ناونیشانی بابەت: موراکامی: نا، من چیرۆکبێژ نیم، چیرۆکبینم
وەرگێڕ: #ئەنوەر عەباسی (هەرەس) #
ڕۆژی بەر لە ڕۆژی چاوپێکەوتنەکەمان، هاروکی موراکامی بۆ ڕاکردنی ڕۆژانەی (وەرزشی ڕۆژانەو) چووبوو بۆ '' سێنتراڵ پارک '' و لەوێ ژنێک پێشی پێگرتبوو، لێی پرسیبوو: ''ببوورن ئێوە نووسەرێکی بەناوبانگی ژاپۆنی نین؟''. ئەم پرسیارەی وەک بڵێی بەشێوەیەکی سەیر و سەمەرە کردبوو، بەڵام موراکامی هەر بە شێوازە باو و فەرمییەکەی خۆی وەڵامی دابووەوە: ''پێموت: نا، بەڕاستی. من تەنیا نووسەرێکم. وێڕای هەموو شتێک بە دیتنتان خۆشحاڵ بووم. پاشان دەست و مشتاقمان کرد. کاتێک خەڵک ئاوا دێنە سەر ڕێگام، زۆرم بەلاوە سەیرە، چونکە من تەنیا مرۆڤێکی ئاساییم، بەڕاستی تێناگەم بۆچی خەڵک حەز دەکەن من ببینن''.
هەڵەمان کردووە ئەگەر بمانەوێ ئەم هەڵسوکەوتەی موراکامی بە خاکەڕابوونێکی نابەجێ بێنینە ئەژمار، بەڵام دیسان هەڵەمان کردووە ئەگەر پێمانوابێ بەناوبانگبوون بەڕاستی ئەو ئازار دەدا.
کەواتە دەتوانین بڵێین: موراکامیی 69 ساڵە، نە بە ناوبانگە جیهانییەکەی شاگەشکەیە و نە لێشی بێزارە. لەڕاستیدا وەکوو تەماشاوانێکی کونجکۆڵ و کەمێک سەرلێشێواو سەیری بابەتەکە دەکات – تەماشاوانی ئەو چیرۆکە سووریالیانەی کە لە ناهۆشیاریی مێشکی خۆیەوە هاتوون، سەیرکەری ئەم ڕاستییەی کە ملیۆنان خوێنەری ئەم چیرۆکانە، چ بە ژاپۆنی و چ بە وەرگێڕدراوی، بە تامەزرۆییەوە دەیخوێننەوە. بە دڵنیاییەوە ئەوە ڕێکەوت نییە کە کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکانی موراکامی زۆربەی جاران تەماشاوانێکی هێدییە: پیاوێکی سی و چەند ساڵەی هێدی، نوقمبوو لە خۆدا و زۆربەی جاران بێ ناو، کاتێک پێوەندییەکی تەلەفۆنیی سەیر و لێڵ، یان گەڕان بۆ دۆزینەوەی پشیلەیەکی بزربوو، ئەو بەرەو جیهانێکی هاوتەریبی وەک خەون دەبا کە لەوێدا سەگە تەقینەوەییەکان، مرۆڤگەلێک بە جلی وەک خوری بەرخ، کچانی ئەفسوناوی و مرۆڤگەلێکی بێ دەموچاو دەژیین، بە جێگای ئەوەی هەست بە مەترسی بکات، بە ورە و کونجکۆڵ دەردەکەوێ.
موراکامی بیرۆکەیەکی هەیە لەبارەی ئەوەوە کە؛ بۆچی ئەم شێوازی نووسینە سیحرکارانە بە تایبەت لە سەردەمی ئاڵۆزی و پشێویی سیاسیدا زیاتر سەرنجی بەردەنگ ڕادەکێشێ. لە ژووری کۆبوونەوەی ئۆفیسی نوێنەرایەتییە ئەدەبییەکەی خۆی لە ئەمریکا، قومێک ئاو دەخواتەوە و دەڵێ:'' لە ساڵەکانی دەیەی 1990 دا لە ڕووسیا خوێنەرێکی زۆرم هەبوو. ئەمە ڕاست ئەو کاتە بوو کە خەڵک خەریکبوون سەردەمی یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیەتیان تێدەپەڕاند – پشێوییەکی مەزن هەبوو، لە وەها دۆخێکدا پەڕتووکەکانی من زۆرتر دەخوێنرێنەوە. لە ئەڵمانیا، دیواری بەرلین ڕووخێنرا و پشێوی ساز بوو، لەو کاتەیشدا خەڵک بە پیر پەڕتووکەکانی منەوە دەهاتن و دەیانخوێندەوە''.
