#جەمیل بایک# داوای لە هێزەکانیان کرد هەموو چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن
10-02-2023 هەینی
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبانگەوازێکدا داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بەهۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و گەلی کرد.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان- کەجەکە پەیوەست بە بومەرزەکەی شەشی شوباتی ناوچەی پازاچخی مەرەشی باکووری کوردستان و بومەلەرزەکانی تورکیا و ناوچەکە پەیامێکیدا.
بایک لە پەیامەکەیدا بانگەوازیەکی گرنگی کرد و تێیدا داوای لە هەموو هێزەکانیان کرد، بەهۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە لەشکرییەکانیان ڕابگرن.
$هەتا ڕژێمی تورک هێرش نەکات هێزەکانمان چالاکی ناکەن$
بایک ڕایگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە، هەتا ڕژێمی تورک هێرش نەکات و بەسەرماندا نەدات، هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک لەنێو شارەکان، مەترۆپۆلەکان و تورکیا ئەنجام نەدەن. پێویستە هەموومان و سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بین. هەڵبەتە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاش بەرانبەر بە بڕیارەکەمان دیاریکەر دەبێت بۆمان.
$دۆخی گەلە کارەساتبارەکەمان غەمباری کردین$
جەمیل بایک ڕووبە گەل و ڕای گشتیی ڕایگەیاندووە: گەلە هێژاکەمان، بومەلەرزەی بەهێز کارەساتی گەورەی خوڵقاندوە. بەوهۆیەوە لە باکوور ورۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا گەلەکەمان و گەلان لە ناو دۆخێکی سەختدان. بە تایبەتی بەهۆی سیاسەت و کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورکەوە، خەڵکی ڕووبەڕووی ئازاری زیاتر بووەتەوە. گەلانی کورد، تورک و عەرەب کەوتوونەتە دۆخێکی زۆر دژوار و خراپەوە. ئەو دۆخە و هەستی کۆمەڵگە کاریگەریی زۆری لەسەرمان داناوە و غەمباری کردین. بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ڕەوانشادی و لای خودا بەزەییان بۆ دەخوازم. بۆ بریندارەکانیش خوازیاری زوو چاکبوونەوەیانم. پرسە و سەرەخۆشیش ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان و هەموو گەلەکەمان دەکەم.
$دەبێت بەهەموو توانا و دەرفەتێکەوە سەفەربەر بین و بەهانای لێقەوماوانەوە بچین$
کارەساتباران و کەسوکاری قوربانیان، ئێمە ئێش و ئازارەکانتان هەست پێدەکەین و لەگەڵیاندا دەژیین. بومەلەرزە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو جیهان ڕوو دەدات. بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەی دەوڵەتان ڕێوشوێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەگرنەبەر. بەوهۆیەشەوە زیانەکانی بومەلەرزە کەمتر دەبن. داڕووخانی خانوو و باڵەخانەکان و زیانە گیانییەکان کەم دەکرێنەوە. بەڵام کە لە دۆخی تورکیا دەڕوانین. گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست نابینن. بۆیە کارەساتی گەورە دەقەومن. هێشتاش هەزاران لە کەسوکارمان لەژێر داروپەردووی خانوو و باڵەخانە داڕووخاوەکاندان. پێویستە ئێمە هەرچی زووە ئەوان دەربهێنینەوە و ڕزگاریان بکەین. چوونکە زستانە، بەفرە و بارانە، ئەگەر هەیە بەو هۆکارە و زوو بەهاناوەنەچوونیانەوە، زۆرێکیان گیانیان لەدەست بدەن. بۆیە دەبێت دەستوبرد هەرکەس چی لەدەست دێت بیکات و لە چاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە، بەهەموو توانا و دەرفەتێکەوە سەفەربەر ببێت و بەهانای لێقەوماوان و خەڵکە کارەساتبارەکەوە بچێت.
$ئاکەپە-مەهەپە تورکیا وەک کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبەن$
ئاکەپە-مەهەپە لە دەسەڵاتی خۆیاندا پارەیەکی زۆریان کۆکردەوە، هەموو ساڵێک بۆ بوومەلەرزە پارەیان کۆدەکردەوە. بەڵام دەبینین کە ئەو پارەیە لەئارادا نییە. هەموویان بۆ شەڕ خەرج کردووەلەبەر ئەوەی لە ڕێگەی شەڕەوە بە ملیاران دۆلاریان قازانج کردووە. ئەگەر ئەو پارەیان بۆ گەل خەرج بکردایە، بۆ بومەلەرزەکە ڕێکاریان بگرتایە بەر، بۆ ئەوەی تەندرووستی و پەروەردەی گەل بەرەوپێشبچوایە، ئەو ئێش و کاولکارییە ڕووینەدەدا. گەلی تورکیا لە ناو خۆشگوزەرانیدا بژیایە. ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک زۆر دەوڵەمەند بوون و گەلیش لە ڕادەبەدەر هەژار بووە، ئەوە دەرەنجامی سیاسەتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە لە دژی گەلی کورد پەیڕەوی دەکات. لەبەر ئەوەی دەیەوێت گەلی کورد قڕ بکات، بۆ ئەوەش هەموو تواناکانی تورکیا و دەرەوەی خستووەتە خزمەت ئەو شەڕە. ئاکەپە-مەهەپە تورکیا وەک کۆمپانیایەک بەڕێوەدەبەن. وەک ئاغا و سەرمایەدارێکی بێویژدان و ستەمکار مامەڵە لەگەڵ گەلدا دەکەن. هیچ پێویستییەکی گەل بۆ خۆیان بە بنەما ناگرن، هەرگیز ئامانجێکی لەم جۆرە ناگرنەبەر. بۆ ئەوەش پێویستە گەلەکەمان، گەلی کورد، تورک، عەرەب، گەلان لە تورکیا لێپێچینەوە ئەوەیان لەگەڵدا بکەن. هەم لێپێچینەوە بکەن، هەم هاوکارییەکانیان بۆ باڵاترین ئاست بەرزبکەنەوە.
