ناونیشانی بابەت: نەشتەرگەری دەرهێنانی تۆو (سپێرم) بە مایکرۆسکۆپ (Micro TESE) بۆ کێ ئەنجام دەدرێت؟
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو پیاوانەی کە ڕێژەی تۆویان سفرە، بەتایبەت لەو کەسانەی کە گیرانی جۆگەی تۆویان نییە.
- ئەو پیاوانەی کە قەبارەی گوونەکانیان بچووکە.
- ئەو کەسانەی کە ڕێژەی هەردوو هۆڕمۆنی (FSH و LH) زۆر بەرزە کە لە ڕژێنەکانی ژێر مێشکەوە دەردەدرێن.
- ئەو کەسانەی کە تۆوەکانیان سفرە بەهۆی حاڵەتێکی بۆماوەییەوە کە تێیدا ژمارەی Xی کڕۆمۆسۆم زیادە، XXY و پێی دەوترێت (Klinefelter syndrome) .
- ئەو کەسانەی کە حاڵەتی گۆڕانی جینیان هەیە لە کڕۆمۆسۆمی y کە سەرەڕای ئەوەی قەبارەی گوونەکانیان ئاساییە و ڕێژەی هۆڕمۆنەکانی ژێر مێشکە ڕژێنیان ئاسایە، بەڵام تۆویان سفرە.
- ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری دابەزاندنی گوونیان بۆ کراوە دوای تەمەنی دوو ساڵی
- ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری سوڕانی گوونیان بۆ کراوە.
- ئەوانەی کە شێرپەنجەی گوونیان هەبووە.
- ئەوانەی کە لە تەمەنی مێردمنداڵیدا تووشی هەوکردن و ئاوسانی گوونەکان بوون (mumps orchitis)
لە حاڵەتی بوونی هەردوو نەخۆشی بۆماوەی
(kallman syndrome و prader willi syndrome) .
- ئەوانەی کە بۆ چارەسەری شێرپەنجە تیشک یاخود کیمیایان بۆ بەکارهێنراوە.
$لایەنە باشەکانی ئەم ڕێگایە ئەمانەن:-$
1- ئەم نەشتەرگەریە زۆر ورد و دەقیقە بۆ دەرهێنانی تۆو لە گونەکان و ڕێژەی سەرکەوتنی کارەکە بە ڕێژەی لە 50% بۆ 60% ە بە بەراورد بە ڕێگاکانی تر.
2- بەم ڕێگایە زیانگەیشتن بە خوێنبەرەکانی گوون زۆر کەمە.
3- لێکەوتە خراپەکانی دوای نەشتەرگەری بەم ڕێگایە زۆر، کەمە.
4- بەم ڕێگایە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ورد ڕێژەیەکی زۆر لە تۆو بەدەست بهێنین بە بەراورد بە ڕێگاکانی تر. [1]