کێن ئەوانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەری دەوالی گوونەکان هەیە بە ڕێگای مایکرۆسکۆپ؟
ناونیشانی بابەت: د. #دێراو سەعید عوسمان#
مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی کە دەوالی گوونەکانیان هەیە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبێت، بەڵام لە ئەگەری بوونی ئەم حاڵەتانەی خوارەوەدا، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەدەین بە ڕێگای مایکرۆسکۆپ:-
1- ئەگەر کەسەکە بەهۆی دەوالی گوونەکانیەوە تووشی ئازاری بەردەوام بووبێت.
2- ئەو مێردمنداڵانەی کە قەبارەی گوونەکانیان بچووکبۆتەوە.
3- ئەو کەسانەی کە دەوالی گوونەکان کاری کردۆتە سەر ڕێژە و جوڵە، یان شکلی تۆوەکانیان و بۆتە هۆکاری منداڵ نەبوونیان.
4- نەشتەرگەری دەوالی گوونەکان بە ڕێگای مایکرۆسکۆپ کە پێی دەوترێت (Microscopic Varicocelectomy) کە یەکێکە لە پێشکەوتوترین ڕێگاکانی نەشتەرگەری. نەشتەرگەرییەکە بەئامێری مایکرۆسکۆپ ئەنجامدەدرێت بە برینێکی بچوکی 2 بۆ 3 سانتیمەتری شوێنی نەشتەرگەریەکە فراوان دەکرێت و بە شێوەیەکی زۆر ورد و دەقیق خوێنهێنەرەکانی ناوەوە دەبینرێت و دەوالیەکە چارەسەردەکرێت.
$لایەنە باشەکانی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە ئەمانەن:-$
1- ڕێژەی سەرکەوتنی نەشتەرگەریەکە لە %98 بۆ %99 یە.
2- کاریگەریی لاوەکی دوای نەشتەرگەرییەکە وەک دروسبوونی ئاوی گوونەکان کەمترە لە 1%.
3- هەستکردن بە ئازار لە دوای نەشتەرگەرییەکە کەمە.
4- نەخۆشەکە زوو دەتوانێت بچێتەوە سەر کاروباری ڕۆژانەی خۆی.
5- بەم ڕێگایە دەتوانرێت پارێزگاری بکرێت لە خوێنبەری هێلکە گوونەکە لە برینداربوون. [1]