ناونیشانی بابەت: ڕەپنەبوونی چووک
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
ڕەپنەبوونی چووک بریتییە لە حاڵەتێک کە چووک بەتەواوی ڕەق نابێت کە پیاوەکە بتوانێ کرداری سێکس ئەنجام بدات ، کە دوو شێوازە یا ئەوەتا چووک هەر ڕەق نابێت، یاخود ڕەق دەبێت و زۆر بەخێرایی شل دەبێتەوە.
- ڕەپنەبوونی چووک باوترین جۆری نەخۆشی لاوازی سێکسیە کە دوچاری پیاوان دەبێتەوە بە جۆرێک لەهەر 10 پیاوێک یەک کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت.
$دوو جۆر هۆکاری سەرەکیمان هەیە کە ئەوانیش:-$
1- هۆکاری دەروونی کە نزیکەی لە 80%ی حاڵەتەکە بەهۆی هۆکاری دەروونیەوەیە کە زیاتر لەناو گەنجانا باوە کە ئەمانە دەگرێتەوە:-
- ترس و قەلەقی لە ئەنجامدانی سێکس و بیرکردنەوە لەوەی کە سەرکەوتوونابێت.
- خەمۆکی و بوونی قەلەقیەکی زۆر.
- شکست هێنان لە کردارێکی سێکس کردن و بیرکردنەوە لەوەی کە بۆ جاری داهاتوو سەرکەوتوو نابێت.
- تێکچوونی پەیوەندی سۆزداری نێوان دوو کەسەکە.
- ڕەشبینی و بڕوا بەخۆنەبوون.
- بوونی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی.
- نەبوونی هۆشیاری سێکسی.
2- هۆکاری دووەمان بۆ ڕەپنەبوونی چووک بریتییە لە هۆکارە جەستەییەکان وەک:-
- بوونی کێشە لە دەمارەکاندا یاخوود نەخۆشییە دەماریەکان وەک نەخۆشی پارکینسن یاخود (MS) یاخود لاوازبوونی دەمارەکان بەهۆی شەکرەوە.
- بوونی نەخۆشییە هۆڕمۆنیەکان وەک شەکرە، زەخت، غودە، بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی پڕۆلاکتین (هۆڕمۆنی شیر) ، بوونی کێشە لە ڕژێنی ژێر مێشکدا کە ناتوانی بڕی پێویست لە هۆڕمۆنی (FSH و LH) دەربدات.کە تووشی لە 17% پیاوان دەبێت کە ڕەپنەبوونی چوکیان هەیە.
- جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان، کاریگەریی لاوەکی هەندێک جۆری دەرمان.
- بوونی کێشە لە بۆریەکانی خوێن وەک ڕەقبوون یا تەسکبوومەوەی ئەو خوێنبەرەی کە خوێن دەنێرێت بۆ چووک.
- ئەو کەسانەی کە نەشتەرگەری پڕۆستات یا میزەڵدان یاخود کۆڵۆنیان بۆ ئەنجامدراوە ، هەروەها ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێکبێت زیان بە دڕکەپەتکیان گەیشتوە.
$پاش ئەوەی کە پشکنینمان ئەنجامدا بۆ نەخۆشەکە و دڵنیابووینەوە لە هۆکاری سەرەکی حاڵەتەکە دەست دەکەین بە چارەسەر کە ئەمانەن:-$
1- پێویستە کەسەکە گۆڕانکاری بکات لەژیانی ڕۆژانەی وەک ورزشکردن و دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و خواردنەوە کحولییەکان.
2- چارەسەر لە ڕێگای ڕێنمای تایبەت بە هۆشیاری سێکسی.
3- چارەسەر لە ڕێگای دەرمانی تایبەت.
4- بەکارهێنانی دەرزی تایبەت کە ڕاستەوخۆ دەدرێت لە چووک.
5- چارەسەر لە ڕێگای بەکارهێنانی پەمپی تایبەت بۆ ڕەپبوونی چووک و هێشتنەوەی لەو دۆخەدا.
6- دانانی حەلقەی لاستیکی یەکێکی ترە لە ڕێگاکانی چارەسەر.
7- نەشتەرگەری چاندنی ئامێری تایبەت لە چووکدا کە کۆنترۆڵکردنی ڕەپبوونی چووک لەژێردەستی کەسەکەدا دەبێت هەرکات ویستی. [1]