ئەگەر ئەم بیرۆکەیە ڕاست بێت، ئەمریکای سەردەمی ترامپ و بەڕیتانیای برێگزیت- یش دەبێ بازاڕگەلێکی قەرەباڵغ بن بۆ تازەترین بەرهەمی ئەو، واتە (کوشتنی فەرماندە - یان کوشتنی سوارچاک) . پێکێکی 674 لاپەڕەیی لە شەرابە سەیر و سەمەرەکەی موراکامی کە فیلیپ گابریەل و تێد گۆسێن وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
هەوڵ بۆ باسکردنی کورتەیەک لە تێماکانی چیرۆکەکەی موراکامی کارێکی بێکەڵکە، بەڵام ڕەنگە بتوانین ئەوەندە بڵێین کە گێڕەرەوە شێوەکارێکی دڵشکاوە، هاوسەرەکەی بە تازەیی بەجێی هێشتووە و هەوڵ و تەقەلای ئەو بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، بە هانابردنە بەر کوێستانەکانی ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن دەبێ بە چیرۆکێکی درێژ لەگەڵ پیاوێکی تەماوی کە کارخولقێنی بواری تەکنەلۆژیایە، زەنگێک کە شەوان لە خۆیەوە دەنگی لێوەدێ، پەرستگەیەکی ژێرزەوی (چاڵاو و داڵان و هۆڵ و ژوورە ژێرزەوینییەکان و هەڵبەت پشیلە ونبووەکان، مۆرکی تایبەتی چیرۆکەکانی موراکامین) ، و سەربازێکی سامورایی شەست سانتیمی فرەوێژ کە لە تابلۆیەکی نیگارکێشان کە گێڕەرەوە لە ژوورێکی بن شیروانی دۆزیوەتەوە، دەرپەڕیوەتە دەرەوە. (لە ڕوانگەی نووسەرەوە کە هەر لە تەمەنی هەرزەکارییەوە شەیدای چیرۆکەکانی سکۆت فیتزجیراڵد بووە، ئەم تایبەتمەندیانە لە تەنیشت یەک ''پەیمان نوێکردنەوەیەک لەگەڵ گاتسبیی مەزن'' پێکدێنن (نووسەر نووسیویەتی دانەوەی قەرز بە گاتسبیی مەزن. و) و ئەمە بانگەشەیەکە کە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەک لە ڕۆمانەکەی موراکامی و چوونە پێشەوە تێیدا، ئەگەری ڕاستبوونەکەی کاڵتر دەبێتەوە.
سەیر نییە ئەگەر پەڕتووکەکانی موراکامی لە سەردەمی ناجێگیریی دۆخی سیاسیدا پڕخوێنەر بن: پەڕتووکەکانی ئەو کاریگەرییەکی ڕاکێشەر و هێندەکجار سڕکەر و هۆشبەریان لەسەر خوێنەر هەیە و سەیربوونی شێوازی کردنەوە و بڵاوکردنەوەی تێماکانی گێڕانەوە لەگەڵ جۆرێک لە خاوبوونەوەی هەستەکی، هاوسەنگییەک ساز دەکا کە دەتوانێ پەناگەیەکی ئەرخەیانکەر بێت بۆ هەڵاتن لە دنیای ڕاستەقینە و ڕووداوە لەڕادەبەدەر ڕادیکاڵەکانی. کاتی خۆی موراکامی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتبووی کە زۆری حەز لە بەیسبۆڵە ''چونکە ماندووکەرە'' و پەڕتووکی بیرەوەرییەکانی خۆی بە ناوی ''کاتێک دەڵێم دوو، باسی چی دەکەم'' (2007) چێژی هەڵاتن (ئەگەر چێژ وشەیەکی گونجاو بێت لێرەدا) لەوەدا دەبینێت کە دەرفەتێکی پێدەدا بۆ دوورکەوتنەوە لە ''لەڕادەبەدەربوونی'' هەستەکان و هەر بەم هۆیە هێندە حەزی لە ڕاکردنە (وەکوو وەرزش. و) .
