مێژوویی قەڵای شێروانە و چۆنییەتی درووستکردنی
#فەرمان ئەحمەد#
قەڵاى شێروانە، دەکەوێتە بەشی باشووری شارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەى گەرمیان و بەماوەى هەشت ساڵ درووستکراوە، لەدواى درووستکردنییەوە تا ئێستا سێ جار نۆژەنکراوەتەوە، سەبارەت بە مێژووی درووست کردنی و چۆنییەتى درووستکردنی و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی کێ درووست کراوە.
$مێژووى درووستبوونى$
بە وتەیەى بەشێک لە مێژوونووسان و شوێنەوار ناسان، قەڵاى شێروانە لە ساڵی 1866 – 1874ز، لەلایەن حەمە پاشاى جاف لەسەر گردى شوێنەواری شێروانە لە شارۆچکەى کەلار درووستکراوە، ئەم گردە درووستبوونى دەگەڕێتەوە بۆسەردەمى کاشییەکان و ساسانییەکان، درووستکردنەکەشى هەشت ساڵى خایاندووە.
$شێوازى قەڵاکە$
قەڵاى شێروانە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتى شارۆچکەى کەلارەوە، پێکهاتووە لە سێ نهۆمی سەرەکى، لەوانە، بەشی یەکەم و دووەم پێکهاتووە لە سێ ژووری گەورە و لەکۆمەڵیک ژوور و ڕێڕەو، قادرمە، تاق، ئاگردان و دوکەڵکێش، نهۆمى سێیەمى قەڵاکە، کە بەکڵاوفەرەنگى ناسراوە، لەئێستادا بەهۆی بومەلەرزەکەى ساڵانی ڕابردووەوە ڕووخاوە، بەشێکى زۆری دوو نهۆمەکەى دیکەی قەڵاکەش درزیان بردووە و شوێنەواری گەرمیان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەى شوێنە زیان لێکەوتووەکانن.
دەرگای سەرەکى قەڵای شێروانە تەنیا دەرگایەکى دوولاییە، کە ڕووى سەرەوەى تەواو کراوە بەشێوەی کەوانێکى نیوبازنەیی، قەڵاکە لەهەر چوار لاتەنیشتیەکانەوە چوار بورجى هەیە، ڕووبەری ئەو زەوییەى قەڵاکەى لەسەر درووستکراوە، نزیکەى 400م دووجایە، پانییەکەى لە ڕووى پێشەوەى 19م و 35سم، پشتەوەى 5م 18سم، درێژى لاى ڕاست 15م و 40سم-و لای چەپیشی 15م و 20سم، بەرزى قەڵا لە ڕووى پێشەوەى بە ستارەکەیەوە تا نهۆمى دووەم 7م و 95سم، لە ڕووى پشتەوەى 7مەترە.
ئەو ماددانەى لە درووستکردنى قەڵاى شێروانەدا بەکارهاتوون بریتین لە خشتى خوڵ، بەرد، قسڵ و گەچ، کە بەشێوەى جوان و توندوتۆڵ درووستکراوە، هەروەها داری تێدا بەکارهاتووە وەک داری گوێز بۆ درووستکردنى دەرگا و پەنجەرەکانى، ئەومادانەشی لە درووستکردنى قەڵادا بەکارهاتوون لەشوێنەوارە مێژووییەکانى گوندەکانى شێرەوەن، بنکورە، شێخ باوە، کوڵەجۆ و زەنگاباد لە سنووری گەرمیانە وە بۆی براون، کەرەستەکان بەزۆری بە گوێدرێژ و ئێستر گوازراونەتەوە و بە هەمان شێوەش لە ڕووباری سیروان ئاو هێنراو بۆ کارکردن لە قەڵاکەدا.
$سێ جار نۆژەنکراوەتەوە و هەنگاو بۆ چوارەم جار دەنرێت$
قەڵاى شێروانە، دواى درووست بوونى سێجار نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵەکانى 1925 و 1988 و 1998، دواجار بەهۆی بومەلەرزەکەى ساڵانی ڕابردووەوە، کڵاو فەرەنگى قەڵاکە ڕووخاوە و لە ئێستادا 2023 کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەى دەستیپێکردووە و لەدوا قۆناغى کارکردنیشیدا بڕیارە ڕێکخراوى پریس کڵاوى هۆڵەندى چاکى بکاتەوە و تێچووەکەى لە ئەستۆ بگرێت، چاوەڕێ دەکرێت بەم زووانە چاک بکرێتەوەو کۆتایی بەکارەکانی بهێندرێت.
$حەمە پادشاى جاف کێیە؟$
ناوى محەمەد پادشاى کوڕى کەیخەسرەوى کوڕى سڵێمان بەگى کوڕى زاهیر بەگى کوڕی یار ئەحمەد بەگى سەیفوڵا بەگى سەید ئەحمەد جوانڕۆییە، لە ساڵى 1814ز لە دایکبووە، سەرۆک هۆزى جاف بووە، سنووری دەسەڵاتدارى زۆر بووە، بە جۆرێک لە شارەزوورەوە بۆ کرماشان.
جیهاد دەلۆیی نووسەری پەڕتووکی قەڵاى شێروانە، بەپێی وتەى مێژوونووسان حەمە پادشاى جاف قەڵاى شێروانەى زیاتر بۆ دوو هۆکاردرووستکردووە، یەکەم سیاسی، بۆ ئەوەى دەسەڵاتى بەسەر ئەو ناوچەدا هەبێت کە لەژێر دەستى خۆیدایە، دووەمیش بە مەبەستى جێگاى حەوانەوەى خۆی و بەشێک لە خانەوادە و هۆزەکەى، کە ئەو کات کوێستان و گەرمیانیان کردووە.
لە ئێستادا 2023 قەڵاى شێروانە جێگایەکى مێژووى گرنگ و پڕ بایەخە و بووەتە یەکێک لەناوچە گەشتیارییە گرنگەکانى ئێراق و هەرێمی کوردستان و لەبۆنە نشتیمانیەکاندا خەڵکى سەردانى دەکەن.[1]