عنوان: ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی شەشم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
یەکێک لە کەسایەتییە مەسیحییەکانی کوردستان، کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردیدا ڕۆڵێکی گەورە و پرشنگداری هەبوو، کەسایەتیی #کەریمی ئەلەکە# بووە.
ئەم کەسایەتییە ناوی تەواوی عەبدولکەریم ئەلیاس پۆلس بووە، کە لە ساڵی 1867لە گوندی مەسیحینشینی #هەرمۆتە#ی کۆیە لەدایک بووە.
کەریم بازرگان بووە، بەهۆی زیرەکییەکەی لە بواری ئابووری و خەمخۆرییەکەی بۆ خەڵکی هەژار و نەدار، هەروەها ئەو ڕۆحە نیشتمانپەروەرییەی هەیبووە، دەبێتە وەزیری ئابووریی سەردەمی حکوومەتی شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی 1922.
لە کارە خێر و جوانەکانی ئەم گەورە پیاوە، دەتوانین ئاماژە بەو کارانەی بکەین، کە لە کاتی یەکەم جەنگی جیهانیدا، کە هەموو دنیا بە گشتی و کوردستان و #سلێمانی# بە تایبەتی تووشی برسییەتی و بێکارییەکی ترسناک بوون، کەریمی عەلەکە بڕێکی زۆری دانەوێڵەی کڕی و لە سایلۆکانی خۆی هەڵگرت و دواتر بە نیوەی نرخەکەی بەو کەسانە فرۆشت، کە توانای کڕینیان نەبوو، هەروەها بەسەر هەژار و نەدارەکانیش دابەشی کرد. لەو سەردەمە گرانی و نەبوونییەدا، ئاشێکی دامەزراند، کە بەخۆڕایی باراشی بۆ خەڵک لێ دەکرد، شەو و ڕۆژ لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەژار کاری دەکرد. هەر لە درێژەی کارەکانیدا، نانەواخانەیەکی دامەزراند، بۆ ئەوەی شەو و ڕۆژ خزمەتی خەڵکی پێ بکات.
کەریمی عەلەکە بەهۆی دادپەروەرییەکەی، لە سەردەمی عوسمانییەکان دەبێتە ئەندامی دادگای سزای سلێمانی بە پلەی قازی.
ڕۆحی نیشتمانپەروەریی ئەم کەسایەتییە تا ئاستێک بەرز بوو، کە کاتێک کونسڵی ڕووسیا داوای دیداری دەکات، کەریم ڕەتی دەکاتەوە و پێیان دەڵێ، کە کەسانی حکوومی هەن نوێنەرایەتیی خەڵک دەکەن، بۆیە باشترە لەگەڵ ئەوان دیداریان هەبێت، نەک لەگەڵ من.
کەریمی عەلەکە لە ساڵی 1948 لە شاری بەغدا کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ لە گۆڕستانی کاسۆلیکی بە خاک دەسپێردرێت.[1]