$دوا پەیامی ژنێکی گەرمیان$
#زارا فەتاح# پیرەژنێکی گەرمیانە و دایکی چوار کوڕی ئەنفالکراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 08-01- 2023 دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ ئازاری دابڕانی 34 ساڵ لە کوڕە ئەنفالکراوەکانی بەو حەسرەت و تاسەیەوە سەری نایەوە. ئەم ژنە ماندوو بریندارە (7 مانگ) پێش مردنی وەسێتنامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی کردووە و ئامۆژگارییان دەکات و باس لە گوزەرانی خۆی و خەڵک دەکات.
(هاوڕێ پێشڕەو) سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لە قوربانیانی ئەنفالی گەرمیان وەسێتنامەکەی لەژێر ناونیشانی (پەیامی داکێکی جەرگ سووتاو) بڵاوکردووەتەوە، لەبەر گرنگیی ناوەرۆکی نامەکەی پاش مەرگی زارا بەپێویستم زانی جارێکی تر وەک خۆی، بێ دەستکاری بە شێوەزاری گەرمیانی بڵاوی بکەمەوە.
$دەقی وەسێت نامەکەی زارای کۆچکردوو$:
$پەیامی دایکێکی جەرگ سووتاو$
کوڕەکەم: #مەسرور بارزانی#
کوڕەکەم: #قوباد تاڵەبانی#
من ناوم زارا فەتاحە ژن حەمید فاتانیم لە ئاوایی شۆراو، خەڵک داوێین.. ئاواییەکەمان هاوە پاڵ خورماتویوۆ، ئیسە بویەتە شوێن داعشەکان.
چوارکوڕم بویی، دایکتان بمرێ هەرچواریان وەبەر چاو خۆمۆ، لێیەل باوکیانا لە پاین ئاواییەکەوە نریانە زیل عەسکەری و بریان ئەنفالکریان.. ناویان (برایم و مەجید و ڕەشید و خورشیدە) دووکوڕە گەورەکەم ژنم بۆیان هاوردوی، هەر یەکێ پێنج شەش منداڵیان بووی، خانییەکانمان وەبەر چاوخۆمۆ دایانە بار شۆفەڵ و ڕۆخانیان..
پەزەکانمان جاش و عەسکەرەکان وەتاڵانی بردیان.. دوای ئەوە ژن و منداڵەکانیش گشتمان لە زیل عەسکەری بارکریاین و بریاین بۆ خورماتووی کریاینە سجنۆ.. ڕۆژحەشرمان وەچاو خۆمان بینی.. باشوی، جاشەکان وا حەرەسیات خەڵکەکەیان ئەگرد غیرەت گردیانی ژنو منداڵێ زۆر لە سجنەکە ڕایکرد ئێمەیش فرسەتمان وەرگرت لێل هەردوو بوکەکەم و منداڵەکانیانا ڕامانکرد و نەجاتمانبووی.. حاجی ڕەحمەتیش دوای شەش مانگ لە سجن #نوگرەسەلمان# وەنیمە گیانی گەڕیاوۆ..
لەو ساوۆ تا ئیسە عەسر چاوم وشک نەویەتۆ بۆ منداڵەکانم.. ئەوەنە گیریامە و کۆلیلمکردە چاوێکم سۆمای نەماو لەشوێن خۆیا پویکیاوەتۆ و ئەوچاوە کەمیش وەزەبر قەترەو مەڵحەم تروسکاییەک ئەوینێ، قاچەکانم هێز و هەرەکەت ڕۆینیان نەماوە..
ئەوە ئیمساڵ (34 ) بهارە ئێمە لێمان قەومیاوە و (31) بهاریشە چاوەڕێی دەس ئێوە ئەکەین حەقمان بسێنن!
ئیتر نازانم ئێوە تاچەنێ ئاواتان هەیە لەجەرسووتیان و ماڵکاولبووین ئێمە..
ئەزانن چەنێ دایک وەک من جەرگسوتیاو و ڕەنج بێوەر و ماڵکاول چاوەڕێی ئەوەن ئێوە حەقیان بسێنن!
کوڕەکانم: حوکمەت باوک میللەتە و گەرێ ئاگای لە خەڵکەکەی خۆی بێت..
