ناونیشانی بابەت: لێدانی دەرزی بۆتۆکس بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەقیقە
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
لە ساڵی (2010) بۆ یەکەمجار، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) ، دانینا بە بەکارھێنانی دەرزی بۆتۆکس وەک چارەسەر لەنەخۆشی شەقیقەی درێژخایەندا، پاش ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لەنەخۆشەکان، سەرئێشەو نیشانەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاوکەمیکرد دوای بەکارھێنانی ئەم چارەسەرە.
$بۆتۆکس بۆ چ جۆرە سەرئێشەیەک بەکاردێت؟$
بۆتۆکس بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کەلەمانگێکدا 15 ڕۆژ یان زیاتر تووشی سەرئێشە دەبن، ھەتا زووتر و زۆرتر تووشی سەرئێشە بن لەمانگەکەدا، زۆرتر کەڵک دەبینین لە بۆتۆکس.
$بۆتۆکس چییە؟$
جۆرێکە لە تۆکسین، کە مادەیەکە بەکتریایەکی تایبەت درووستی دەکات، کە لە ڕەچەڵەکدا وەک ژەھرە ، بەڵام کاتێک لە تاقیگەدا قاڵدەکرێت و پاک دەکرێتەوە، بەڕێژەی زۆر کەم، گرژبوونی ماسوولکە ناھێڵێت بۆ ماوەی (3-6) مانگ.
$بۆتۆکس چۆن کاردەکات لە نەخۆشی شەقیقەدا؟$
بۆتۆکس دەدرێت لە دەوری ئەو دەمارانەی کە ئازار درووستدەکەن لەسەردا، بۆتۆکس دەچێتە دەوری ئەو دەمارەخانانەی بەرپرسن لە گواستنەوەی سیگناڵەکانی ئازار لەسەردا، کەئەمەش ھەستکردنی ئازار لە مێشکدا کەمدەکاتەوە . جگە لەوەی ماسوولکەکان خاودەکاتەوەو گرژی ناھێڵێت . بۆتۆکس سەرئێشەی شەقیقە ناھێڵێت پێش ئەوەی دەستپێبکات، واتە ڕێگری دەکات لە دەستپێکردنی، ھەموو جەلسەیەک چارەسەرە بۆ (10-12) ھەفتە، بەڵام بینراوە ئەوانەی (2-3) جەلسە بۆتۆکسیان ئەنجامداوە، ڕێژەی سەرئێشەکەیان کەمیکردووە بە ڕێژەی لە 50٪.
$بۆتۆکس بۆ چ نەخۆشێک بەکاردێت؟$
دامەزراوەی ئەمریکی بۆ خۆراک و دەرمان، ڕێگەیداوە بە بەکارھێنانی بۆتۆکس لە ھەموو تاکێکی پێگەشتووی 18 ساڵ یاخود سەرووی ئەم تەمەنە، لە منداڵ و ھەرزەکاریشدا ھەتا ئێستا پۆلێن نەکراوە، بەڵام پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت بڕیاربدات لەسەر ئەنجامدانی بەڵام لەوڵاتانی دەرەوەدا شمولی دڵنییایی و ئینشورانس ناکات.
چەند ماسوولکە بۆتۆکسی لێدەدرێت لەکاتی شەقیقەدا ؟
لە (7) ماسوولکەی جیاواز دەرزی لێدەدرێت لەناوچەوان و پشتی سەر و لاکانی سەر و ملدا.
لە (31) خاڵی جیاواز دەدرێت.
$دوای ماوەی چەند ئیشدەکات؟$
باشترین کاتی کارکردنی لە دوای (10-14) ڕۆژە، لەھەندێک کەسدا لەوانەیە ھەست بە ھیچ باشبوونێک نەکات دوای یەکەم جەلسە، بەڵام لەدوای دووھەم و سێھەم ھەست بەکەمبوونەوەی سەرئێشەکە بکات . لەھەندێکی تردا بە پێچەوانەوە لەوانەیە لەیەک ڕۆژی لێدانی بۆتۆکسەکە ھەست بە جیاوازی بکات . ھەندێکیش سەرئێشەیەکی قورس دەگرن لەیەکەم ڕۆژدا.
$زیانە لاوەکییەکانی بۆتۆکس چییە؟$
1- دابەزینی پێڵوی چاو، بەتایبەت کاتێک لە ناوچەوان دەکرێت.
2- وشکبوونەوە یاخود زیادبوونی فرمێسکی چاو.
3- ھەندێک جار بۆ ماوەیەکی کاتی تەڵخی لە بینیندا درووستدەبێت.
4- ئاوساوی یاخود شینبوونەوە لەشوێنی لێدانی دەرزییەکان.
5- ھەندێک جار بێھێزی و لاوازی لە ماسوولکەکاندا.
$ئایا دەتوانم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم لە دوای ئەنجامدانی بۆتۆکس؟$
لێدانی بۆتۆکس لە کلینیکی پزیشکی پسپۆڕ ئەنجامدەدرێت کە (10-20) خولەک دەخایەنێت، وەدەتوانیت بە دڵنییایەوە یەکسەر بڕۆیتەوە ماڵێ و ئۆتۆمبیلیش لێبخوریت.
$چ پزیشکێک دەتوانێت لێدانی دەرزی بۆتۆکس ئەنجامبدات بۆ نەخۆشی شەقیقە؟$
پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار، پزیشکی پسپۆڕی ئازارشکاندن ، پسپۆڕی تایبەتی سەرئێشە. باشترە لەژێر دەلالەتی سۆنەردا ئەنجامبدرێت لەھەندێ ناوچەدا بۆ ئەوەی دەمار و بۆری خوێنەکان بە ڕوونی ببینرێت. [1]