$سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و سووریا کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد$.
ڕێکەوتی دووشەممە 30-01-2023 لە سەڵاحەدین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە جەنەڕاڵ مەکفارلێن فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا و ئێراق بۆ شەڕی دژی داعش و شاندێکی یاوەری کرد و لە دیدارەکەدا بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە تیرۆر مەترسییەکی بەردەوامە و هەتا ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و هزری توندڕۆیی پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان و وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و بە هێزێکی تۆکمە و خاوەن ورەی وەسف کرد و ئەوەشی ڕاگەیاند کە هاوپەیمانان خوازیاری ئەوەن پێشمەرگە بە نەفەسێکی تازە و دامەزراوەیی ڕێک بخرێتەوە.
هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانانی کرد لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا و هێماشی بەوەدا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانییەکی زۆری داوە بەڵام دواجار هەمیشە لە خەبات و تێکۆشانیدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، چونکە خاوەنی ئیرادەی خۆی و بەدوای دۆزێکی ڕەوا بووە و پێویستە ئەوە بەردەوام بێت و لەمەودواش هێزی پێشمەرگە بە گیانی نیشتمانپەروەری و ئیرادە و بیروباوەڕەوە پەروەردە بکرێت و بەهێزبکرێت.
[1]