ناونیشانی بابەت: هونەری نەخشی لەسەر کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی گوندی دوستەکا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
چەند نەخش و دیمەنی سەرنجڕاکێش لەسەر کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانی گوندی دوستەکا لە دەڤەری زێباریا سەربە شارۆچکەی #ئاکرێ# نەخشێندراون. بە گوتەی شارەزایانی شوێنەواریش، مێژووی ئەم جۆرە نەخش و هەڵکۆڵینەی سەر کێلەکان، بۆ سەردەمی چەند میرنشینێک دەگەڕێتەوە.
هەروەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور، لەبارەی نەخش و دیمەنی سەر کێلی گۆڕستانی گوندی دوستەکا لە دەڤەری زێباریا سەربە شارۆچکەی ئاکرێ بڵاوی کردووەتەوە، مێژووی گۆڕستانەکە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و بەگوێرەی کێلی گۆڕەکان بێت، هەر لەکۆنەوە کەسانی دەستڕەنگین و شارەزا لە دەڤەرەکە هەبوونە، بۆ درووستکردنی نەخشی سەر بەرد.
لای خۆیەوە، عەبدلوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی #سۆران#، بە (باسکورد) ی ڕایگەیاند: لە جیهاندا هەر نەتەوەیەک بۆ ناشتنی مردووەکانی، جۆرە کولتوورێکی تایبەتی خۆی هەیە، لە کوردستانیشدا، لە چەندین شوێن لە گۆڕستانەکان، دروشمی جۆراوجۆر لەسەر کێل و تابووتی گۆڕی مردووەکاندا دەبینرێت، بۆ نموونە، لەسەر کێلی گۆڕەکان نەخشێنراوە، کە هەریەکە و واتا و بۆچوونی جیاواز لەخۆ دەگرن.“
وتیشی: ”بۆ نموونە، نەخشاندنی شمشێر و تفەنگ و ئەو جۆرە کەرستانەی بۆ جەنگ بەکار هاتوون لەسەر کێلی گۆڕەکان، مێژووەکەیان زۆر کۆن نییە و بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر و بۆ سەردەمی میرنشینەکان دەگەڕێتەوە، واتای هێماکانیش نیشانەی ئەوەن، کە ئەو گۆڕەی ئەو دروشمانەی لەسەرە، گۆڕی کەسێکی جەنگاوەر و فەرمانڕەوا بووە و ئەو شمشێرەی بەکار هێناوە و دیارە ئەو جۆرە چەکەیان لەدەستدا بووە و پێی جەنگاون، بۆیە وێنە و هێماکان هەموو ئەو واتایانە لەخۆ دەگرن.
لەبارەی ئەوەی زۆرجار کەسانێک بە نهێنی ئەو جۆرە گۆڕستان و شوێنانە هەڵدەدەنەوە و پێیان وایە شتی گرانبەهای لێ بێت، لەمبارەوە بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سۆران دەڵێت: ”ئەو جۆرە بیرکردنەوانە هەڵە و نادرووستن و تەنیا دەبنە هۆی تێکدانی گۆڕ و سرووشتی شوێنەواری ئەم ناوچانە، چونکە جگە لە دروشمی سەر گۆڕەکان، هیچی دیکە نییە و پێویستە ئەم جۆرە دروشم و هێمایانەی سەر بەرد پارێزگارییان لێ بکرێت، کە لە چەندین گۆڕستان و شوێنی کوردستاندا هەن.“[1]