$ڕۆژی عیشق!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
لە سادەترین مانایدا عیشق ئاوێنەیە پێش هەموو کەس خۆمان نیشانی خۆمان دەداتەوە. ئەوانەی پێیان وایە عیشق شتێکە لەدەرەوە دێ وەک شەیتان، بەد و شومە، حەرام و بڤەیە، خودا ڕقی لێیەتی و بێزراوی سەلەفە، دەبێت بزانن بەم پرتەوبۆڵانە لەقوڵایی خۆیان بە هەڵەداوان ڕادەکەن. کە لە ئاوێنەکەیاندا وێنە دزێوەکەی خۆیان دەبیننەوە، لە جیاتی ئەوەی خۆیان و ئەو وێنەیە لە خۆیان بشکێنن پەلامار دەدەن و ئاوێنەکە دەشکێنن، پێیان وایە بەشکاندنی ئەم ئاوێنەیە ئیدی ئەو دزێوییەش دەشکێت. دواتر دیسان دێنەوە لە دووی ئاوێنەیەکی مەحاڵ دەگەڕێن تا ناشیرینییەکانیان نیشان نەداتەوە، بێخەبەر لەوەی ئاوێنە هەر ئاوێنەیە و گۆڕینی ئاوێنەکان چارەسەر نییە، دەبێت ئەمان خۆیان بگۆڕن.
ئەریک فرۆم باوەڕی وایە ئێمە لە دونیای نوێدا ناتوانین کەسێک یا شتێکمان خۆش بوێت تا خاڵێکی هاوبەشی نێوان خۆمان و ئەو کەسە یا ئەو شتە نەدۆزینەوە. بە واتایەکی دیکە من ناتوانم عاشقی شتێک یا کەسێک بم تا هەست نەکەم ئەو کەسە یا ئەو شتە لەخاڵێکدا پەیوەندی بە منەوە هەیە و وەک من وایە. ژین پیاژە سایکۆلۆجیستێکی سویسرییە، پێی وایە ئێمە پێش ئەوەی خۆشمان لە ئاوێنەدا ببینین هەر لە سەرەتای تەمەنمانەوە عاشقی خۆمانین بەبێ ئەوەی وێنەیەکمان لەخۆمان دیبێت. پێش حەوت سەدە مەولانا ئەم باسەی بۆ یەکەمجار وروژاند و پێی وابوو ئێمە قامیشێک بووین لە قامیشەڵان دایانبڕین، سنگیان کون کون کردین، بۆیە ئێستا بە بچوکترین فو دەستدەکەینەوە بە شیوەنکردن بۆ ڕۆژانی سەرەتای وەسڵ و پێکەوەیی قامیشەڵان، هەوڵدەدەین بگەینەوە بەو قامیشەڵانەی کە دونیایەک خاڵی هاوبەشمان هەبووە لەگەڵی:
بشنو این نی چون حکیات میکند/از جدایها شکایت میکند
خوداش فەرمووی ونفخت فیە من ڕوحی لەقوڵاییدا هەموو عیشقێک گەڕانەوەیە بۆ ئەو فووە خوداییەی یەکەمجار.
باشترین جۆری عیشق ئەو جۆرەی نییە کە لەخۆت بە جوانتر و گەورەتر و هەبووتر و داناتری دەزانیت، ئەو جۆرەشی نییە کەخوایەتیت بەسەرەوە دەکات، تەنانەت ئەو جۆرەش نییە دەبێتە ڕۆڵ مۆدێل بۆت بۆ ئەوەی چاوی لێبکەیت و پێیبگەیت، بەڵکوو ئەوەیانە کە مانا گەورەکانی خۆتی تێدا دەدۆزیتەوە، لەبری ئەوەی بتکاتە جۆرێکی باڵا و گەورە لە خۆی، دەتکاتە باڵاترین جۆر لەخۆت. ژینگەی لەبار دەڕەخسێنێت تا ئەو ناوکەی هەڵتگرتووە بتەقێت و ببێتە ئەو درەختەی کە لەهەناوی ئەو ناوکەدا هەڵگیراوە، نەوەک بێت و نەمامێکی گەرمەسێر لە کوێستانەکەی تۆدا بڕوێنێت. خۆتت وەک ئەوەی کە دەبێ ببی نیشان دەدات نەک وەک ئەوەی کە خۆی دەیەوێت هەبیت. بەقەولی دکتۆر ئیقبالی لاهووری: سەفەری خودێتیی مرۆڤە، گرنگترین سەفەریشە کە سەرەتاکەی بە عیشق دەستپێدەکات و کۆتاییەکەشی جوانیی.
کی یەکگارد دەیوت بەهۆی ئەوەی خۆمان بە خۆمانەوە گرێ دەداتەوە عیشق باوەڕ بە هەموومان دەکات بەڵام فریوی کەسیشمان ناخوات، ئەوانەی دەڵێن فریوی عیشقمان خوارد یان عیشقمان فریودا هەرلەسەرەتاوە عاشق نەبوون، چاویان لەوە نەبووە خۆیان لە باڵاترین وێنەی خۆیاندا ببیننەوە ئەوەندەی هەوڵیانداوە خۆیان لە باڵاترین فۆرمی ئەوی دیکەدا ببیننەوە. مرۆڤ ناتوانێت خۆی فریو بدات. هەر لەبەر ئەمەیە زۆرجار ئەوانەی لەجیاتی خودی باڵا، لەوی باڵا دەگەڕێن، کە دەزانن نابنە ئەو دواجار دەشکێن و گیرۆدەی وەهمی ڕەش دەبن. زۆرجار ئەم وەهمە بە فیراق تەرجەمە دەکەن کە بەتەواویی هەڵەن لەوەدا. فیراق لە جنسی خەمی سەوزە، گەشەت پێدەدا، بەڵام وەهمی بوون بە ئەویتر و دوورکەوتنەوە لە خودەکەی خۆت ڕەشە و پاسڤت دەکات، هەندێجار لە فۆرمی نەخۆشیی دەروونییشدا خۆی دەنوێنێت.
