆلیس لە کۆڵۆمبیا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر، ئەرکان یڵدرمی کوڕی بنعەلی یڵدرمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و هاوڕێی نزیکی ئاردۆگان لە سەرەتای شوباتدا دەڕواتە ڤەنزوێلا و لە بەندەری کاراکازی ڤەنزوێلییەوە ڕێگایکی دیکە بۆ بەقاچاخبردنی ئەو بڕە لە کۆکاین دەدۆزێتەوە. پۆلیسی کۆڵۆمبیا دەست بەسەر ئەو بارە کۆکاینە دا دەگرێت و لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە نامەیەک ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات کە ئەو بڕە زۆرە لە کۆکاین قەراربووە بێتە تورکیا تکایە بەدواداچوونی بۆ بکەن و تۆمەتبارانی ڕادەست بکەن. بەهۆی ئەوەی بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئاردۆگان پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ محەمەد ئاغاردا هەبووە لە مەسەلەیەدا و بەفەرمانی محەمەد ئاغاریش ئەرکان یڵدرم ڕۆیشتووەتە کاراکازی ڤەنزوێلا، سولەیمان سۆیڵو وزیری ناوخۆ لەبەرانبەر وەرگرتنی بەرتیلدا ئەم مەسەلەیە دیزە بەدەرخۆنە دەکات و پەردپۆشدەکرێت.
سەدات پەکەر دەڵێت پێم سەیرە کاک ئاردۆگانم ERDĞAN Abi هەموو ئەم شتانە دەزانێت و قسە ناکات.
سەدات پەکەر بە ئاشکرا باس لەوە دەکات کە چەندین کاری کوشتنی سەرکردە کوردەکان لە تورکیا ئە ئاگاداریی ئەم و لەلایەن محەمەد ئاغارەوە لەڕێگای چەند مافیایەکی دیکەوە ئەنجامدراوە، ئەوەی لە تورکیا بە فاعیلی مەجهول ناودەبرێت. لەوانە ساڤاش بوڵدان هاوسەری پەروین بوڵدان.
بە بۆچوونی من سەدات پەکەر دەیەوێت لەڕێگای محەمەد ئاغارەو سولەیمن سۆیڵو جێگرەوەی ئاردۆگان ڕاو بکات، لەڕێگای سۆیڵوشەوە بەرات ئاڵبایراکی زاوای ئاردۆگان و لە کۆتاییشدا خودی ئاردۆان بهێنێتە نێو گەمەکەوە. چاوەڕێی ڤیدیۆکانی داهاتووی پەکەرین.
ئیسلامی سیاسیی پیاوی چاک و خراپیان هەیە وەک هەر ئایدۆلۆژیایکی دیکە، بەڵام هیچ ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی لە ئێستای دونیادا هێندەی ئایدیا و بۆچوونکانی ئیسلامی سیاسیی بەهەموو فروعاتەکانییەوە گونجایشیی تەسکینی نییە بۆ ڕەشەکوژیی و تاڵان و بڕۆ و کاری مافیایی. گەر ئایدیایەکی وەک مارکسیزم، سیکۆلاریزم و لائیسیتی یەکجار بواریان بۆ لادان هەبێت، ئەوا ئیسلامی سیاسیی دەجار، چونکە ئەم شەرعیەتی دینیی پێیەو بەناوی خوداوە وەک فەرمانی ئیلاهی پۆزش بۆ چەپەڵییەکانی دێنێتەوە.
[1]