بابەت: چیرۆک
نووسین: #نیاز مەحمود عەبدولقادر#
ئەم چیرۆکە لە فیستڤاڵی ئەدەبی ئاران، پلەی دووەمی بەدەست هێناوە.
$خراپ ژیام و باش فێر نەبووم ڕوون بدوێم$
(1)
درەنگانی شەوە، کاتژمێر نازانم چەندە، ئاگام نە لەخۆمە نە لە کات و نە لە دەورووبەر، مەستم، خوێندنەوەی پەڕتووک تەواو گێژ و وڕی کردووم، وەک بڵێی لەگەڵ خوێندنەوەی ھەر پەڕەیەکدا کۆڵێک تلیاک و حەشیشەم کێشابێ. پەڕتووک بۆ من ئاوایە، تلیاکە، حەشیشەیە، ھەموو جۆرە مادەیەکی ھۆشبەرە. ئەو مادانەی کە دوای کێشان و بەکارھێنانیان بوونیام ئاگای لە خۆی و دەورووبەر و تەنانەت لە خوداش نامێنێ. بەڵێ ئەمەیە ئەو جیھانەی کە پەڕتووک بە منی بەخشیوە، جیاواز لەو دنیایەی کە گوایە بەھەشتێکە و پەڕتووک بە خوێنەرانی دەبەخشێ.
لەوانەشە وابێ، بۆنا، ڕەنگە ئەم خووە بەدە تەنھا لای من ھەبێ و بەس. لەڕاستیدا زۆر ڕقم لەم خووە نەگریسەی خۆمە و ئەگەر بڵێم تەواوی ھەوڵەکانم بۆ ڕزگاربوون لێی بەگەڕخستووە درۆ نییە. دکتۆری دەروونی نەماوە ھۆکاری ئەم دەردەم لێ نەپرسی بێ، دەی ئاخر زۆرجار لاموایە ئەم دەردەم دەروونییە و بە وتەی دەورووبەرەکەشم من شتێتێکی سەرگەردان و ئاقیبەت شەڕم. مەبەستیان لەو ئاقیبەت شەڕییە ئەوەیە، کە من ئافرەتم و چیم داوە لە پەڕتووک و خوێندنەوە و شتی قۆڕ، ئاخر لای ئەوان پەڕتووک شتی قۆڕە، زۆرجار ئەڵێن (ئەوانەی زۆر دەچنە قوڵایی ناخی پەڕتووکەوە، یاخی و لەدین دەرچوون.) ، جا منیش بەو پێیەی کە کەسێکی تەنگە جیقڵدانم و لەبەرانبەر ئەو قسانەی کە ژیری قبووڵیان ناکات زوو بەدەنگ دێم، بۆیە ھەر زوو ئەم لەڕێ دەرچوون و یاخی بوونەم بەسەرا ساغ بوویەوە، ھەر بۆیە بە قەولی کۆمەڵگە من ئاقیبەت شەڕم.
دەزانی وەڵامی زۆربەی دکتۆرەکان چییە؟ زۆربەیان ئەڵێن (ھیچ نییە.بەڕێزم، جگە لە باری قورسی ژیان ھیچی کە نییە. ، بەڵێ ئاوا دەفەرموون! باشە دەی خۆی ھەر ئەو بارە قورسەی ژیانە، کە حەوسەڵەی مرۆ ناھێڵێ و تووشی ھەزار دەردی دەروونی و جەستەیی دەکات و دەغەزاری دەکات. دەی چما وانییە.
دوای ھەموو ئەم ھەوڵانە دیسان ھەمان شتم بەیاد دێتەوە، ئەوەی کە ئەگەر ئەم دەردەم بەزوویی چار نەکەم، گەر دەستی ئەم مۆتەکەیە لە گەرووم نەکەمەوە، ئەوا شەوێک، نا، ڕۆژێک بە بەرچاوی دۆست و نەیارەکانمەوە بە ھەموو ھێزی خۆی دەستی توند توند لە بینم گیر دەکات و دەمخنکێنێ.
-باشە ئەو شتە عەنتیکەی کە باسی دەکەی چۆن چۆنییە. مەبەستم ئەو خووە خراپەیە، کە خۆت وتەنی دوور نییە.سەرت بخوات.
