#جوتیار عادل# وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، جارێکی دیکە وەفدى هەرێم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەردانی #بەغدا# دەکات و ڕێککەوتنی سەرەتاییش لەبارەی یاسای بودجە کراوە.
وتەبێژى حکومەت ئەوەشى ڕوونکردەوە، یەکێک لە کۆبوونەوەکانی وەفدى هەرێم لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بووە، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی هەماهەنگیکردن و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان کراوە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەهەندێک دەروازە کرا، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە فەرمین، بەڵام لای حکومەتی ئێراق نافەرمین، بۆیە گفتوگۆکراوە چۆن ئەو دەروازانە بکرێنە فەڕمی و لەوبارەوە هەنگاوی باش نراوە و ڕێککەوتنی سەرەتایی کراوە.
بەوتەى جوتیار عادل، ڕێککەوتنی سەرەتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئێراق لەنێوان حکومەتی هەرێم و ئێراقیش کراوە و ئەرکەکانی هەردوولا دیاریکراون، بەڵام هەندێک وردەکاری ماون پێویستە گفتوگۆیان لەسەربکرێت، بۆ ئەوەی مافەکانی هەرێم پشتگوێنەخرێن. [1]