ناونیشانی بابەت: پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ چییە؟
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
بێگومان شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشییە درێژخایەنانەی گەربێت و کۆنتڕۆڵ نەکرێت کاریگەریی نەرێنی ڕاستەوخۆ ئەکاتە سەر ئەندامەکانی لەشمان.
- زۆرێک لەو چارەخوازە بەڕێزانەی کە دێنە لامان و نەخۆشی شەکرەیان هەیە، بەشێکیان گیرۆدەبوون بە دەست هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆوە.
- دوو هۆکاری سەرەکیمان هەیە کە وائەکات نەخۆشانی شەکرە زیاتر دووچاری هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ ببنەوە ئەوانیش:-
1- بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا ئەکرێت ببێتە هۆی خاوبوونەوەی جوڵەی خوێن و زیانگەیشتن یاخود برینداربوونی ئەو دەمارانەی کە دەکەونە ناو میزەڵدانەوە، بەمەش کەسەکە کەمتر هەست بە تەنگاوبوون دەکات بۆ میز، بەو جۆرەش میز بۆ ماوەیەکی زۆر لە میزەڵداندا دەمێنێتەوە، بەمەش دەبێتە مۆڵگەیەک بۆ کۆبوونەوەی بەکتریاکان و تووشبوون بە هەوکردنی میزەڵدان.
2- نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی لاوازبوون و کەمبوونەوەی بەرگری لەش، بەمەش میکانیزمی پاراستنی لەش تێکدەچێت دژی بەکتریاکان و بەوەش کەسەکە بەئاسانی تووشی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ دەبێت.
$نەخۆشانی شەکرە دەتوانن بەم ڕێگایانە ڕێگری بکەن لە تووشبوون بە هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ:-$
1- ڕێکخستنی شەکرەی خوێن.
2- دورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان.
3- ڕێکخستنی کێشی لەش.
4- ڕێکخستنی کاتەکانی خەوتن.
5- گرنگی دان بە خواردنە تەندرووستەکان.
6- خواردنەوەی ڕێژەیەکی باش لە ئاو و شلەمەنیەکان.
7- پاک ڕاگرتنی کۆئەندامی زاوزێ.
8- میزکردن دوای سێکس. [1]