ناونیشانی بابەت: ئایا ئەکرێ بەبێ ڕێنمای پزیشک حەبی (ئایزۆتریتینۆن) بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری زیپکە؟
ئامادەکردن: د. #شادیار حەمەلاو#
بەشێک لە هاووڵاتیانی ئازیز کاتێک تووشی زیپکەی دەموچاو دەبن پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی حەبی (ئایزۆتریتینۆن) بۆ چارەسەری حاڵەتەکە بەبێ ڕێنمای پزیشک کە ئەوە هەڵەیە.
ئەم حەبە یەکێکە لە دەرمانە کاریگەرەکان بۆ جۆرێک زیپکە کە ناودەبرێت بە (Cystic acne) کە سوور و گەورە و ئازاربەخشن بەکاردێت ، کاتێک کەسەکە سوودی لە چارەسەرەکانی تر وەرنەگرتووە.
ئەم دەرمانە هەڵدەستێت بە کەمکردنەوە دەردانی چەوری لە چەوریە ڕژێنەکانی پێست کە سەرچاوەی درووستبوونی زیپکەکەیە.
ئەم دەرمانە تەنیاوتەنیا بە ڕێنمای پزیشکی پسپۆڕ بەکاردێت و کۆرسی تایبەتی خۆی هەیە کە پێویستە چارەخوازەکە ڕەچاوی بکات.
$چەندین کاریگەریی لاوەکی هەیە لەسەر پێست وەک:-$
1- وشکبوونەوەی دەم و لێو، کەمێک ئاوسانی پێڵووی چاو.
2- وشکبوون و قڵیشانی پێست.
3- خوێنبەربوونی لووت بەهۆی وشکبوونەوەی شانەکانی ناوپۆشی لووت.
4- ئازاری گەدە.
5- ئەو کەسانەی کە دووگیانن یاخود نیازی دووگیانبوونیان هەیە بەهیچ شێوەیەک نابێت بەکاری بهێنن.
.بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە لاوەکیەکانی ئەم دەرمانە لەسەر پێست، پزیشکی پسپۆڕ چەند مادەیەکی تر دەنووسێت بۆ چارەخوازەکە تاکوو زۆرتیرن کەڵک و کەمترین زیانی هەبێت. [1]