لە تورکیا و باکووری کوردستان 184 هەزار کەس لەژێر باڵەخانەکاندا ماون
چوارشەممە 08-02-2023
دوای دوو ڕۆژ لە بوومەلەرزە بەهێزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، هێشتا ئاماری تەواوەتی قوربانییان نەزانراوە، پسپۆڕێکی بوومەلەرزەناسی ئاشکرای دەکات، تا ئێستا 184هەزار کەس لەژێر باڵەخانەکاندا ماون کە زۆربەیان گیانیان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 6ی ئەم مانگە، چەند بوومەلەرزەیەک، کە بەهێزترینیان 7.8 پلەی بەپێوەری ڕێختەر بوو، بەشێک لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، تورکیا، ڕۆژاوای کوردستان و سووریایان هەژاند و لە ئەنجامدا بە هەزاران کەس لەو ناوچانەی بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەریان هەبووە، بێ ماڵوحاڵ بوون و هەزاران خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون خاپوور بوون و زیانێکی زۆری گیانیشی لێکەوتەوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئوڤگون ئەحمەد ئەرجان، ئەندازیاری جیۆلۆجی و پسپۆڕ لە بواری بوومەلەرزە ناسی، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ماڕەشەوە تائێستا 184هەزار کەس لەژێر باڵەخانەکاندا ماون و دەرنەکراون، کە زۆربەیان گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکرای دەکات، بەگوێرەی بەراوردکاری لەنێوان ئاماری دانیشتووانی شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، لەگەڵ قەبارەی وێرانکارییەکانی بوومەلەرزەکە و ژمارەی قوربانییان، گریمانە دەکرێت تا ئێستا زیاتر لە 184هەزار کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.
بە پێی دوایین ئامارەکان لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە، تا ئێستا لانی کەم گیانلەدەستدانی هەشت هەزار و 574 کەس ڕاگەیەنراوە و زیاتر لە 49 هەزار کەس بریندار بوون و شەشە هەزار باڵەخانە ڕووخاون.
[1]