لاوانی شۆڕشگێڕی #جوانڕۆ# بە بۆنەی چلەی شەهید #بورهان ئەلیاسی# لە پەیامێکدا داوایان لە خەڵکی تێکۆشەری شاری جوانڕۆ کرد کە لە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ڕێبەندان بەشێوەی هێمنانە لەسەر گڵکۆی پیرۆزی ئەو شەهیدە کۆ ببنەوە و یادی بەرز و پیرۆز ڕابگرن.
$دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:$
بە ناوی ژن، ژیان، ئازادی
خەڵکی خۆڕاگر و بەشەرەفی جوانڕۆ!
هەروەک ئاگادارن ماوەی چوار مانگە شۆڕشی ژینا لە #کوردستان# دەستی پێ کردووە و لەم ماوەی چوار مانگەدا کوردستان و بەتایبەت شاری جوانڕۆ باشترین ڕۆڵەکانی خۆیانیان پێشکەشی خاکی پیرۆزی کوردستان و ئازادیی کوردستان کردووە، بە جۆرێک کە شاری جوانڕۆ لە ماوەی یەک ڕۆژدا پێنج شەهیدی خەڵاتی خاک و نیشتمان کرد و لە ڕۆژی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ دیسان تێرۆریستەکانی کۆماری پەت و سێدارە بە چەکی شەڕ هێرشیان کردە سەر بەشداربووانی چلەی شەهیدانی جوانڕۆ و لە ئاکامدا چەندین کەس برینداربوون.
شەهید بورهان ئەلیاسی یەکێک لە جوانمێر و ناودارەکانی جوانڕۆ لە ڕێکەوتی 10ی بەفرانباری 1401ی هەتاوی تێکەڵی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی نیشتمان بوو، هەر بەم بۆنەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی ڕێبەندانی 1401ی هەتاوی کە هاوکاتە لەگەڵ چلەی شەهید بورهان ئەلیاسی، داوا لە خەڵکی مافخواز و تێکۆشەری شاری قەڵای جوانڕۆ دەکەین بە شێوەی هێمنانە لەسەر گۆڕی شەهیدی نیشتمان شەهید بورهان ئەلیاسی کۆ بینەوە و یاد و ناوی بەرز و پیرۆز ڕابگرین. [1]