+لە ڕاستیدا ئەم خووەی من شتێکی قۆڕە، بەڵام بوەستە با سەرەتا شتێکت پێ بڵێم، لەم گفتوگۆیەدا بەڵێنی ئەوەت پێ نادەم، کە بتوانم بەڕوونی بدوێم، واتا ڕەنگە قسەکانم ڕوون نەبن بەھۆی ئەو بارودۆخە دەروونییە ئاڵۆزەی کە تێیدام، بۆیە دەبێ بمبووری لە ناڕوونی قسەکانم.
-گوێم بۆ گرتووی.
+دەی باشە، وەکوو وتم، ئەم خووە شتێکی قۆڕە لەناو مندا، بارێکی قورسە و دوای خوێندنەوەی ھەر پەڕتووکێک دێتە ناو سەرمەوە و پاشان بۆ ڕۆح و دەروونم شۆڕ دەبێتەوە. سەرم لەوەی ھەیە قورستر دەبێ، زۆرجار دەچمە بەر ئاوێنە و لەخۆم دەڕوانم، تەماشا دەکەم تۆپەڵ تۆپەڵی خڕی گەورە لە سەرمەوە ھەڵتۆقیون، کە جگە لەخۆم کەسی تر ھەستیان پێ ناکا و نایان بینن. خێرا دەچم بەردێکی گەورە ئەھێنم و ئەمەوێ پیایان کێشم و ڕزگارم بێ لێیان، بەڵام زۆرجار بە دەنگی دایکم بەخۆم دێمەوە، کە دەڵێ (ئەوە خەریکی چی؟ کچەکە شێتەوی کەم سەیری خۆت بکە) ، ئای دایکە، خەریکە خۆزگە بەو بێ ئاگایی و نەزانێت ئەخوازم، دەی بۆنا، خۆزگەم پێت دایکە! خۆزگەم بە ژیانە سادە و دوور لە ئاڵۆزییەکەت..!
-دەزانی شتێک ھەیە من سەری لێ دەرناکەم، باشە تۆ بڵێی ھەموو ئەوانەی پەڕتووک دەخوێننەوە، ھەمان حاڵی تۆیان ھەبێ؟ نا بڕوا ناکەم، دەی من خۆم ھەموو ژیانم لەناو پەڕتووکدا بووە، بەڵام نیو ھێندەی تۆ حاڵم شڕ نەبووە. ئەرێ ناکرێ وەک بەشەر بخوێنیتەوە؟ بۆ ھیچ کارێکت لە کاری ئادەمی ناچێ تۆ؟ لەوەتەی تۆم ناسیوە ئەمە حاڵتە، ئەمە چییە ئەی ھاوار، ئەرێ بێزار نەبووی؟
+بڕوابکە وەک بەشەر دەخوێنمەوە، بۆ چما حەزناکەم لەم حاڵەم نەجاتم بێ؟ ڕێگا نەماوە تاقیم نەکردبێتەوە بۆ ڕزگاربوون، بەڵام بێ سوودە ھەر ئەوەم، کە ئەمبینی. پرسیاری بەردەوامی سەرم ئەوەیە، بۆچی دنیای خوێندنەوە لای من دۆزەخ و لای زۆربەی کەس بەھەشتە؟ واقم وڕ دەمێنێ، کە باسی جیھانی بەھەشتئاسای پەڕتووک دەکەن و لەخۆم دەپرسم، ئەرێ ئەمە چی؟ باشە ئەو جیھانەی باسی دەکەن لەکوێیە؟ بۆچی لای من نادیارە و ون بووە؟ ئەرێ یەکێ پێم بڵێ، من بۆچی کە دەخوێنمەوە ڕۆحم ئازار ئەچێژێ، دڵم دەگری و دەروونم ئاڵۆز و سەرم قورس دەبێ؟ کوا لەکوێیە ئەو بەھەشتەی باسی دەکەن؟ لەبەرخۆمەوە دەڵێم، ئەی قوڕ بەسەرت و تف لە بەختت، نەدەبوو ھەڵدانەوەی ھەر پەڕەیەک لە پەڕتووکەکەی بەردەستت، کردنەوەی دەرگایەک لە دەرگاکانی بەھەشت بووایە و لەگەڵ خۆیاندا نەسیمی بۆنخۆشی بەھەشتیان تێکەڵ بە ھەناسەت بکردایە؟ یان نا، باشە من چیم دابوو لە پەڕتووک و متێب و خوێندنەوە؟ نەدەبوو وەک ھاوڕێکانم چوار کەلیمەی قۆڕی ئامادەکراو دەرخ بکەم و تەواو؟ دوای ئەم ھەموو خۆکوشتن و بڕینەت، ھێمان ژیانی ئەوان سەد قاتی ژیانی تۆ خۆشە. چارم چییە من؟ تۆ بیڵێ، چارەیەک شک دەبەی؟