وێڕای ئەمانەش، نابێ چاوەڕوانیتان لە موراکامی هەبێ کە بە ئێوە بڵێ بەشە خەیاڵییەکانی بەرهەمەکانی چ واتایەکیان هەیە و بۆ چ ئامانجێک دەگەڕێن. موراکامی متمانەیەکی تەواوی بە ناهۆشیاریی مێشکی خۆی هەیە: پێیوایە کە ئەگەر خەیاڵێک لەو چاڵە ڕەشەی ناخییەوە دێتە دەرەوە، بە دڵنیاییەوە واتایەکی هەیە و کاری ئەو ئەوەیە هەرشتێک لەو چاڵە دێتە دەرەوە لەسەر کاغەز بینووسێ، نەک ئەوەی کە شیکاری دەروونناسانەی بۆ بکات (بزەیەک دەکا و دەڵێ: ''ئەمە کاری مرۆڤە زیرەکەکانە و نووسەرەکان پێویست ناکا زۆر زیرەک بن'') . بۆ نموونە لە ڕۆمانی ''کافکا لە کەنار'' (2002) دیمەنێک هەیە کە لەوێدا ماسی وەکوو تەرزە لە ئاسمانەوە دەبارێ.
موراکامی دەڵێ: ''خەڵک لە من دەپرسن: بۆچی ماسی؟ و بۆچی دەبێ ماسی لە ئاسمانەوە ببارێ؟ من هیچ وەڵامێکم بۆ ئەوان پێ نییە. تەنیا ئەوەم بە مێشکدا هات کە دەبێ شتێک لە ئاسمانەوە ببارێ. پاشان بیرم لەوە کردەوە کە دەبێ چی لە ئاسمانەوە ببارێ؟ بە خۆمم گوت: ماسی! ماسی بژارەیەکی گونجاوە! دەی خۆ دەزانن، ئەگەر ئەم شتە بە مێشکی مندا هاتووە بێگومان پاساو و هۆکارێکی هەبووە – شتێک کە لە قووڵایی ناهۆشیاریی مێشکی مندا بووە و خوێنەر پێوەندی لەگەڵ دەگرێ. دە، ئێستا من و خوێنەر، ژوانگەیەکی نهێنیمان لەژێر زەویدا هەیە، شوێنێکی شاراوە لە قووڵایی ناهۆشیاریدا. لەوێ، لەو شوێنەدا، هیچ دوور نییە زۆر ئاسایی بێت کە ماسی لە ئاسمانەوە ببارێ.
شتێک کە گرینگە هەر ئەو ژوانگە و شوێنی یەکتر دیتنەی ئێمەیە، نەک شیکاریی دەروونناسانەی هێماکان یان کارگەلێکی هاوشێوەی ئەمە. ئەم کارانە بە جێدێڵم بۆ ڕۆشنبیرەکان''.
موراکامی خۆی وەکوو ڕێڕەوێکی گواستنەوە دەبینێ – وایەرێک لەنێوان ناهۆشیاریی مێشکی خۆی و ناهۆشیاریی مێشکی خوێنەرەکانیدا – و ئەم هەستەی ئەو ئەوەندە بەهێزە کە کاتێک لە ئاماژەیەکی زووتێپەڕدا بە خۆی دەڵێ: ''چیرۆکبێژی غەریزی''، خێرا هەڵوەستەیەک دەکا کە قسەکەی چاک بکات و پاشان دەڵێ: '' نا، من چیرۆکبێژ نیم، چیرۆکبینم''، پێوەندی ئەو لەگەڵ ئەم چیرۆکانە، پێوەندی نێوان خەونبین و خەونە و ڕەنگە هەر ئەمە هۆکاری ئەم بانگەشەیەی ئەو بێت کە دەڵێ قەت بە شەوان خەون نابینم: '' دەی ڕەنگە مانگی جارێک خەونێک ببینم، بەڵام بە گشتی نایبینم. پێموابێ هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە هۆشیاریدا دەچمە نێو خولیاوە، بۆیە ناچار نیم کاتێک کە دەخەوم خەون ببینم''. [1]