ناونیشانی بابەت: هەوکردنی دەماری داڵانی (دهلیزی) گوێ
ئامادەکردن: د. #دیلان عارف عەلی#
بریتییە لە حاڵەتێکی تایبەت بە گوێی ناوەوە کە تێیدا دەماری داڵانی گوێ تووشی هەوکردن دەبێت کە لقێکە لە دەماری هەشتی گوێ، بەهۆیەوە کەسەکە تووشی سەرگێژخواردن و لەدەستدانی باڵانسی لەشی دەبێت.
- لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا لە 100 هەزار کەس 4 کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، کە سێیەم هۆکاری تووشبوونە بە سەرگێژخواردن.
- ئەکرێت تووشی هەموو کەسێک ببێت لەهەر تەمەنێکدا بەڵام لە منداڵدا کەمتر باوە.
- دەرکەوتنی نیشانەکانی حاڵەتەکە ئەکرێت حەفتەیەک بخایەنێت و هەندێجاریش لە چەند حەفتەیەک تاکوو چەند مانگێک دەخایەنێت کە ئەمانەن:-
1- سەرگێژخواردنێکی بەهێز و لەناکاو.
2- لەدەستدانی باڵانسی لەش کە کەسەکە ناتوانێت بەئاسانی ڕێبکات.
3- دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە.
4- کەسەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی جوڵەی چاوی بکات.
5- هەندێک جار ئەم حاڵەتە ئەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بیستن.
- هۆکاری نەخۆشییەک بریتییە لە هەوکردن بەهۆی ڤایرۆسەوە جا لە گوێی ناوەوەبێت یاخود بەشێکیتری لەش بێت وەک ڤایرۆسی جگەر، یاخود ڤایرۆسی دڕکەومێکوتە.
- بۆ چارەسەری حاڵەتە پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی تایبەت دیاریدەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی نیشانەکان، وەهەروەها چارەسەر لەڕێگای ڕێنمای و وەرزشی تایبەت. [1]