-چی بڵێم، ڕاستەوێ گەر کاتژمێرێکی دیکە گوێت بۆ بگرم، منیش ھاودەردی خۆت ئەکەی، بەڵام لاموایە ھەتوانی ئەم زامە تەنھاوتەنھا نووسینە. بنووسە، بنووسە و بھێڵە وشەکانی ناو سەرت بڕژێنە سەر پەڕەکان و ئازادبن. سەیرکە بڕوابکە گەر ئەمە نەکەی و ڕێگا بە وەدەرکەوتن و ئازادبوونی وشەکان نەدەی، پڕی مێشکت خاڵی نەکەیتەوە ئەوا دووری مەبینە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆگەنیوی مۆخی سەرت ڕۆژەڕێیەک بڕوات. گەر بەم شێوەیە بەردەوام بیت، ئەوا کۆتاییەکی سەخت و لێڵ لەوپەڕی ژیانەوە باوەشی بۆ کردوویتەتەوە، گەر بەرگەی ئەم سەختییە نەگری ئەوا دڵنیابە خۆکوشتن تاکە ھەڵبژاردەی بەردەمت دەبێت...
+ماوەیەک بەر لە ئێستا کاتێک، کە نوقمی نێو ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوانەی ئێستا بووم، کەسێک ھاتە لام و وتی (مرۆڤ گەر کێشەی لەگەڵ خۆیا نەبێ ناتوانێ بنووسێ) ، تەماشایەکیم کردوو گوتم، باشە گەر بوونیام کێشەی دنیای لەگەڵ خۆیا ھەبێ و نەتوانێ بنووسێ، ئەی ئەمەیان چۆنە؟ وتی (ئەوە کەڵەکە دەبێ، کەڵەکە دەبێ، کەڵەکە دەبێ تا ڕۆژێ دێ، ئیتر خوێنی نووسین بەلووزەوێ دێتە دەرێ.) ، وتەکانی ھێند جوان بوون وەک بڵێی پەیامھێنی خوایە و پەیامێکی ئیلاھیم ئاڕاستە دەکات. ئێستاش و ئەوساش نەمزانی، فریشتە، پەیامھێن، کام نێردراوی ئیلاھی بوو ئەو؟ دەزانی وتەکانی ئەو لە وتەی ھەزار زانا و فەیلەسوف و نازانم چی بۆمن گرنگتر و جێگای بایەخترە، ئەو بەردەوام لە جیھانێکی دیکەوە، دوور لەم پۆخڵەواتەی ئێرە پەیامەکانی خۆیم ئاڕاستە دەکات و منیش بەخۆشەویستییەوە وەک پێغەمبەرێک گوێی بۆ دەگرم، تەنھا ئەو کاتانە ھەست بە ئاڵۆزی و بێزاری ناکەم، کە گوێم لە وتە زێڕئاساکانی ئەوە، وەک چۆن فریشتەکان گوێ بۆ فەرمانەکانی خودا دەگرن، ئاوا گوێ بۆ ئەو دەگرم من، ئەو بەس خودام نییە. لەو ساتەوە تاوەکو ئەمڕۆ چاوەڕوانی ھاتنی ئەو ڕۆژەم، کە بتوانم دەست بدەمە نووسین و ھەزار و نۆسەد و ھەشتا و شەش ساڵ و شەش مانگ و دە ڕۆژ، بەردەوام بم و دەست لە نووسین ھەڵنەگرم، تا بتوانم وێنە شێواوەکانی مێشکم بەیانکەم و گەر ماوەیەکی کورتیش بێت لێیان ڕزگاربم.
-کەواتە ناتوانی بنووسی؟ یانی ئەویشت تاقی کردۆتەوە؟!
