ناونیشانی بابرت: کەشتیی نووح؛ خانەی کەلەپووریی کوردی لە ڕواندز
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هاووڵاتییەکی شارۆچکەی #ڕواندز# لە سنووری ئیدارەی #سۆران#، خانەیەکی کەلەپووریی کوردی لە شێوەی کەشتیی نووح درووست کردووە، ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و هاووڵاتییان ڕۆژانە ڕووی تێ دەکەن.
ماوەی چەند ساڵێکە هاووڵاتییەک بە ناوی حەیدەر قادر، خانەی کەلەپووریی کوردی، هاوشێوەی کەشتیی نووح، لەسەر ڕێگای سەرەکیی (ڕواندز- هاوینەهەواری بێخاڵ) درووست کردووە، لەدەرەوەی دیمەنێکی جوان و ناوازەی بە شوێنەکە بەخشیوە و لەناو خانەکەشدا چەندین جۆرە کەرەستەی کەلەپووری و کاری دەستیی بەدی دەکرێن، ئەوەش بووەتە جێگەی خواست و سەرنجی ئەو گەشتیارانەی، کە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، کە سەرێک لەو خانە کەلەپوورییە بدەن، بۆ وێنەگرتن و کڕینی شتەکانی ناو خانەکە، هاوکات هەلی کاریشی بۆ چەندین کەس ڕەخساندووە.
ئارام نەجات، یەکێکە لەو گەنجانەی، کە ڕۆژانە لە (کەشتیی نووح) خانەی کەلەپووریی کوردی لە ڕواندز کار دەکات، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، زیاتر لە هەشت ساڵ دەبێت ئەم خانەی کەلەپووریە لەسەر ڕێگای سەرەکیی بێخاڵ- ڕواندز درووست کراوە، لەمساڵیشدا بایەخی زیاتری پێ دراوە، ئەگەر لەدەرەوە سەیری بکەیت، هاوشێوەیەی کەشتییەکی گەورەیە و لەناوەوەشدا جۆرەها کەلوپەل و کەرستەی فۆلکلۆری و کولتووریی تێدا داندراوە، زۆربەی هەرە زۆریشیان دەستکردن، ئەوەش وایکردووە ڕۆژانە گەشتیاران و هاووڵاتییان سەردانمان بکەن، بەتایبەتیش لە وەرزی زستان ئەو خانەیە زیاتر قەرەباڵغی دەبێت و گەشتیارانی ناوخۆیی و شارەکانی ئێراق ڕووی تێدەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی خواستی زیاتری گەشتیاران بۆ خاغنەی کەلەپووریی کەشتیی نووح، ئێستا کراوەتە دوو نهۆم، جکەلەوەش، بەهۆی ئەم خانەیە هەلی کار بۆ چەندین کەس ڕەخساوە، هەندێکمان لەناو خانەکە کار دەکەین، ئەوانی دیکەیش سەرقاڵی درووستکردنی جۆرەها کەلوپەلی فۆلکلۆری و کەلەپووری کوردەواریین، لەم ڕێگەیەشەوە توانیویانە داهاتێک بۆ ئەو خەڵکە دەستەبەر بووە.[1]