ناونیشانی بابەت: سەرئێشە
زنجیرەی سێیەم
ئامادەکردن: د. #دیلان عارف عەلی#
هەموو کەس ئەگەری تووشبوونی هەیە بە سەرئێشە، منداڵ، گەنج، گەورە، لە 96%ی خەڵک گەر بۆ یەکجاریش بێت لە ژیانیاندا تووشی سەرئێشە دەبن.
- لەکاتی سەرئێشەدا چەندین میکانیزمی تایبەت بەدەمارەکان چالاک ئەبن کە ڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر ماسوولکەکان و بۆریەکانی خوێن، دەمارەکان سیگناڵی ئازار ئەگوێزنەوە بۆ مێشک و لە ئەنجامدا سەرئێشە پەیدادەبێت.
- سەرئێشە ئەکرێت بۆماوەیی بێت واتە لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان بەتایبەت سەرئێشەی جۆری شەقیقە.
$کۆمەڵێک هۆکاری ژینگەیی هەن لە ناوماڵدا کە ئەبنە هۆی سەرئێشە وەک:-$
- خواردنەوەی بەردەوامی مادە کحولییەکان و کافاین و چوکلێت و پەنیر.
- هەڵمژینی مادەی کیمیایی پاکژکەرەوەکانی ناو ماڵ.
- بەرکەوتن بەو مادانەی کە هەستیاری درووست دەکەن.
- هەڵمژینی دوکەڵ بەتایبەت دوکەڵی جگەرە.
- ئەگەر خۆت یاخود منداڵەکەت لەگەڵ سەرئێشەکەدا تووشی ئەم حاڵەتانەبوون پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێ:-
1- ئازارێکی لەپڕ و بەهێزی سەر.
2- سەرئێشە لەگەڵ تای بەرز و ڕەقبوونی ماسوولکەکانی مل و هەناسە تەنگی.
3- سەرئێشە دوای بەرکەوتنی زەبرێک بەر سەر.
4- هەستکردن بە ماندوبوون و گێژبوون.
5- لەدەستدانی تەوازنی لەش.
6- ئیفلیجبوونی ماسوولکەکان.
7- قورسبوونی دەم لەکاتی قسەکردندا.
8- تەڵخبوونی چاو.
9- گەشکە. [1]