+نا، دەی گەر توانای نووسینم ھەبووایە، ئێستا یەکێک بووم لە نووسەرە ناودارەکان. دەزانی ھەر ئەم ماوەیە بیرۆکەی نووسینی (37) چیرۆکم لا گەڵاڵە بوو، بەڵام نەمتوانی بیان نووسم، وەک بڵێی لەو کاتەدا مێشکم لە چالاکی وەستابێ. بیرۆکەی نووسینی چیرۆکێکیان ئەوکاتە بوو، کە ئاڵای وڵاتەکەمم لەژێر پێی دوژمناندا بینی، ئەم ئازارە ھێندە سەخت بوو، سەد ھێندەی سووتانی ھەموو لەشم بەئازار بوو، ناوم لەم ئازارە نا (دڵم لەژێر پێی دوژمناندا) ، ویستم بینووسمەوە، بەڵام نەمتوانی. ئا بەم شێوەیە دەیان ناونیشانی بێ ناز کوتووم ھەیە و شەو نییە.بەدڵتەنگییەوە لێیان نەڕوانم و ئاە ھەڵنەکێشم (مەلای ئەلیکترۆنی و ڕادیۆکەی دایکم، ڕق لە خودا، خود و خودا لە گفتوگۆیەکی بێ کۆتادا...) ئەمانە و زۆر ناونیشانی دیکەم ھەن، کە بەدڵتەنگییەوە لێم دەڕوانن و لەبری ئەوان من فرمێسکێکی لێڵ دەڕێژم.
(2)
دووبارە درەنگانی شەو، دووبارە تەنھایی و بێداری، دووبارە مەستی و بێ ھۆشی. قسەکردن سوودی نییە. چوون دەزانم کەس لێم ناگا، نە دکتۆر و نە پرۆفیسۆر و تەنانەت نە خوداش، ناتوانن ئەم دەردەی من چار بکەن. تازە ئەم مۆتەکەیە تا ڕۆژێکم لە ژیان مابێ و تا کۆتایی تەمەن دەستی توند لە گەروومدایە، شەوێک ھەر دێت، بەمەستی و بەدەم خوێندنەوەی ئەو پەڕتووکانەی ژیانیان لێکردم بە ئازارێکی ھەمیشەیی، ڕۆحم دەکێشێ و ھەناسەم لێ دەبڕێ. ھەرزوو ھەواڵی مردنم شاشەی تیڤییە درۆزنەکان و پەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامە بێ ساحێب و بێ خوێنەرەکان داگیردەکات، دەنووسن (ئەمشەو کچێک بەھۆی کێشەی دەروونییەوە خۆی کوشت) ، بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵکی و لەپاڵ ئەمەدا دەنووسن (لەبەرئەوەی بە مردوویش پەڕتووکەکەی لە باوەشدا بووە، ناوی لێ نراوە، مردووی پەڕتووک پەرست) . ئەوان مردنەکەم بە خۆکوژی ناوزەند دەکەن، بێ ئاگان لەوەی ھەر لە تەمەنی (13) ساڵییەوە لە پشت جەستەی شەکەتمەوە مۆتەکەیەک خۆی بۆ ڕۆحکێشانم مەڵاس داوە، وا لەکۆتاییدا بە مەرامی خۆی گەشت و بۆ ئەبەد ھەناسەی بڕیم و بێبەشی کردم لەو ژیانەی کە دەبوو تیایدا باش بژیایەم و چۆڕێک دڵخۆشبم، بەڵام نەکرا، ئەمویست لەم ژیانە کولەمەرگییەدا گەرچی کەمێکیش بێت، بەڵام ھەست بە چێژ و ئازادی بکەم، ڕەنگە ئەوکات بمتوانیایە گێڕەرەوەیەکی ڕوونبێژی ئەم بەسەرھاتەی ئێستا بم، کە لە ناخی زەوییەوە و وا بەمردوویی خەریکم بۆتان دەنووسم. سەرم ئاخناو لە وشە و قوڕگم پڕ بوو لە قسە، بەڵام ئەفسووس ھەزار ئەفسووس، کە (خراپ ژیام و باش فێر نەبووم ڕوون بدوێم)
پۆل ئێلوار
[1]