نوریا دیانۆڤا پسپۆڕی بواری خۆراکیی ڕووسی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی (Gazeta.Ru) ی ڕووسیی ڕایگەیاندووە کە ترێی ڕەش مادەی سوودبەخشی زیاتری تێدایە بە بەراورد بە ترێی ڕەنگ کاڵ، بەوپێیەی ترێی ڕەش بڕێکی زۆر لە دژە ئۆکسێنەکان و فلاڤۆنیدی لەخۆگرتووە کە جەستە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەدخۆراکیی دەپارێزێت.
دیانۆڤا هەروەک وتویەتی: خواردنی ترێ نابیتە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایەنە جۆراوجۆرەکان، بەڵکوو توانای پشتگیریکردنی دۆخی تەندرووستیی جەستەی هەیە، ترێی ڕەش ڕێژەیەکی بەرزی دژە ئۆکسانی تێدایە، کە یارمەتیی درێژکردنەوەی تەمەنی گەنجی لەش دەدات و پڕۆسەکانی هەوکردن خاو دەکاتەوە.
ئەو خانمە پسپۆڕە ڕووسییە دەشڵێت: لەبەر ئەوەی ترێ کە پۆلیفینۆڵی تێدایە، بۆیە ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن کەم دەکاتەوە و مەترسی کۆبوونەوەی پلاکی کۆلیسترۆڵ دادەبەزێت، لەبەرئەوە دەکرێت ترێ بە ڕێگەیەکی باش هەژمار بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.
ئاماژە بەوەشدەکات کە دەتوانرێت ترێ لەگەڵ تۆوەکانیدا بخورێت، بەو پێیەی ئەگەر بەباشیی بجورێت ئەوە جەستە دەتوانێت ماددەی خۆراکیی بەسوودتری دەستبکەوێت، بەڵام ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرە و چەوریی جگەریان هەیە پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە خواردنی ترێ.
ئەو دەڵێت گرفتەکە ئەوەیە ترێ ڕێژەیەکی بەرزی فرۆکتۆزی تێدایە، بۆیە باش نییە لە یەک کاتدا زیاتر لە 100 گرام بخورێت، باشترە ترێ وەک سووکە ژەمێک بخورێت، هەروەک دەتوانرێت لەگەڵ چەرەساتەکان یان پەنیردا بخورێت، لەبەرئەوەی لەوکاتەدا بەشێوەیەکی کاریگەر ڕێگریی دەکات لە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا. [1]