عاشقی ڕاستەقینە هەرگیز پەرت نابێت، بەقەولی نالی دەشێ ڕووت و قوت و موجەرەد بێت، بەڵام بۆ چرکەیەک بێ خۆی و بێ خود نابێت:
نالی خۆشە نەومیدی، دڵ بەستە مەبە ئیدی
گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی!
ئەگەر عیشق بریتیی بێت لە بەخشینی ڕۆژ و شەوەکانت بە شتێک، سیستمێک یاخود کەسێک ئەوا هەر یەکێک لە ئێمە بە جۆرێک عاشقی کەسێک، شتێک یا جۆرە سیستمێکی دیاریکراوین. گرنگە ئەو کەسە یا ئەو سیستمە کە عاشقی بوویت بەقەولی مەحوی لە پاداشتی ئاهی گەرمتدا قسەی ساردت نەداتەوە، کە بەرقت تێگرد بەردت تێنەگرێت. بە پێچەوانەوە گەر جۆکەریش بیت، لەبری ئەوەی قاقا بە خەڵک لێدەی بە شێوەیەک دەیانگرێنیت یەکەمین گریانی پاش لەدایکبوونیان وەبیر بهێنیتەوە.
هەر یەکێک لە ئێمە لەم دونیایەدا بە جۆرێک عاشقین، عیشقی باش و بەرگەگر ئەو عیشقەیە کە مەعشوقەکەی باشە، عیشقی خراپیش عیشقێکە کە مەشوقەکەی خراپە. لە ڕۆژێکدا هەریەکێک لە ئێمە بە جۆرێک ژیانی خۆمان بەدەستی خۆمان دەبەخشێنە شتێک، ئەو شتە چییە وا دەکا تەمەنی خۆمی وەک مۆم بۆ بتوێنمەوە؟ کارەساتەکە ئەوەیە ئێمە خۆمان خەرجی شتێک دەکەین زۆر جار نازانین ئەو شتە چییە.
لە فیلمی جۆکەردا کە ئارثەر فلیک ناڕەزایەتی خۆی بەرانبەر جیهان دەردەبڕێت دەڵێت: لەم جیهانەدا ئیدی کەس کەسی خۆشناوێت. ئەم دەربڕینەی ئارثەر مەترسییدارترین و واقیعیترین ڕستەی فیلمەکەیە کە دواتر شەرعیەت دەداتە ئەوەی شارەکەی بەیەکجار وێران بکات. دونیایەک کەتێیدا کەس کەسی خۆشنەوێت دەبێت وێران بێت. گەر سەدەی ڕابردوو لە ڕێگەی ڕۆمانەکانییەوە تۆڵستۆی پێی گوتبین: عیشق لەکوێبێت خوداش لەوێیە، ئەوا ئارثەر فلیک بە فیلمێک پێی وتین کە عیشق نەما ئیدی شەیتان حاکمی موتڵەقی سەڵتەنەت و عەرشەکەیە، وێرانەیی حەتمی چاوەڕێی مرڤایەتی دەکات.
یەکەمین تەجرەبەی عاشقبوون زۆر جیاوازە لە بە عاشقی مانەوە، دوو کەس کە یەکتر ناناسن بەڵام بڕیار دەدەن دیوارە کۆنکرێتییەکانی نێوانیان تێکبشکێنن و نزیکبوونەوەیان دەگاتە تێکەڵابوونی هۆرمۆنی. وردەوردە جیاوازییەکانیان، خەشم و توڕەبوونەکانیان، ماندبوونی کار و پیشەکانیان ئەو دڵگەرمییەی یەکەم بینین تێکدەشکێنێت. ئەوان ئەو شەیدابوون و ئاشیفتەبوونەی یەکەمجار بۆ یەکتر بە سەنگی مەحەکی پەیوەندییەکە دەبینن، لە کاتێکدا ئەم شێتبوونە بۆ یەکتر لەوانەیە هەیەجانێکی کاتیی یا ڕاکردن بووبێت لەو تەنیایی و پەراوێزخستنەی کە تێیکەوتبوون یەکەمجار. کۆتایی ئەم پەیوەندییە هەیەجانییە بە تێکشکان و دابڕان دەگاتە ئەنجام. هۆکاری سەرەکی ئەم وردوو خاش بوونە بە قەولی ئەریک فرۆم بە ئاسان زانینی عیشقە لەکاتێکدا عیشق هونەرە وەک ژیان دەبێ چۆن دارتاشی و پزیشکی و مۆسیقا فێری دەبیت بەهمان شێوە فێری هونەری عیشق ببیت. لەوەدا بەهەڵەداچووین کە پێیمان وابێ بە ئاسانی دەشێت عیشق ببەخشین و عیشقییش وەرگرینەوە، عیشق هونەرە دەبێ خۆمان و منداڵەکانمانی بۆ ئامادە بکەین. [1]