$بڕیارمان دا کە ئێمە چالاکی نەکەین$
ئاکەپە-مەهەپە دۆخی نائاساییان ڕاگەیاند، بۆچی ڕایانگەیاند؟ دەیانەوێت بومەلەرزەکە پەردەپۆش بکەن و بیشارنەوە. دەیانەوێت سەر ئازاری گەل، هاواری گەل داپۆشن بۆ ئەوەی هەرگیز دەنگی ئەوان نەگاتە هیچ شوێنێک. دەیانەوێت سەر بومەلەرزەکە بە تەواوەتی داپۆشن بۆ ئەوەی کەس هەستی پێنەکات و پێی نەزانێت. ئەو کێشانەی ڕوو دەدەن کەس پێیان نەزانێت. بۆ ئەوەش ڕاگەیاندنی خۆیان خستووەتە جوڵەوە. وەک چۆن گەلان و جیهان دەخەڵەتێنێت، لەسەر ئەو بنەمایە پرۆپاگەندە دەکەن. زۆر شت دەشارنەوە. بەو جۆرە دەریدەخەن کە لە هەموو شوێنێک یارمەتیی خەڵک دەدەن. ئەوانە درۆن. ڕاگەیاندنی سەربەخۆ هەموو ئەو درۆیانەی ئەوانیان ئاشکرا کرد. دەیانەوێت ڕێگری لەو هاوکارییە بکەن کە گەل ڕەوانەی دەکات. دەیانەوێت ڕێگری لەو یەکگرتنە بکەن کە لەناو گەلدا پێشکەوتووە و بەتەواوەتی دەسەڵاتی خۆیان لەو شوێنانە بسەپێنن. ئەو هاوکاری و توانایەی کە لەدەرەوە یا خود لەناو تورکیاوە هاتوون جارێکیتر بخەنەوە خزمەتی خۆیان. بۆ ئەوەش لەم کاتەدا دەبێت دیموکراسی، گەلانی تورکیا، گەلی کورد درێژە بە هاوکارییەکانیان بدەن. نەهێڵن کە دەستی بەسەردا بگرن و سەری داپۆشن.لەو کاتەدا کە گەل لەم کارەساتەدا دەژیین، لەناو خۆماندا وەک بزووتنەوە بە پێویستمان زانی دۆخی هەنوکەیی و ئەو پەرەسەندنانەی ڕوویانداوە هەڵبسەنگێنین و لەسەر ئەو بنەمایە بگەیەنە هەندێک ئەنجام. لەبەر ئەوەی ڕێز لە گەل، ژیانی گەلان و مرۆڤایەتی دەگرین، ئازارێک بە ئازارەکان زیاد نەکەین. لە ڕووی مرۆڤایەتی، ویژدانی، ئەخلاقیەوە ئێمە دۆخەکەمان هەڵسەنگاند. داوا لە هەموو هێزەکانی چالاکی سەربازی دەکەین کە لە تورکیا، لە گەورەشارەکان، لەشارەکان چالاکییە سەربازییەکانیان ڕابگرن. هەروەها بڕیارمان دا کە تا دەوڵەتی تورک هەڵنەکوتێتەسەرمان و هێرش نەکاتە سەرمان، ئێمە چالاکی ناکەین. تا ئازاری گەلەکەمان کەم ببێتەوە، برینەکانی خۆیان ساڕێژ بکەن. ئەو بڕیارەمان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەڵبەتە هەڵوێستی دەوڵەتیش یەکلاکەرەوە دەبێت لەبارەی ئەو بڕیارەمانەوە. جارێکی تر دەیڵێمەوە؛ ئەوانەی ژیانیان لەدەستداوە بکەونە بەر بەزەیی و لێبوردەیی خودا و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم و دەڵێم، سەری گەلەکەمان ساغ بێت. یەکگرتنی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەو هێرشانەدا زاڵ دەبێت، بۆخۆمان بە دەستی خۆمان برینەکانمان ساڕێژ دەکەین.
[1]