$کوردستان یا ئیسرائیل؟ کامیان منداڵە لاسارەکەی ئەمریکان؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆرێک لە مونەویرە عەرەبەکان من پێم وایە منداڵە نازدار و بێ گوێ و مودەلەل و لاسارەکەی ئامریکا ئیسرائیل نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکوو هەرێمی کوردستانە، بەتایبەت لەدوای ساڵی 91 ەوە.
چۆن؟
تۆ بێنە پێش چاوی خۆت لە پاش ئەو هەموو ماڵوێرانیی و دەرەبەدەرییە و لەپاش ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو ئەو دێت ناوچەی دژەفڕین NO FLY ZONEت بۆ جیا ئەکاتەوە، سەددامت لەو بانی مەقانە بۆ پەت دەکات ناتوانێت بستێک نزیکت بێتەوە، داهات و پارەت دەداتێ، بەڵام تۆ دێی سەدامی پێدەهێنیتەوە و شەڕی ناوخۆی پێ دەکەیت و ڕووی و تفەنگە ژەناوییەکەی شاخت لە براکەت دەکەیت. دەتباتەوە واشینگتۆن، مادلین ئۆڵبرایتت بۆ دەکاتە پێخەسوو، بەزۆر پێکت ئەهێنێتەوە و لەگەڵ یەک ئاشتت دەکاتەوە و دستت پێ لە ملی یەکتر دەکات و زیاتر لەجاران موکوڕ دەبێت لەسەر پاراستنت، تۆ دێیت باوەشی ئێران و تورکیا بەگەرمتر دەزانی و تەلی سۆزت بە یادی ئەوان ئەزڕنگێنیتەوە و هەر هەوایەک لەوێوە هەڵنەکا شەنی خەرمانەکەتی پێناکەیت.
دواتر سەدامت بۆئەڕوخێنێت و بۆشت هەڵدەواسێ، دەتکاتە خاوەنی ئێراق، لەغەڕاشێک تا سەرۆککۆمار بەشت دەدا، سەرۆککۆمارێک جاران گوێتان بۆ برقییەیەکی هەڵدەخست، دەستورێکت بەدڵی خۆت بۆ دەنووسێتەوە، ئەوەی بەخەو نەتدەدی لە لە واقیعدا پێیگەیشتی، پارەی مۆڵی نەوتی بەسرا و میسانت بۆ دەنێرێت، لە گومورگی فاو و عەرعەر بەشت دەدا، بەبێ ئەوەی لە باشماخ و برایم خەلیلەکەت بپرسێتەوە، عەرشەکەت ئەوەی فیرعەون و سامانەکەت ئەوەی قاروون و باخ و ڤێللاکانت ئەوانەی کیلۆپاترا تێدەپەڕێنن بەڵام هەر هەڵپەی زیاترتە.
هەر خۆی خەرجی پێشمەرگەکەت ئەکێشێت، ڕجات لێدەکات یەکیانخەیتەوە بەڵام بێگوێیی دەکەیت و نەک دوو پێشمەرگە سەد جۆری پێشمەرگەی ئەم مەسئول و ئەو حەرەسی باخ درووست دەکەیت. وەزیری دارایی ئێراقت پێدەبەخشێت، دەیان سەرۆکوەزیری بەغدا لەبەر چاوی کاڵی تۆ دەگۆڕێت بە بێ ئەوەی خۆت بۆ یەکجاریش ڕازی بووبیت لە کورسییەکەت بێیتە خوارەوە، بەڵام تۆ هەر دێیت شەڕەقۆچی لەگەڵ دەکەیت وەک منداڵ دەڵێیت نەوتی خۆم بۆخۆم ئەوەی تۆش ئەخۆم . لێگەڕێ بەمەش هەر ڕازییە و نازت لە جاران زیاتر دەکێشێت، بەڵام تۆ دێیت هەوای ڕیفراندۆم و ئاردۆگان لەکەللەت دەدات و دەڵێیت حیساب بۆ یەک بەشەر ناکەمٚ و هەر ئەیکەم، هەرچەندە خواجە خولانێت دەکات نەیکەیت، لەدەورت دەگەڕێت دوایبخەیت، گەرەنتیت پێدەدا دووساڵ چاوەڕێ بکەیت خۆی یارمەتیت بدا لە مەسەلەی جیابوونەوە گەر کێشەکانت چارەسەر نەکران نامەکەی تیلەرسن، بەڵام تۆ دێیت هەر ملدەجەڕێنیت و کۆمەڵێک نادان دەکەیتە دەمڕاستی میلەتەکە تا ئەوەی بڵێن حیساب بۆ ماکگۆرک و ئامریکاو باوکی ئامریکاش ناکەین، یەک بست، یەک بست بێن واو وایان لێدەەین. ئێ ئێراق لێت هار دەبێتەوەو دەتکاتەوە قاوغەکەی خۆت، لێتدەگیرێنێت بۆئەوەی قەڵاکەت برگرێتەوە و ببڕێتەوە، ئەمجارەش وەک باوکێک دێتەوە بە هاناتەوە و کێشەکانت لەگەڵ ئێراق بۆ چارەسەر دەکاتەوە و ئابرامزی خۆیت بەدەستی خۆی بۆ دەتەقێنێتەوە بۆ ئەوەی بتپارێزێت و نەکەویت. دەیان دیداری دیپلۆماسیی بۆ کاکە نا دیپلۆماتەکانت ڕێکدەخات و دەخەکەت بۆ کۆنترۆڵ دەکاتەوە.
سەرباری هەموو ئەمانە یەک مانگە داوات لێئەکا ڕێزی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان بگریت و ئازدایان بکەیت و پێیان نەڵێیت تیرۆرست، ئەوروپاو ئەمنیستی ئینتەرنەیشناڵ و هەرچی ڕێکخراوی مافی مرۆڤە ئەیکات بە گژتا تۆ هەر مل دەجەڕێنیت، هەمان سیاسییە نەخوێندەوار و نادان و بەدحاڵەکانت لە عورفی دیپلۆماسیی و ئەخلاقی سیاسیی دێنیتەوە سەر شاشە بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە مەجبووری ئامریکا نین، خۆ کویلەی باوکی ئامریکا نین بۆ ەواشەکاری ڕا گشتیی نێوخۆییت بێخەبەر لەوەی ئەم مەوزوعە ڕەهەندیی نێوخۆیی تێپەڕاندووە، تا ئەوەی یاریدەدەری ئەنتۆنی بلینکن بەتایبەت دەیان هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت بۆ ئەوەی بێتە لات و جارێکی دیکە وەک باوکێکی باش پێت بڵێتەوە کە ڕێگا ڕاستەکە چۆنە و دەبێت چۆن بڕۆیت، تۆ هەر لەقە لە هەسارە دەدەیت و دەڵێیت لە پشت لادێکەی منەوە ئاوەدانیی دیکە نییە.
دەی تو ئیمانت خۆت قەزاوەتی خۆت بکەیت لە م سەردەمی ئەی ئای و تەکنەلۆژیایەدا چۆن بڕیارێک دەدەیت بۆ سەرەڕۆییەکانی خۆت؟ خۆت بی چی لەخۆت دەکەیت؟
[1]