ناونیشانی پەڕتووک: خەونەکانم لە تاوسانا فێنکن
ناوی نووسەر: #محەمەد موشیرپەنایی#
$باسی پەڕتووک$
سەرلەبەری ئەم چیرۆکانەی لەم پەڕتووکەدا کۆکراونەتەوە فەزا و ڕووداوی کوردەوارین و کەشی زۆرێک لە چیرۆکەکان شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چیرۆکی خەڵک و ژیان و بەسەرهاتی خەڵکە، بەڵام بە زمانی ئەدەب و بە تەکنیکی چیرۆک. نووسەر کاری لەسەر ئەو حیکایەت و بەسەرهاتانە کردووە کە کوردەواریدا وەک برینێکی کۆمەڵایەتی هێشتا سارێژ نەبوون، بۆ نموونە بە چیرۆک باس لە ژیانی کچانی قەیرە دەکات. لە هەندێ چیرۆکدا باس لە ژیانی خەڵکی شار و وێنەی کۆڵانەکانی سنە نیشان دەدات. لێرەدا لەسەر چەند چیرۆکێک ڕادەوەستین.
چیرۆکی یەکەم لقە گوڵێکی سوور چیرۆکی پیاوێکی بێهۆش و گۆشە، پیاوێک کە نازانێ چی دەکات، لە خە و هەڵدەسێ و دەچێتە دایرە، دێتەوە... کەسایەتییەکە مرۆڤێکی وڕ و گێژە و ژیانێکی پەرت و بڵاو و وێرانی هەیە. دەستپێکی چیرۆکەکە بە لەخە و هەستانی کارەکتەرەکە و ڕوانین لە گوڵەسوورەکە کە چۆن لە بێ ئاگایی پاڵەوانی چیرۆکەکەدا وشک بووە. گێڕەڕەوە خودی کارەکتەرەکەیە. دوای ئەوەی لە خە و هەڵدەسێ و چەند ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانی یاداشت دەکات. کە پتر یاداشتی مرۆڤێکی سەرلێشێواوە و دەسەپاچەیە.
لە چیرۆکی دووەمدا ئاوابوونی قاڵاوەکان نووسەر بە نیشاندانی ئاسمان و هاتنی قاڵاوەکان دەست بە گێڕانەوەی چیرۆک دەکات و بە هەواڵێکی تۆقێنەر و خەمگین دەچێتە نێو چیرۆکەکەوە. ئەم چیرۆکە زۆرتر گرنگی بە وێنە داوە، وێنەی ئاسمان، دیمەنی هاتنی قاڵاوەکان، دیمەن و شێوەی ڕوخساری کەسەکان و قیڵشانی هەنار و دیمەنی حەوشەی ماڵەکە و... هەموو ئەمانە لەخزمەتی ئەو ڕووداوەدا کە چیرۆکەکەی لەسەر بنیات نراوە و هەواڵێکی جەرگ بڕە.
لە چیرۆکی نێرگزدا گێڕەوە بە جۆرێک قسە دەکات و ڕووی دەمی لە و کچەیە کە بەردەوام قسە دەکات و کەس گوێی لێ ناگرێ، وەکوو گێڕەوە قسەی بۆ دەکات کە ئەو هەرچییە دەنووسێت و دەیڵێ کەس لێی وەرناگرێ. کچێکی قەیرەیە و خەڵکی بە شێتی لە قەڵەم دەدەن. ئەم چیرۆکە باسی کچێکی قەیەرەیە کە باوکی بەشووی نەداوە و هەر کەس خوازبێنی کردووە ئەو بە لایەقی کچەکەی نەزانیوە، بەم چەشنە کچەی قەیرە ماوەتەوە و لە دۆخێکی خراپدایە. چیرۆکەکە گێڕانەوەی دۆخی دەروونی کارەکتەرێکی ماندووە، دەروونی شێواوە و تەنیا و خەمبارە و دەروونی شەقار شەقارە و کەوتۆتە بەر نەشتەری قسە و قسەڵۆکی خەڵکییەوە. هاوکات نووسەر لە گێڕانەوەی چیرۆکی شوونەکردنی نێرگز و بەسەرهاتە ناخۆشەکانییەوە گێڕانەوە دەباتە گەڕەکەکانی شاری سنە، گێڕانەوە بە قەتارچییان و پرد موسا و جاڕموساییەکان و ... دەڕوات و لەپڕ دەچێتە سەر ئاویەر...
لە چیرۆکی دایناسوور و سێوەسوورەکانی کوڕەکەم نووسەر باس لە ژیانی نووسەرێک دەکات کە سەختییەکانی ژیان ماندووی کردووە، بەردەوام بەراوردی حەزی ئەدەبی خۆی و پێویستی ماڵەکەی و ژیانی ژن و منداڵەکەی بەراورد دەکات. کە ئەوەش کێشەی هەموو نووسەر و ئەدەیبێکی ئەم میللەتەیە. خواردنیان نییە، مریشک نییە... منداڵەکەی حەزی لە دایناسوور و سێوە و خۆشی حەزی لە شیعرەکانی نووسرەت ڕەحمانییە. چیرۆکەکە وێنەی ژیانی شاعیرێکی زەلیلە بەدەستی ژیانەوە و لەنێوەندێکی فەرامۆشکراو... بەگشتی ئەم ئەزموونە چیرۆکی ژیان و سەختییەکانی مرۆڤی کوردە لە قاڵبی چیرۆکی ئەدەبیدا، بە کوردییەکی ڕەوان و جوان نووسیونی.[1]