$کێ درۆزنە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لەم دونیایەدا هیچ شتێکی پوخت و خالصمان نییە Pure، ئەوانەی بەشوێن پوختییەوەن لە دونیایەکدا کە قوڕەکەی بە ناپوختەیی شێلدراوە جگە لە نائومێدی هیچی دیکە نادوورنەوە. تەنانەت ڕووناکی پوختیشمان نییە، ڕووناکی کە دێت بە تەنیا نایەت، دیوێکی زوڵمەت و تاریکیش لەگەڵ خۆی دێنێت، نوور یا ڕووناکی کە بەر شتێک دەکەوێت و ڕووناکی دەکاتەوە لە پشت شتەکەوە تاریکی و سێبەرێک درووستدەکات.
خودا نەک هەر بەم دۆخە ناڕەحەت نییە، بەڵکوو هەر خودی خۆشی بارووتی ئەم تۆپخانەی ناپوختەگی و ڕا جیاییە دابین دەکات بۆ ئەوەی تاوێک نەسرەوێ.
مێژوو نیشانی داوە هیچ شتێکی پوخت لەم جیهانەدا بوونی نەبووە، نییە و ناشبێت. هەروەک چۆن پزیشکی ناتوانێت پێناسەیەکی دەقیق بۆ مرۆڤێکی ساغ و پوخت بکات لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، بەهەمان شێوەش دۆزینەوەی دینداری و دیندارێکی پوخت نەکردە و مەحاڵە.
چیرۆکەکەی موسا و خدری زیندە لە سوورەتی کەهفدا دەقیق ئەم باسەمان بۆ دەگێڕێتەوە، تەئویل و ڕوونکردنەوەکانی خدری زیندە لە کارەکانی کێشەدارتر و دشوارتر و ئاڵۆزتر و موشکیلاویترن، لەڕاستیدا تەئویلەکان زیاتر پرسیار بۆ مرۆڤ درووستدەکەن نەوەک کارەکان. هەر ئەمەیە وا دەکات خودا پێمان بڵێت: الله يحکم بينکم يوم القيامة فيما کنتم فيه تختلفون. خودا خۆی لە ڕۆژی دوایی داوەری دەکات لەنێوانتاندا لەسەر ئەوەی لێرە ڕێکنەدەکەوتن لەسەری و پێتان دەڵێ لە ناو ئەو ناپوختەگییەدا تەڵە و داوی پوختی چی بوو؟ بۆچی ڕەشماری ناپوختەگی لەسەر ئەم گەنجەی پوختەگی کەپکەی کردبوو!
ئێرە شوێنی خیلاف و نیسبییەت و ئیعتباراتە، قورئان لە دەیان شوێندا جەخت لەمە دەکاتەوە، گەر کەسێک دەرکەوت ئیدیعای پوختەیی کرد بەوەی ئەوەی ئەم دەیڵێت پوختەی حەقیقەت و حەقیقەتی پوختی بوون و ژیان و دینە، ئەم سەر بە سەلەفی ساڵح و پوختەکانی مێژووە، ئەوە لە درۆزنێک زیاتر نییە، نەک هەر درۆزانە، خامی و ناپوختەیی و خیلافیشی وەک ئایەت و نیشانەیەکی خودا قەبوڵ نییە!
ئەمڕۆ ئێمە لە دونیایەکدا دەژیین شیمانەی درووستبوونی مرۆڤی پوخت، پۆچوونی دینی پوخت، ڕووناکی بێ تاریکی و پوخت، هێندەی مەحاڵ نەکردەیە. ئەوانەی ئیدیعای پێچەوانەی ئەمە دەکەن خۆیان لە لاوازترین ئەو حاڵانەیاندا دەگیرێن و کەشف دەبن کە بۆخەڵکیان قەبوڵ نییە، ناپوختەگییەکی سادە و گوناهکردنێک وەک بڤە و کەچبوونی کەعبە بە خەڵکی دەگەیەنن، بەڵام خۆیا لێی دەرناچن.
خۆشترە عوزری گونەهکاران لەسەد زیکری ڕیا
ئەم بەنەرمی عەفوە عەفوە ئەو بەتوندی عەف عەفه [1]