ناونیشانی بابەت: هاووڵاتییەکی #باڵەکایەتی# زیاتر لە 35 ساڵە گۆچان درووست دەکات
ئامادەکردنی: # محەمەد هەسنانی#
مام سلێمان، هاووڵاتییەکى بەتەمەنى دانیشتووى گوندی گەزنەی دەڤەری باڵەکایەتییە لە سنووری شارۆچکەی #چۆمان#، دەیان ساڵە گۆچان (گۆپاڵ) درووست دەکات و بەبێ بەرانبەر دەیانبەخشێتە ئەو کەسانەی، کە داوای لێ دەکەن. دەشڵێت، لەم ساڵانەى دواییدا ئەم پیشەیەم کەم کردووەتەوە.
لەمبارەوە، سلێمان غەفوور، (باسکورد) ى ڕایگەیاند: لە ساڵانی هەشتاکانەوه، واتە زیاتر لە 35 ساڵ دەبێت لە گوندەکەمان، لە ماڵەکەدا گۆچان درووست دەکەم، بۆ ئەم کاروپیشەیەم دارێکی ئەستوور و قورسم هێناوە و لەناو چەند شوێنی قەدی دارەکە، هاوشێوەی قافی گۆچانم هەڵکۆڵیوە و پێی دەگوترێت قاڵبی گۆچان، دوای هێنانی چەند جۆر دارى تەڕ، لەسەرەتاوە سەرەکەیان کەمێک گەرم دەکەم و دواتر دەیان خەمە ناو قاڵبەکەوە دەیانچەمێنمەوە، دوای وشکبوونى دارەکە و مانەوەی بۆ ماوەى هەفتەیەک لەناو قاڵبەکە دەردەهێنم و کەمێک جوانکاریی بۆ دەکەم، لەئەنجامدا گۆچانێکی نایاب دەردەچێت، هەرچەندە پیشەکە کەمێک ماندووبوونى دەوێت، بەڵام لەمێژە لەسەرى ڕاهاتووم، ئێستاش ئەو کاروپیشەیەم زۆر کەم کردووەتەوە، بە بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو.
مام سلێمان ئاشکراشى دەکات: ”هەموو جۆرە دارێک بۆ درووستکردنى گۆچان نابێ، بەڵکوو ئەو دارانەی زیاتر بەکار دێن بریتین لە داری (بناوى، کنێر، بەڕوو، بی، بوزی، بلالووک) لەگەڵ چەند جۆرە دارێکی دیکە، بۆ بەدەستهێنانیان ڕوو دەکەمە دەوروبەری گوندەکە و لە کاتی دۆزینەوەی ئەم جۆرە دارانە بە تەڕی دەیان بڕمەوە و دەیانهێنمەوە ماڵ، دوای چەند کاتژمێرێک بە دوو قۆناغ دەیان چەمێنمەوە و دەیان کەم بە گۆچان، ئەوەی زۆرترین خواستیشی لەسەرە، بریتییە لە داری کنێر، چونکە هەم ڕەنگ و سیمای جوانە و هەمیش بۆنێکی زۆر خۆشی هەیە و خەڵکی زۆر تامەزرۆی گۆچانی کنێرن.
وتیشى: مەبەست لەم کارەم زیاتر ئارەزوو بووە نەک بۆ فرۆشتنەوەیان، هەرکەس داوای لێ کردبم گۆچانم بۆی درووست کردووە، ئەوانەی داوای گۆچانیش دەکەن، یان بەکارى دەهێنن، کەسانی بەتەمەن، یان شوانکار و ئاژەڵدارەکانن، گۆچان قاچی سێیەمی پیر و پەکەوتە و بە ساڵاچووەکانە، زۆرجاریش بۆ بەرگریکردن لە چیا و چۆڵەکان لە ئاژەڵى دڕندە و زیندەوەرە خشۆکەکان سوودى دەبێت.“[1]