ناونیشانی بابەت: دواکەوتنی تەمەنی باڵغبوون لە کوڕاندا
ناونیشانی بابەت: د. #دێراو سەعید عوسمان#
دواکەوتنی تەمەنی باڵغبوون لە کوڕاندا واتە ئەوەی کە کەسەکە دەگاتە تەمەنی 14 ساڵی بەڵام نیشانەی سیفاتە نێرینەییەکانی تێدا دەرناکەوێت وەک:-
1- زیادبوونی مووی دەموچاو و گەورەبوونی ماسوولکەکان.
2- گڕبوونی دەنگ و گەورەبوونەی گوونەکان.
3- درووستبوونی زیپکە و ئارەق کردنەوە.
4- زیادبوونی درێژی باڵای.
دواکەوتنی باڵغبوون ڕوودەدات کە گوونەکان توانای دەردانی هۆڕمۆنی نێرینەیان نییە یاخود بڕێکی زۆر کەم دەردەدەن.
یاخود ڕوودەدات بەهۆی بوونی کێشەیەک لە ڕژێنی ژێر مێشک کە بەرپرسی سەرەکی هاندانی دەردانی هۆڕمۆنی نێرینەیە.
هەروەها چەندین نەخۆشی و کێشەی تەندرووستی هەن کە هۆکارن بۆ ئەم حاڵەتە وەک:-
1- هەندێک نەخۆشی زگماکی پەیوەندیدار بە کڕۆمۆسۆمەکان وەک کۆنیشانەی کڵاینفێلتەر.
2- هەندێک جۆری نەخۆشی بۆماوەیی.
3- دانەبەزینی گوونەکان.
4- هەوکردنی گوونەکان بەهۆی ڤایرۆسەوە.
5- برینداربوونی گوونەکان بەهۆی زەبرێک یا هەر هۆکارێکیتری وەک سوڕانی گوونەکان.
6- هەندێک جار حاڵەتەکە ڕوودەدات بەبێ هیچ هۆکارێکی تەندرووستی، تەنیا هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەو خێزانە بۆماوەیی باڵغبوونیان دوادەکەوێت هەندێ جار تا تەمەنی 17-19 ساڵی.
7- ئەو مێردمنداڵانەی کە بەردەوام وەرزشی قورس ئەنجام دەدەن و زیاد لەحەدی توانای خۆیان وزە سەرف دەکەن.
8- ئەو منداڵانەی کە نەشتەرگەری لابردنی بەشێکی ڕیخۆڵەیان بۆ ئەنجام دراوە، کە کاردەکاتە سەر دواکەوتنی باڵغبوون .
9- ئەو مێردمنداڵانەی کە حاڵەتێکی دەروونی تایبەتیان هەیە کە تێیدا ترسیان لەقەڵەوبوون هەیە بەو جۆرەش خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەگرنەوە.
10- چارەسەری شێرپەنجە بە کیمیایی یاخود تیشک.
11- بوونی گرێ لەژێر مێشکە ڕژێن.
12- نەخۆشی زیادبوونی مادەی ئاسن، کە ئەبێتەهۆی لاوازبوونی گوونەکان یاخود ڕژێنی ژێر مێشک کە کاردەکاتە سەر دەردانی هۆڕمۆنی نێرینە.
13- قەڵەوی و کەمی ڤیتامین و مادە کانزاکان بە گشتی،
پاش ئەوەی کە پشکنینی وردمان کرد بۆ کەسەکە و هۆکاری حاڵەتەکەمان دیاریکرد، دەستدەکەین بە چارەسەر کە پشت دەبەستێت بە هۆکارەکان. [1]