ناونیشانی بابەت: پەیوەندی نێوان گەورەبوونی پڕۆستات و لاوازی سێکسی
ئامادەکردن: د. #دێراو سەعید عوسمان#
گەورەبوونی پڕۆستاتی ناشێرپەنجەیی بریتییە لە گەشەی خانەکانی پڕۆستات کەبەهۆیەوە پڕۆستات لە قەبارەی ئاسایی خۆی گەورەتر دەبێت، بەڵام ئەم گەورەبوونە پاکە واتە: نابێتە شێرپەنجە و بڵاونابێتەوە بۆ ئەندامەکانی تر.
- لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بەتایبەت سەروو تەمەن 50 ساڵی ئەگەری تووشبوونی حاڵەتەکە زیاتر دەبێت، هەندێک جار بێ نیشانەیەو هەندێک جاریش کۆمەڵێک نیشانەی بێزارکەری هەیە وەک:-
1- کەسەکە بەباشی میزی بۆ ناکرێت.
2- هاتنە دەرەوەی میز بەخاوی، هەندێک جار کەسەکە پێویستی بە فشارێکی زیاترە بۆ میزکردن.
3- زوو زوو تەنگاوبوون بۆ میزکردن و پچڕ پچڕی میز.
4- باش بەتاڵنەبوونەوەی میزەڵدان لە میز.
$ئایا گەورەبوونی پڕۆستات ئەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی لاوازی سێکسی؟$
لە ڕاستیدا خودی حاڵەتەکە ڕاستەوخۆ نابێتە هۆی نەخۆشییە جیاوازەکانی لاوازی سێکسی، بەڵکوو کاریگەرییە لاوەکیەکانی چارەسەری گەورەبوونی پڕۆستات ئەبنە هۆی لاوازی سێکسی بۆ نموونە:-
- هەندێک جۆری دەرمان هەیە کە لە چارەسەری گەورەبوونی پڕۆستاتدا بەکاری دەهێنین کە ماسوولکەی پڕۆستات خاو دەکاتەوە و وادەکات کەسەکە بە ئاسانی میزی بۆ بکرێت بەڵام لەهەمان کاتدا کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەپنەبوونی چووک.
- هەندێک دەرمانمان هەیە کە سوودی لێوەردەگرین و یارمەتیدەرە بۆ بچووکبوونەوەی قەبارەی پڕۆستات کە ناسراون بە دژە تێستۆستیرۆنەکان، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای ڕەپبوون و حەزی سێکسی.
- هەروەها ئەو چارەسەرانە کاریگەریان هەیە لەسەر درەنگ یاخوود ئاونەهاتنەوە لەکاتی ئەنجامدانی سێکسا.
- ڕێگایەکی تری چارەسەر بۆ گەورەبوونی پڕۆستات بریتییە لە نەشتەرگەری، کە هەندێک جار کاریگەریی دەکاتە سەر ڕەپبوونی چووک بەتایبەت ئەگەر زیان بەر خوێنبەرەکانی چووک بکەوێت.
- لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەسانەی کە گەورەبوونی پڕۆستاتیان هەیە لەهەمان کاتیشدا لاوازی سێکسیان دەبێت بەهۆی کەمبوونەوەی درووستبوونی مادەی نایتریک ئۆکساید لە دەمارەکانی پڕۆستات و خانەکانی چووکدا.
- هەندێک جۆری دەرمان هەیە کە بەکاری دەهێنین بۆ چارەسەری لاوازی سێکسی لەهەمان کاتدا ئەو دەرمانانە دەبنە چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەورەبوونی پڕۆستاتەکە. [1]