$ڕۆژی موڕافەعە گەورەکە$
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە..
کوردستانییانی ئازیز..!
کوردانی خۆڕاگر و تێکۆشەری #کەرکووک# و ناوچە جێناکۆکەکان..!
ڕۆژی 9ی شوباتی ئەمساڵ (19) ساڵ بە سەر موڕافەعە گەورەکەی ڕەوانشاد سەرۆک مام #جەلال تاڵەبانی# تێپەڕدەبێت، کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەوکاتەی ئەنجوومەنی حوکم، وتەیەکی گرینگ و مێژوویی پێشکەش کرد و تیایدا بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی بەرگری لە ماف و خواستەکانی گەلی کوردستان کرد، و کوردستانیی بوونی کەرکووکی سەلماند.
لەو کوبوونەوەیدا ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال ڕاشیگەیاند: پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی حوکمدان بە فیدڕاڵییەتی کوردستاندا بنێ، و کار بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بکات، و بیانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش پڕۆسەی تەعریب و شێواندنی یەکە ئیدارییەکانی.
ڕۆژی موڕافەعە گەورەکە، هەم بۆ کەرکووکییەکان و میللەتەکەمان، هەمیش بۆ خودی ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی، دەستکەوتێکی گەورە و ڕۆژێکی مێژووییە، چونکە لەو ڕۆژەدا سەرۆک مام جەلال بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی، بۆ یار و نەیاری سەلماند کە کەرکووک بەشێکی دانەبڕاوە لە جیۆگرافیای باشووری کوردستان و هەرگیز سازش لەسەر ئەو مەسەلە ڕەوایە ناکات.
ڕۆژی 9ی شوبات یەکێکە لەو سەدان وێستگە پڕ لە شانازی و تێکۆشانەی کە ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال هەموو تەمەنی خۆی لەپێناودا بەخشی، و بێ ترس و سڵەمینەوە بەرگری لە میللەت و نیشتمانەکەی کرد و بۆ ساتێکیش نەسرەوت هەتا سەرکەوت.
لە ساڵڕۆژی موڕافەعە گەورەکەدا، سڵاو و وەفا دەنێرین بۆ گڵکۆی ڕابەر و سەرکردە ڕەوانشاد سەرۆک مام جەلال، و سەرجەم ئەو شەهیدانەی لەپێناو گەلەکەماندا گیانی خۆیان بەختکرد!
بەڵێنیش دووپات دەکەینەوە؛ کە درێژە پێدەری ڕێبازە ڕوون و ڕەوانەکەی سەرۆک مام جەلال بین، و پارێزەری سەرسەختی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بین. [1]
#ئاسۆ مامەند#
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نشتمانیی کوردستان#
$تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!$