ئێمە خاوەن ڕان بویمان ئێواران ڕان بهاتایەتۆ بۆماڵ لێل حاجی ڕەحمەتیا خۆمان هەڵەکرد ئەچویمانە ناو ڕانەکە تەڕ و وشکمان ئەکرد، تەڕەکان ئەوانەی وا زاوین کاوجۆمان ئەکردە بەریان، بەرخەکانمان ئەمژان، مەڕ و بزن نەواون بووی ئەمانەگرد دەسمان ئەهاوردە سەروپشتیا تا بەرخەکە بمژێت.. دوایی بەرخەکانمان ئەکردە کۆزەوە، ژێر پاکەیانمان پاک ئەکردۆ کای تازەمان ئەکردە ژێر پایان..
- بەرەکەیان گەورە ئەوی بەرخەنێرەکانیانمان ئەفرۆشت مهاکانمان ئەکردە ناو ڕان، گشت مانگێ دوومانگ جارێک بۆ منداڵەکان حەیوانێکمان سەرئەوڕی، خێرمان لێی ئەکرد وە پارەکەیان کەلپەل و قۆندەرەمان بۆ منداڵەکان ئەسەن.
- لەشیرەکەیان ماس و پەنێر و دۆو کەشک و ترخێنە، ترخێنەکاڵ و ڕۆن خۆمانە. بەش ساڵێکمان خڕ ئەکرد..
- خورێکەیمان ئەڕێسا بەن و سوجاوە و چیخ و بەرماڵ و جاجم و هەگبە و شەڵتە و ڕەشکە و گورێس و سەرکەلەی کەر و پەت پای مانگامان لێی درووس ئەکرد.
- پۆسەکەیشی جوان خۆشەمان ئەکرد کونەی ئاو و مەشکەی دۆو هێزە ڕۆنمان لێی درووست ئەکرد.
ئیسە نازانم ئێوە لەم حەمکە پارەی نەفت و واریدات کوردستانە بۆ نازانن وە جوانی ئەی خەڵکە فەقیر و هەژارە وەسەر بکەنۆ بیانکەنە خاوەن.
کوڕەکانم: ئێوە بێنەناو خەڵکەکە گوێ لە خەڵکەکە بگرن بچنە ناو بازاڕەکە بزانن چی ئاورێکیان ناوەتە بازاڕۆ چی گرانیێ هەڵسیاوە، قوڕکریاوەتە سەر فەقیرا، هەرچی هالە و بازاڕە، گشتی کۆنەی وڵاتەکانە ئەکرێتە قوڕی ئەی خەڵکەوە.. ئەی حەمکە نەخۆشی و دەردە لەناو خەڵکا بڵاوبویەتۆ گشی هین خواردن خراوە..
لەباتی ئەوەی چاوتان وەخەڵکۆ بێت و خەڵکەکە بگەڕێننۆ بۆ ئاواییەکان خۆیان و فەلاحەت و بۆیسان و حەیوانداریەکەی جارانی خۆیان بکەن..
بۆچی پارەی ئاوتان لەسەر خەڵک گرانکردە پارەی کارەباتان لەسەر خەڵک گران کردە بایعی نادەنە خەڵک، نەفت نادەنە خەڵک، معاش بویەتە دوومانگ جاری، جەنازەی کوڕەکانمان بۆنایەرنۆ، سێ ئەنفالکراومان حەساو یەک شەهیدێکی بۆ ئەکەن.. ئەو جاش و عەسکەرەکانە وا ئێمەیان ئەنفالکرد لە ئێمە قەور و حورمەتیان زیاترە لاتان..
کوڕەکانم: من دیار قەورم گردە منەی سعات خۆم ئەکەم، ئیمڕۆنا بەیانی وەگرێی دڵخۆمۆ ئەمرم ..ئەوە 31 بهارە ئێوە حوکحمەتداری ئەکەن..کەسوکار شەهیدەکان و ئەنفالەکان کەسمان لێتان ڕازی نیمان.. حوکمەتداری ئاوها ناکرێت.. ژیان ئاوها وەسەر ناڕوا زگێ تێر و دە زگ برسی.. پشت مەکەنە خەڵک.. دوایی خەڵکیش پشتان تێ ئەکا.. وەی جۆرە خەڵکەکە لە خۆتان هەڵەگەڕێننۆ.. هەر حوکمەتێ خەڵکەکەی خۆێ لێی هەڵگەڕیاوۆ عاقیبەتی لەناوچوینە و جارێتر خۆتان و خەڵکیش سەرگەردان ئەکەن .
دەنگی دایکێکی جەرگ سووتاو.
#16-05-2022#
[1]